پێویستە ئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان جێبەجێ بكرێت

10:00 - 2025-02-19
هێرۆ کەمال بەرزنجی
93 خوێندراوەتەوە


سەرژمێریی ئەگەر بۆ مەبەستی سیاسیی بەكارنەهێنرێت، ئەوا لەچەندین لاوە بۆ ئەمڕۆی عیراق و هەرێمی كوردستان گرنگ و پێویستە، چونكە لەو رێگایەوە راستی و دروستیی ژمارەی دانیشتوان دەردەكەوێت



هەر وڵاتێك بیەوێت ئیشوكارەكانی بە بەرنامە و پلان جێبەجێ بكات، پێویستە چەندساڵ جارێك سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجامبدات، بۆئەوەی سەرجەم ئامار و داتاكانی لەبەردەست بێت، ساڵانە لەگەڵ پەسەندكردنی بودجە كاریان لەسەر بكات.
هەرچەندە لەماوەی رابردوودا چەندین سەرژمێری لە عیراقدا ئەنجامدراوە و تا ساڵی 1987هەر 10ساڵ جارێک، لەكاتی خۆیدا بەڕێوەچووە، بەڵام لەبەرئەوەی لەماوەی 35 ساڵی پێشوودا، هیچ پڕۆسەیەكی سەرتاسەری نەكرابوو، بۆیە ئەنجامی سەرژمێری ئەمجارە كە لەكۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، چارەنووسساز و  پێویستییەكی حەتمی بوو.
بەگشتی سەرژمێریی ئەگەر بۆ مەبەستی سیاسیی بەكارنەهێنرێت، ئەوا لەچەندین لاوە بۆ ئەمڕۆی عیراق و هەرێمی كوردستان گرنگ و پێویستە، چونكە لەو رێگایەوە راستی و دروستی ژمارەی دانیشتوان دەردەكەوێت، هەروەها رێژەی هەژاریی و بێكاریی و ژمارەی گەڕەك و تەواوی زانیارییەكانی تر بەردەستی حكومەت دەكەوێت، بۆئەوەی لەداهاتوودا كار بۆ باشكردنیان بكرێت.
بەئەنجامدانی سەرژمێری ئەمجارە حكومەتی هەرێم هیچ پاساوێكی نامێنێت بۆئەوەی نەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، چونكە پێشتر خەڵك هەر داوایەكی هەبوایە، بەتایبەتی لەدامەزراندن و رێژەی مووچەخۆر، دەیانگوت داتاو ئامارمان نییە و ئێمەش هەرێمێكین سەر بە عیراقین و ناتوانین بەتەنیا سەر ژمێری بكەین.
بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم بیەوێت بەرامبەر خەڵك راستگۆ بێت، ئەوا لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێری، دەتوانێت سەرجەم داهاتەكان لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵك و بەگوێرەی پێویستی خەرج بكات و بوارەكانی پەروەردە و تەندروستیی بەرەوپێش ببات، هاوكات پلان بۆ گرفتی بێكاریی و دەرچوانی زانكۆ و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و نەهێشتنی مەترسییەكانی لافاو و گرفتی ئاو و كارەبا دابنرێت، بۆئەوەی ساڵانە لە چوارچێوەی یاسای بودجە جێبەجێ بكرێت. 
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر پشت بەئەنجامی سەرژمێری نەبەسترێت، جارێكی تر حكومەتێكی بێ پلانمان دەبێت و پڕۆژەكان شوێنی خۆیان ناگرن، سێكتەرەكان بەرەوپێش ناچن، بۆ هەموو ئەوانەش پێویستە كەسی شیاو لە شوێنی شیاودا بێت، بەرژەوەندیی باڵای میللەتەكەمان بخرێتە پێش هەموو بەرژەوەندییەكی حزبی و تاكەكەسی.

وتارەکانی نوسەر