زۆربەمان نازانین ئەگەر وریای تەندروستیی خۆمان نەبین با لاویش بین مردن لە رەگی بناگوێ لێمان نزیکترە. یەکێک لە هۆکانی مردن یا شکست لە ژیاندا بە گشتی، نکۆڵیکردنە لە بینینی راستیی ئەو دۆخەی کە تێیکەوتوویت، کێشەکە قورستر دەبێت ئەگەر نزیکترین کەسەکانت نەوێرن ئاوێنەیەکی پاکو بێگەرد بدەنە دەستی کەسەکە و پێی بڵێن، فەرموو باری خراپی تەندروستیت یان باری خراپی ژیانت بە گشتی (بۆ نموونە باری دارایی یان دۆخی ژیانی خێزانی و ژن و مێردی ....هتد) لەم ئاوێنە راستگۆیەدا ببینە و لێگەڕێ و یاریدەدەربە بە شێوەیەکی زانستیی مۆدێرن چارەسەری بکرێت، زۆرجاریش ئاوێنەکە دەدرێتە دەستی کەسەکە، بەڵام چەندجارێک دەیشکێنێ و ئیتر دڵسۆزانیشی ناچار دەبن وازی لێبێنن بەرەو چارەنووسیی تاریکی خۆی تلاوتل بکات.
نکۆڵییکردن شێوازێکی بەرگرییکردنی دەروونییە (د.سیگمۆند فرۆید) پێش نزیکەی سەد ساڵێک هێنایە دنیای دەروونناسیەوە
(د)تەمەنی شەست ساڵێک دەبوو کاتێک پزیشکە زیرەکەکەی پێی وت، لوولەخوێنەکانی دیواری دڵت، کە خۆراک و ئۆکسجین لە خوێندا دەگەیەنن بە ماسولکەی دڵ، زۆر تەنگبوونەتەوە و فەرموو ئەمە رێنماییەکان و ئەمەش دەرمانەکان. روون و ئاشکرایە دڵ سپڵ نییە بتوانیت بێ ئەو بژیت، دڵ ئەو ئەندامەیە کە شەربەتی ژیان واتە خوێن دەنێرێت بە لوولەکانی خوێندا بۆ خۆی و بۆ هەموو ئەندامانی جەستەش، کە دڵ لە کارکردن کەوت، ژیانیش ماڵاوایی لە جەستە دەکات.(د)وەرزشەوانبوو، بـــــــەژنوباڵایەکی هەبوو وەک ئەو پەیکەرە یۆنانییەی ئەحمەد هەردیی شاعیر وەسفی فاتمەی پێدەکات،(د) لە ناخی دەروونی خۆیدا پێی قوت ناچێت، دڵی نەخۆشبێت و ئیتر ئەو وەرزشە سەختەی جاران دەیکرد، کەمی بکاتەوە بۆ ئاستێکی ناوەند لە پاسکیل لێخوڕین و پێڕەویی و وەرزشی نەرم بە پێی توانای دڵە نەخۆشەکەی.
(د)رێک بــــە پێچەوانەوەی ئامۆژگاریی دکتۆرەکەی لە جارانی پێش دەسنیشانکردنی نەخۆشیی دڵەکەی، زیاتر دەکەوێتە وەرزشی توندتر و شەکەتکەر و وادەزانێت بەمجۆرە وەرزشە باری دڵە نەخۆشەکەی سووکتر دەکات و چاکی دەکاتەوە. پاش ماوەیەک تەندروستیی تەواو تێکدەچێت و کە دەچێتە لای پزیشکێکی تری پسپۆڕی دڵ، پێیدەڵێت دەبێت لە بەشی چاودێریی وردی دڵ بخەویت، تێڕوانینە وردەکان دەریدەخەن کە لەگەڵ ئەوەی چانسی سەرکەوتن کز و لاوازە، هەر دەبێت هەرچی زووترە عەمەلیاتی دڵ بکەیت، دوای عەمەلیاتەکە بە چەند مانگێک ئەو چرای ژیانەی دەشیا دەیان ساڵی تر رووناکی ببەخشێتەوە بە دەوروبەر وردە وردە کوژایەوە.
(ک)کەسێکی ئاساییە، خوێندن تەواو دەکات و دادەمەزرێت و بە دڵی ژیانی خێزان پێکدەهێنێت و دەبێتە باوکی چوار منداڵی ژیکـــەڵەی تــــەندروست کــــــە گرتنەباوەش و رامووسانێکیان، هەموو خۆشیی دنیا دەهێنێت. وردە وردە و بە چەند ساڵێک دەکەوێتە چڵپاوی مەیخۆریەوە، هەرزوو ژن و برا و دڵسۆزانی دەوروپشتی هەوڵی دنیای لەگەڵ دەدەن، بچێتە لای پزیشكیی دەروونی بۆ چارەسەری کێشەی مەیخۆرییەکەی، بەڵام ئەمیش نکۆڵیی دەکات لەوەی کێشەی مەیخۆریی هەبێت. خۆی جارجار هەست بە هەڵە و گوناه دەکات کە زۆر دەخواتەوە و بەخۆی دەڵێت باشترە کەمیبکەمەوە، بەڵام کە کەسێکی دڵسۆزی هەمان پێشنیازی بۆ دەکات ئەم تووڕە دەبێت، ئیتر وایلێدێت هەموو رۆژێک بێ مەیخواردنەوە ناتوانێت بژی، چونکە هەموو جەستە و دەروونی بە مەی راهاتووە و دەبێت تێریان بکات. کاتێک هۆشی دێتەوە و دان دەنێت بە تاڵی و کوشندەیی مەیخواردنەوە بەو جۆرەی ئەو، ئیتر درەنگە و پەشیمانی دادی نادات، پاش ماوەیەکی کورت ژنێکی گەنج، بێوەژن دەکات و چوار منداڵی نازداریش لە بێنازیدا بەجێدەهێڵێت.
نـــکۆڵیـــکردن (Denying)شــــێوازێکــــی بــــەرگریکردنی دەروونییە(د.سیگمۆندفرۆید) پێش نزیکەی سەد ساڵێک هێنایە دنیای دەروونناسیەوە، شێوازێکی بەرگریکردنی دەروونییە بەرامبەر سەختی و ناخۆشییە جۆراوجۆرەکانی ژیانی رۆژانە، کە ئەگەر مرۆڤ بەرامبەر هەر کێشە و قەیرانێکی قورس بۆ ماوەیەکی کەم پەنای بۆ برد، بە لەبیرخۆبردنەوە و نەبینینێکی کاتی بۆئەوەی نەشڵەژێ و هێوربێ و خۆی ئامادەبکات بۆ چارەسەرکردنێکی عەقڵانیی کێشە هەنووکەییەکانی، نکۆڵیکردنێکی ئاوا چەند سەعاتیی یان چەند رۆژی سوودی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر کردت بە شێوازێکی نەگۆڕ و بەردەوام بۆ راکردن و خۆدزینەوە لە بەرامبەر کۆسپ و کێشەکانی ژیانی رۆژانەت، ئەوە ئیتر دەبێتە بەڵایەکی گەورەی ژیانت، بەڵێ نکۆڵیکردن دەشێت بکوژ و وێرانکەر بێت!
نکۆڵیکردن دەشێت بکوژ و وێرانکەر بێت!