حکومەت بۆ ئەوەیە ئیدارەی وڵات بکات و ئاسانکاری بکات بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، بە نرخی هەرزان، نەک بە نرخی خەیاڵی
کارەبا لە جیهاندا بۆتە پێویستییەکی دابینکراو بۆ زۆر گۆشەی جیهان، لە وڵاتە پێشکەتووەکاندا دەکرێت هیچ دێیەکی دوورەدەستیش بێ کارەبا نەمابێتەوە، ئەمەش ئەگەر دیوێکی دابینکردنی خزمەتگوزاریی بێت بۆ کۆمەڵگەکان، دیوێکی گرنگتری بواری بازرگانییە، چونکە ئەم وزەیە دەفرۆشرێت و لە زۆرێک لە وڵاتان نرخی گرانیشە، تازە لە ئەوروپا بەهۆکاری ئەوەی لە رێگەی تەوژمی باوە دروست دەکرێت و ژینگە پیس ناکات، نرخەکانی گرانترە.
جاران بۆ دروستکردنی ئەم وزەیە لەڕێگەی سووتاندنی گازەوە بووە کە بووەتە هۆکاری پیسکردنی ژینگە، بەدوایدا لەرێگەی تەوژمی ئاوەوە و دواتریش بۆ با و ماددە ئەتۆمییەکان، کە ئێستا شەڕی لەسەر دەکرێت.
کارەبا باشترین داهاتی هەیە بۆ هەر سەرمایەدارێک، کۆمپانیایەک، کە بیەوێت بەرهەمهێنانی تیادا بکات، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە لەم وڵاتەی ئێمە کەس بیر لەوە ناکاتەوە، ئاخر کاتێک بە دەیان مۆڵتی ملیاردێر هەبێت لەم هەرێمە بچووکەدا، ئیتر چ رێگرییەک هەیە لەوەی لەبری ئەو موەلیدانەی کە بە گەڕەکەکانی شاردا بڵاوبوونەتەوە و ژینگە پیس دەکەن، بە چەند ناوەندێک لە شار و شارۆچکەکاندا تۆڕی کارەبای هەمیشەیی دابین بکرێت و نرخێکی گونجاوی لەسەر دابنرێت کە کەمتر بێت لە نرخی ئەوەی ئێستا لە رێگەی موەلیدەکانەوە دابین دەکرێت.
بە دەیان هەزار مامۆستا لەهەرێم هەن، بەڵام ناتوانین بڵێین مامۆستایان چینێکی کۆمەڵگەن، بەڵکو توێژێکن لەوانی تر، بەڵام بەوەی خاوەن موەلیدەکان کۆنتڕۆڵی گرنگترین بەشی پێویستیی کۆمەڵگە دەکەن و دەتوانن بە بڕیاری خۆیان رایبگرن یان بیدەن و نەیدەن، ئەوا دەکرێت بڵێین چینی خاوەن موەلیدەکان وەک چینی کرێکاران.
ئێستا ئەگەر حکومەت بیەوێت دەتوانێت هەر لەرێگەی کۆمپانیا تایبەتەکانەوە کارەبای هەمیشەیی دابینبکات و خۆشی بچێتە ژێر باری نرخی تێچووی بەرهەمهێنان، تا هاووڵاتییان بە زۆر گران لەسەریان نەکەوێت، هاوشێوەی ئێرانی دراوسێ کە ئەگەرچی کارەبای هەمیشەییان هەبووە، بەڵام نرخەکەی بۆ هاووڵاتییان کەمتر بووە لەوەی حکومەت خەرجی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی، واتا ئێمەش نامانەوێت حکومەت کەرتی کارەبا بداتە کۆمپانیاکان کە کارەبای هەمیشەیی بدەن بە نرخی گران و ببێتە بارێکی قورس بۆ سەر هاووڵاتییان.
ئەرکی حکومەتە ئەم خزمەتگوازرییانە بخاتە گەڕ و تەماشای کەمترین داهاتی تاکی ئەم وڵاتە بکات و بیکاتە پێوەر بۆ دابینکردنی نرخی بەرهەمە گشتییەکانی وەک کارەبا و ئاو و دەرمان و خۆراکە سەرەکییەکان.
حکومەت بۆ ئەوەیە ئیدارەی وڵات بکات و ئاسانکاری بکات بۆ دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، بەو نرخانەی کە هاووڵاتیان دەتوانن بچنە ژێر باری، نەک بە نرخی خەیاڵی و دوور لە تواناکانی زۆرێک لە خێزانەکانی کۆمەڵگە، چونکە ئەمە فاسد بوونی کۆمەڵگە و لێکترازانی رەوشت و نەریتە جوانەکانی لێ دەکەوێتەوە.