مرۆڤ وەک خۆی

لە هەست و سۆزی ئاساییەوە بۆ کوشتن!

10:34 - 2025-04-10
د. هەژار عوسمان مەعروف
76 خوێندراوەتەوە

رووداوەکانی توندوتیژی و دەستوەشاندن تا کوشتن لە چەند ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستانی ناخۆشکردووە، کەم رۆژ هەیە دڵمان بە رووداێک خورپەی لێنەدرێت، تەنانەت رووداوە زۆرەکانی هاتوچۆش هۆی قوڵ و پشتەوەیان هەر توڕەیی و توندوتیژییە، دەنا کە تۆ دەزانی رێگاکان و هێماکانی هاتوچۆ پڕن لە کەموکوڕی ئیتر بۆ پێ توند دەکەی لە بەنزین و دەکەویتە هۆڕن لێدان و وەک ماری ژەهراوی پێچاوپێچ دەکەیت و بە پەلەپەل پێشی ئۆتۆمبیلەکان دەدەیتەوە؟

 

دەبێت هەمیشە دوابڕیاردەر بۆ چارەسەری کێشە قورس و گەورەکانمان هەر ئاوەز و ژیری و لۆژیک بێت، نەک هەژان و هەڵچوونی هەست و سۆزەکانمان

شەوی 13.3.2025پزیشکێکی ناسراو لە هەولێر بە دەمانچە چوار کەسی کوشت: ژنەکەی و ژنخوشکەکەی کە پزیشک بوون، هەروەها خەسو و خەزوری. بکوژ دارا و دەوڵەمەند بوو، پێشینەی تاوانکردنی نەبوو، کوژراوان خەڵکی بەڕێز و بێ کێشەبوون. هۆی رووداوەکە کۆمەڵایەتی بووە، گوایە بکوژ ویستویەتی ژنی دووەم بێنێ و هاوژینەکەی قبوڵی نەکردووە و ماڵی بەجێهێشتووە. پێشینەی نەخۆشیی دەروونیی لە بکوژدا نەزانراوە، دیارە دوای وتووێژێکی کورت و توندوتیژ کە بەدڵی ئەو نەڕۆشتوە، بە چەکە ئاگرینەکەی لە چەند خولەکێکدا چوار کەسەکەی کوشتووە. دیارە پێشتر بیری لە کوشتنیان کردۆتەوە وەک ئەگەرێک دەنا بۆ چەک لەگەڵ خۆی دەبات؟ لە رووداوی ئاوادا پۆلیس و ئاسایش دەبێت هەرچی زووترە و درەنگترین لە ماوەی 24 سەعاتدا تاوانکار ببنە بەردەم پزیشک و دەروونناس بۆ تێڕوانینی دەروونی و پزیشکیی گشتیی کە ئەوەش دەگرێتەوە بزانن، ئایا لە کاتی تاوانەکەدا، بکوژ لە ژێرکارلێکی مادەی هۆشبەردا(مەی و ئەوانی تر) نەبووە، دەترسم ئەمانە هیچیان نەکرابێت!.
توڕەبوون، رق و کینە و حەزی تۆڵەسەندن، هەڕەشە و ترسی زۆر لە سەر ژیانت و شکۆ و هەستی نێرگزیت، هەستی غەدرلێکراوی و سووکایەتی پێکردن و خیانەت لێکردن، دڵتەنگیی توند و درێژخایەن، شەکەتیی دەروونی، دابڕان یان نەبوونی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی دڵسۆز و پشتیوان و کارا و رۆشنبیر، کێشەی خێزانیی درێژخایەن و بێچارەسەر، زۆربوون و کەڵەکەبوون و چارەسەرنەکردنی هەموو ئەم بیروهەست و سۆزە ئاسایی و نەباشانە، دەشێت لەرووی چۆنایەتییەوە لە ئاساییبوونەوە بگۆڕێت بۆ هەست و سۆزی نەخۆش و ترسناک و ببنە هۆی ئەوەی مرۆڤێکی ئاسایی و لاشەڕ و تەنانەت سەرکەوتوو لە ژیانی مادی و کار و نان پەیداکردندا کە پێشتر نەخۆشیی دەروونیی نەبووە، لە شوێن و کاتێکی نالەباری پڕ لە گرژی و نائارامی و توندووتیژدا، کەسێک یان چەند کەسێک یان خۆی بکوژێ، ئاوا زۆر ناسک و تەنک و دەڵێنەرە(permeable) دیواری نێوان دەرووندروستی و دەرووننەخۆشی!.
بێگومان ئەم راڤەکردنە بۆئەوە نییە لە بکوژ تێبگەین و بەهانەی بۆ بهێنینەوە بەتایبەتی کە ئەو هەرزەکارێکی بێکەس و بێپشتیوان نەبووە، بەڵکو خۆی پزیشکێکی بە تەمەن و بە ئەزموون بووە و زانیاریی دەروونیی هەبووە و نەدەبوو هەرگیز تاوانی لێبوەشێتەوە.
بۆ خۆپاراستن لە رووداوی ئاوا، پێویستە هەوساری ئەسپی هەست و سۆز و هەڵچونەکانمان، توند بە دەستەوە بگرین و نەهێڵین شلبێتەوە و لە دەستمان دەربچێت، دەبێت هەمیشە دوابڕیاردەر بۆ چارەسەری کێشە قورس و گەورەکانمان هەر ئاوەز و ژیری و لۆژیک بێت، نەک هەژان و هەڵچوونی هەست و سۆزەکانمان. ئەگەر خۆمان نەمانتوانی ئەمە بکەین با بێ ترس و شەرم، بۆ راوێژ و پرس و ڕا، پەنا بۆ کەسە نزیکەکانمان بەرین بەتایبەتی ئەوانەی هاوسەنگ و ئارام و دڵسۆز و رۆشنبیرن، ئەگەر کەسی وامان نەبوو با بێترس لەوەی پێمان بڵێن شێتە بچین بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی دەروونی و دڵ و دەروونمانی لا بکەینەوە بۆ راوێژ و ئەزموون و زانیاریی بەسوود، بەڵام دوابڕیار هەردەبێت خۆت بیدەیت کە دەبێت لە سەر بناغەی خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و دادپەروەری بێت نەک خۆپەرستی و خۆشیدایی نێرگسیانە.
پێویستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەموو شار و ناوەند و گەڕەکەکان(سەنتەری راوێژکاریی دەروون- کۆمەڵایەتی)ی پیشەیی و کارا بکاتەوە کە پزیشکی دەروونی و راوێژکاری کۆمەڵایەتی و چارەسازی دەروونی بیبەن بەڕێوە. 
لە مێژە پێویستە و ئیتر زۆر درەنگە کە تۆڕێکی پەیوەندیی تەلەفۆنی 24 سەعاتی بۆ هەموو هەرێمی کوردستان بە شار و گوندەکانەوە لە ژێر ناوی(هێڵی گەرمی قەیران) دامەزرێ و ژمارەکەی لە هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن و پێگەکانی سۆشیال میدیا بەردەوام بڵاوبکرێتەوە کە ئیتر هەمووکەسێک ژمارەکەی بزانێ و لە کاتی تەنگانە و قەیرانی کۆمەڵایەتی و دەروونیدا، پەیوەندیی پێوەبکەن بۆ راوێژی پیشەییانە و هەنگاوی کرداری بۆ یارمەتیدانی دەمودەستی کەسەکە، بۆ نموونە چوون بۆلای کەسەکە یان بردنی بۆ نەخۆشخانە.

وتارەکانی نوسەر