فلاش فیکشن

11:35 - 2022-06-14
محەمەد كەریم
581 خوێندراوەتەوە

لافیتە

67 

 لە تەمەنی سی و حەوت ساڵییەوە عاشقی شتێكی سەیر بووە. بەجۆرێك ئالوودەی بووە، ئەگەر لێی دوور بخەنەوە مەگەر خوا خۆی بزانێت چی دەقەومێت. ئیتر وایە هەر كەسێك عاشقی شتێك دەبێت. هی وایە عاشقی پارە دەبێت و دەستدەكات بە سامان كۆكردنەوە، ئیتر بیری دەچێتەوە بژی، رۆژێك لە رۆژان بە خەمی سامانەوە سەردەنێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ چێژێكی لەو سامانە دیبێت، سامانەكەی دەبێتە كەوڵەڕێوی و خەڵكی مفتەخۆر چێژی لێدەبینن. هی واش هەیە دەبێتە دەروێشی دین، ئیتر وەكو بامێی وشككراوە رەق و وشك دەبێتەوە و عەشقەكەی وەكو خۆرە دەیخوات، دیارە عەشقەكەی لە بابەتی ئەو مەلایانە نییە كە هەموو خەیاڵیكیان لای گونیانە. هەشە عاشقی ژنێكی سۆزانی دەبێت، ئەویش وەكو مانگا دایدەدۆشێت، تا تەڕایی لێدەبڕێت.

ئەمما ئەم پاڵەوانەی لەمەڕ خۆمان عاشقی هیچ شتێك لەوانە نییە. كوڕە پاڵەوانی چی؟ شێرەبەفرینەش نییە، هەمیشە رێك و راست دەڕوات دەڵێی تێڵای قووت داوە، ئەگەر سوێند بخۆم بە بۆینباخەكەیەوە دەخەوێت، سوێندەكەم ناكەوێت، هەمیشە وشك و جدی دەڵێی خەمی ئەم دنیایەی كراوەتە كۆڵ. نە ژنی هەیە و نە مناڵ خۆشی نازانێت بۆچی دەژی، ئەمما عاشقێكی عەیار بیست و چوارە. بە رێكەوت سی و حەوت ساڵیشە كاربەدەستە، كوڕە كاربەدەستی چی؟ پاشایەكە بۆ خۆی، سی و حەوت ساڵی خشتە فەرمان دەكات و ئیش و كاری وەكو ئاو هێدی هێدی دەڕوات. ئاخر سەڵتەنەت لەوە خۆشتر دەبێت چی بێت؟ لە ماوەی ئەم هەموو ساڵەدا یەك دەسك كەوەری لە گیرفانی خۆی نەكڕیوە، هەموو شتێك پسووڵەیە. تەنانەت جارێك لە ئەوروپا بۆ چوونە سەرئاوێك بە سكرتێرەكەی وتووە یەك یۆرۆ بكات بە پسووڵە، ئەویش لە گیرفانی خۆی یۆرۆكەی داوە. دیتە كەمخۆری دایمخۆرە كەس ناتوانێت پێی بڵێت گەندەڵیت، ئەمما هەمیشە ماری مارخۆر هەیە، كەسێك لەبن ریشیدایە فلس فلس قاچ و قووچەكانی دەگەیەنێت.
ئاخری رۆژێك نامەیەكی چەند وشەیەیی دەبێتە ئیزرائیل بۆی: «دەچیتە ماڵەوە یان بتخەینە سەر تەلەفزیۆن؟» سبەی لافیتەكەی هەڵدەواسن.

وتارەکانی نوسەر