20 ساڵ لەمەوبەر، ئەستێرەیەكی ئێجگار گەشی ئاسمانی پەروەردە و نووسین و لێكۆڵینەوە و رۆژنامەنووسی، كشا، 20 ساڵ لەمەوبەر گەشترین سیمبولی خۆڕاگری و زیندان بۆ هەتاهەتایە جێیهێشتین.
مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت، لە بواری پەروەردە و خوێندن و خوێندەواری خزمەتێکی زۆری كرد، چەندین نەوەی خوێندەواری لە كوردستان پێگەیاندووە و یەكێك بوو لە مامۆستا دڵسۆز و شارەزا و بە ئەمەكەكان، كە وانەی مێژوو-ی بە خوێندكاران دەوتەوە و هەمیشەش وا خوێندكارەكانی رادەهێنا، كە كورد خاوەن مێژوویەكی پڕ لە سەروەریی و تێكۆشان و مەزنە، كە دەبێت هەمووان شانازیی پێوەبكەین.
دەگێڕنەوە، لە هەموو ئەو وانانەی مامۆستا مەحمود مەلا عیزەت بە خوێندكارانی قۆناغە جیاجیاكانی وتۆتەوە، هەمیشە وانەكانی بەشێكی تەرخانكرابوو بۆ كوردایەتی و مەسەلەی كورد و چەوسانەوەی نەتەوەی كورد، بۆیە ئەگەر لە مێژووی یۆنان و رۆمانی بدوایە، ئەوە هەر رەبتی دەكردەوە بە كورد و مەسەلە رەواكەی، كە بێگومان ئەمەش یاریكردن بوو بە ئاگر لەسەردەمی رژێمی داپڵۆسێنەری بەعس، بەڵام مامۆستا مەحمود هەرگیز سڵی لەوە نەدەكردەوە.
مامۆستا مەحمود، كە لە ساڵی 1962 بەو لاوە كاتێك زانكۆ تەواو دەكات و دەبێتە مامۆستای مێژوو و نزیكەی بیست ساڵ لەم بوارە خزمەت دەكات، بەڵام دواتر لە نێوان ساڵی 1980 بۆ 1981 كاتێك لەسەر كاری سیاسی و پەیوەندی بە شۆڕشی كورد و ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەستگیر دەكرێت، لە زیندانیش بە شایەدی ئەو تێكۆشەرانەی لەگەڵی زیندانی بوون، لەوێش دەبێتە مامۆستای زیندانییە سیاسییەكان، بەڵام ئەمجارەیان دەبێتە مامۆستای خۆڕاگریی و ورە و بوێریی بۆ زیندانییەكان، بۆیە هەمیشە ئەو تێكۆشەرانەی لەگەڵی زیندان بوون و لەسەر كوردایەتی دەستگیركرابوون، باس لەو خۆڕاگریی و بوێرییەی دەكەن كە مامۆستا هەیبووە، تەنانەت ئەم تێكۆشەرەی رێگەی كوردایەتی، لە زیندان تووشی نەخۆشییەكی سەختی هەناوی دەبێت، بەڵام هەر ورە و بوێرییەكەی رزگاری دەكات و جەللادەكانی بەعسیش هەرگیز ناتوانن یەك وشەش ئیعترافی لێوەربگرن، بۆیە بەشانازییەوە هەموو ئەو بوێریی و تێكۆشانەی لە زیندان هەیبووە، مەحمودی مەلا عیزەت لە سەرەتای ساڵی دوو هەزارەكان دەیكات بە كتێبێك بەناوی (كاروانی بێ كۆتایی)، كە تێیدا چیرۆكی زیندان و تێكۆشانی هاوڕێكانی بە وردیی و راستگۆیانە دەگێڕێتەوە، بە شێوەیەك لە رۆمانێكی باڵابەرز دەچێت.
مامۆستا مەحمود، بەیەكێك لە مێژوونووس و توێژەرە گەورەكانی كورد دادەنرێت كە خاوەنی چەندین كتێب و سەرچاوە و بەرهەمە لەبواری مێژووی كورد بە تایبەت لەبارەی كۆماری مەهاباد و خەباتی تێكۆشەرانی سەردەمی پێشەوا قازی محەمەد.
جگە لەمەش مامۆستا مەحمود لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەكان لەسەر داوای رەوانشاد مام جەلال لە سویدەوە گەڕایەوە كوردستان و بوو بە سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ و یەكێكی دیكە لە شانازییەكانی تۆماركرد، كە بوو بە سەرنووسەری یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردیی دوای راپەڕینی 1991، لەوێش بۆ ئێمەی رۆژنامەنووسانی گەنجی ئەو سەردەمە، كە خۆمان بە شاگردی ئەم كەڵە پیاوە دەزانی، ئەزموونێكی ئێجگار دەوڵەمەند و زۆرمان لێوەرگرت، كە بۆ هەتاهەتایە جێگەی شانازییە بۆمان.
بەداخەوە، مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت، 20 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 4/5/2005 بۆ هەتاهەتایە ماڵئاوایی لە هەڤاڵ و دۆستانی كرد.