مرۆڤ وەک خۆی

وڕاوەیەکی ئاینیی کوشندە!

09:51 - 2025-03-27
د. هەژار عوسمان مەعروف
80 خوێندراوەتەوە

رووداوی  کوشتنی باوک و دایک و دوو خوشک و برایەک لە گوندی گرێزەی شارەزوور، لەلایەن گەنجێکەوە کە دوای هەموویان خۆشی کوشتوە، ئەم رووداوە دوای دوو رۆژ لە گەڕانەوەی بووە لە بەریتانیا، ویژدانی گشتیی هەمووانی لە ناخەوە هەژاند و شێواند. ئامۆزایەکی باوکی بکوژ و نوێژکەرێکی ناسیاوی لە بەریتانیاوە وتیان، بکوژەکە باری دەروونی گۆڕا بوو. وادیارە پاڵنەری یەکلاکەرەوە بۆ ئەم کارەساتە، دۆخێکی دەروونی قورس بووە کە وەک پشکۆی ئاگر وردە وردە لە چەند مانگ یان یەک دوو ساڵی پێشترەوە، وردە وردە گەشاوەتەوە و شەوی کارەساتەکە پریشک یا پزیسکی ئاگری قسەگەلێکی زبر و ناحەق و بریندارکەر، لەلایەن ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی خێزانەکەوە، بۆتەهۆی کڵپەسەندن و گەشانەوەی پشکۆکان بۆ ئەو ئاگرە بێ بەزەییەی خۆی و خێزانەکەی تیاسوتاند.

 

وڕاوە لە کوردییدا لە وشەی وڕەوە هاتووە واتا کەسێک کە ئاگا و هۆشی تەواو نەبێت و شێواو بێت و رووداو و شتومەک و کەسەکان وەک خۆی هەستیان پێنەکات و بیریان لێنەکاتەوە و دەوروبەر هەست بە نامۆبوون و سەرسوڕمان بکەن بەرامبەر کەسەکە


