رەسەنایەتیی هەولێر و قسەیەكی جیاواز

10:00 - 2025-02-26
مەریوان مەسعود
100 خوێندراوەتەوە


بەو پێیەی شاری هەولێر خاوەن شارستانییەتێكی دێرین و رەسەنە، بۆیە هەمیشە چ گەشتیار، یان ئەگەر خەڵكی شارەكەش بیت بەڵام ماوەیەك لێی دووربیت، كاتێك سەردانی دەكەیتەوە، یەكسەر ئەو هەستەت لا دروست دەبێت، كە هەولێر كوتەلەیەكە لە رەسەنایەتی، ئەمەش وایكردووە خەڵكی هەولێر بە دڵە گەورەكەیان بناسرێنەوە و هەمیشە خانەخوێیەكی میواندۆست و ئەهلی رێز و پێزانین بن.
لەم چەند رۆژەی دوایی مامۆستا مومتاز حەیدەری میوانمان بوو لە سلێمانی، یەكێك لەو تێبینیانەی كە هەیبوو، داوایكرد كە كوردستانی نوێ‌ بەتایبەت ئەم دووتوێ‌ ئازیزەی (كوردستانی نوێی هەولێر) بایەخ بە كەلتور و رەسەنایەتی هەولێر بدات و گەورەیی هەولێر بۆ نەوەی ئێستا روونبكاتەوە. منیش بە وەكالەتی ستافی دووتوێیەكە بە وردیی گوێم لە سەرنجەكانی گرت و بەڵێنی ئەوەم پێدا كە بۆ لەمەودوا زیاتر بایەخ بە لایەنی كەلتوریی و مێژوویی و رەسەنایەتی هەولێر بدەین، چونكە بۆ ئێمەی رۆژنامەنووس و نووسەر كەرەستەی خاو لە شارێكی خاوەن شارستانییەتێكی گەورەی وەكو هەولێر ئێجگار زۆرە. جگە لەمەش پێویستە قەڵەم بەدەست و خامەڕەنگینەكانی هەولێریش زیاتر خەمی شارەكەیان بێت و بێنە مەیدانەكە و چییان پێدەكرێت و پێدەنووسرێت بۆ هەولێر بیكەن و بینووسن، چونكە ئەم تێبینییەی شێخی رۆژنامەنووسانی هەولێر مامۆستا مومتاز بە تەواویی منی راگرت، ئاخر ئەو نەك تەنها رەخنەی لەئێمە هەبوو وەكو كوردستانی نوێ‌، بەڵكو رەخنەی زۆر زیاتری لەو بڵاوكراوانەی دیكەش هەبوو كە لەهەولێر دەردەچن و تەنانەت ئەو پێی وابوو كوردستانی نوێ‌ زۆر باشترە لەرووی بایەخدان بە هەولێر بە بەراورد بەوانەی دیكە. 
لەگەڵ ئەمەشدا من پێموایە ناوەندێكی پڕ جمووجۆڵی وەكو (ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری)، لەسەر رێگا راستەكەیە لەڕووی بایەخدان بە كەلتور و رەسەنایەتی هەولێر، بۆیە پێویستە پارتێكی گەورەی وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش زیاتر پشت و پەنایان بێت، چونكە ئەم ناوەندە بە ستافێكی كەم بەڵام ماندوونەناس، توانیویانە ببنە خاوەنی بڕاندێكی ساڵۆن كە نەریتێكی لە هەولێر زیندووكردەوە كە دەمێك ساڵە بوونی نەمابوو، ئەویش نەریتی هەفتەكۆڕە، ئەمەش هەنگاوێكی ئێجگار پیرۆزە بۆ پاراستنی ئەو رەسەنایەتییەی كەسایەتییەكی وەكو مامۆستا مومتاز حەیدەری مەبەستییەتی، جگە لەمەش خاوەنی یەكێك لە دیارترین و ناسراوترین گۆڤاری كەلتورییە كە ئێستا بەبەردەوامی لە شاری هەولێر بە شێوەی مانگانە دەردەچێت بەناوی (دیوان)، كە لە رێگەی ستافە ئەكتیڤەكەیەوە توانیویەتی چەندین نووسەری باشی هەولێر لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە و چەندین دۆسێی نایابیش بۆ كەسایەتییەكانی هەولێر بكاتەوە. دوا هەنگاوی ئەم ناوەندەش دەرچوواندنی ئەم دووتوێیەی كوردستانی نوێ‌ی هەولێر-ە، كە هەفتانە بە چوار لاپەڕە لەگەڵ رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، دڵی هەولێرییەكانی پێ ئاو دەدات، هەرچەندە لەسەرەتای رێگاكەدایە بەڵام ژمارە دوای ژمارە باشتر دەبێت.

وتارەکانی نوسەر