سێ نیشانەی زۆر گرنک و قورسی چەند نەخۆشییەکی دەروونی ئەمانەن: 
1/ وڕاوەی بیر واتا(وهم) delusion
 نەخۆش چەند باوەڕێکی نالۆجیکیی نەگۆڕ و تەواوی بە شتگەلێک هەیە کە راست نییە و دەوروبەر بە ناڕاست و بە هەڵەی دەزانن، بۆ نموونە نەخۆش دەڵێ هەرچی دەستگای جاسوسیی دنیا هەیە چاودێرییم دەکەن.  
2/ وڕاوەی هەست واتا هەلوەسە(hallucination)
یەکێک یان زۆرتر لە پێنج هەستەکەی مرۆڤ، هەست بە شتگەلێک دەکات کە لەو شوێن و کاتەدا بوونی نییە و کەسی تر هەستی پێ ناکات، نەخۆش دەنگێکی غەیبی پێی ئەڵێ، فڵانەکەس شەیتانە یان کافرە بیکوژە، یا شت و کەس دەبینێ، کە لەوێدا نین.
3/هەست تێکچون واتا(illusion)
نەخۆش هەستێکی ناڕاست و هەڵە بە شتە هەبووەکان دەکات،  مۆبایلەکەی لێ دەبێت بەو دەستگا ترسناکەی بیروباوەڕەکانی دەخوێنێتەوە و لە دنیادا بڵاوی دەکاتەوە.
وڕاوە لە کوردییدا لە وشەی وڕەوە هاتووە واتا کەسێک کە ئاگا و هۆشی تەواو نەبێت و شێواو بێت و رووداو و شتومەک و کەسەکان وەک خۆی هەستیان پێنەکات و بیریان لێنەکاتەوە و دەوروبەر هەست بە نامۆبوون و سەرسوڕمان بکەن بەرامبەر کەسەکە.
ئەمڕۆ لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەپۆلێکی توندی ئاینداریی سەلەفیی خوێن حەڵاڵکەر و ژنحەڵاڵکەری خاوەن بیروڕا جیاوازەکان، هەموو بوارەکانی ژیانی رۆژانەی داگیرکردووە. زۆرینەی بانگخواز و مامۆستا ئایینیەکان بەردەوام و بێ ماندوبوون، مەمکەمژە ئاسا لە تەمەنی منداڵییەوە خەریکی پڕپڕکردنی مێشکی خەڵکن بەبیروباوەڕە ئایینیەکان بە جۆرێکی پەڕگیر و توندڕەوانەی وا کە ئایین دەکرێت بەو ئۆکسجینەی ژیان بێ ئەو نابێت و بێواتایە، منداڵی پۆلی یەکی سەرەتاییان بۆ هێناوم لە ترسی مارومێروی ناو قەبر و ئاگری بێئامانی دۆزەخ، خەو و خۆراکی نەماوە، مامۆستاکەی لە پۆلدا ئەم بابەتانەی بۆ باسکردوون.
لە کەشێکی ئایینیی ئاوادا وڕاوەی بیر و هەست و هەستتێکچون لە نەخۆشەکانی کوردستان و تورکیا و عەرەبستان و ئێرانیدا زۆرتر ناوەڕۆکێکی ئایینیانەیان هەیە، بۆ نموونە گەنجێکی قانگدراو بە باوەڕی پەڕگیری ئیسلامی، دایک و باوکە نوێژکەرەکەی خۆی بە کافر دەزانێ و لە بازاڕ نان دەخوات، چونکە چێشتی دەستی دایکی بە حەرام دەزانێ، رۆژێک لە بارودۆخێکی وەک رووداوەکەی گرێزە قسەیەک لەم و قسەیەک لە باوکە توڕەکەی کە نازانێ وڕاوەی دینی چییە، دوورە کوڕەکە دایک و باوکی بداتە بەر چەقۆ؟ کە داعش لە گەشەسەندندا بوو دایک و باوک و برا و خوشکی گەنجێکی داعشیی کورد بە تەلەفون لێی دەپاڕێنەوە واز لە داعش بێنێ، لە وەڵامدا بەتوڕەییەوە دەقیڕێنێ بەسەریاندا(قەسەم بە ئەڵا، بەسەرکەوتویی بگەڕێمەوە لە پێشدا ئێوە سەردەبڕم) ئەمە وڕاوەی بیری دینی نەبێ چییە؟ 
باوەڕ بەتایبەتی باوەڕی ئایینی، هەر ئاینێک بێت، ئەگەر مێشکی گەنجێکی بێ ئەزموونی پێ پڕپڕ کرا بە جۆرێک کە هەموو مێشکی داگیرکرد، ئیتر باوەڕەکە نزیک دەبێتەوە یان هەر دەبێتە وڕاوەی بیر، واتا دەبێتە نەخۆشیی دەروونیی قورس و کوشندە و بکوژ! بەمە دەڵێن شتن و شۆردنی مێشک (غسل الدماغ)، بۆ  نموونە گەنجێکی کرێکار لە شارێکی کوردستان کە لانکەی ئیخوان موسلمینە، بانگخوازی بێویژدان(چونکە منداڵەکانی خۆی دەنێرێ بۆ زانکۆ نەک بۆ جیهادی کافرەکان!) مێشکی بە بابەتی جیهاد و کوشتن دەشۆنەوە و دەینێرن بۆ سوریا، لای دایک و باوکی دەڵێ، دەچم بۆ عەمرە، دوای چەند هەفتەیەک بە تەلەفون پێیان دەڵێ: ئەوەی ئێستا دەیکەم بە هێندەی سەد عەمرە و حەج خێری هەیە، دوای چەند رۆژێک لە ئەدلیب دەکوژرێ. باوەڕە سەلەفییەکەی نزیک دەبێتەوە لە وڕاوەی بیری ئایینی، واتە دەبێتە نەخۆشی دەروونیی قورس، بە بەکوشتدەرەکانی دەڵێم، جوامێر و بەڕەوشت بن و بەویژدان بن، خانەنشینیەکی لای سەرۆک ئەحمەد شەرعی هاوبیر و هاوڕێتانی بۆ ببڕنەوە!.
مرۆڤ لە هەڵچوون و توڕەبوون و رق هەستاندا کاری لەپڕ و نابەجێ و بیرلێنەکراوە دەکات، ئەنەڕێنێ، دەرگا توند پێوە دەدا، سەری خۆی دەدا لە دیوار، پاڵ بە یەکێکەوە دەنێ یان مشتەکۆڵەیەکی پێدا دەدا، هەربۆیە پێشینان وتویانە(دۆ و دۆشاوی تێکەڵ کرد)، بەڵام نەیانووتوە (خوێن و فرمێسکی تێکەڵکرد) وەک لە رووداوەکەی گرێزە دا، تۆ بڵێی کارەساتەکەی گرێزە رووداوی وڕاوەیەکی ئایینی بێت؟

 نەخۆش چەند باوەڕێکی نالۆجیکیی نەگۆڕ و تەواوی بە شتگەلێک هەیە کە راست نییە

وتارەکانی نوسەر