چەند رۆژێکە، لیژنە دەستوورییەکەی سوریا کە بە فەرمانی ئەحمەد شەرع پێکهێنرا، رێوشوێنەکانی نووسینەوەی رەشنووسی دەستووریان تەواوکردووە، بەپێی ئەو دەقە دەستنووسەی دزەی کردووە، تا ئێستا وادەبینرێت لەبەرئەوەی گوایە! دەستوورە نوێیەکە بۆ ماوەی دوو ساڵە، بڕیاردراوە 48 ماددە بێت، بەڵام دووریش نییە ناکۆکییەکانی ئەم دوایەی سوریا هەستکردنی عەلەوییەکان بێت بە مەترسییەکانی شەرع بەسەر ئایندەی سوریاوە.
رەشنووسی دەستوورەکە، لە رووخسار و ناوەڕۆکدا، ئەوەندە داخراوە، لەوەناچێت بۆ حکومڕانییەکی نوێ نووسرابێت کە سیستمێکی تری لە سوریادا لەناوبردووە لەگەڵ سوپا، هێزی ئەمنی، ئەنجومەنی گەل، دەستووری ساڵی 2012ی سوریا، رێکخراو و ناوەندە جۆربەجۆرەکانی ئەو دەسەڵاتەی پێشووی هەڵوەشاندووەتەوە و کاردەکات بۆئەوەی سیستم و حکومڕانییەکی نوێ لە جێگەیان دروست بکات.
دیباجەی دەستوورە نوێیەکە پێماندەڵێت سەرۆکی ئێستای سوریا (ئەحمەد شەرع)، دەبێتە کەسی یەکەم، کەسی یەکەم بە مانا دەستووری، دیموکراسی و ئازادییخوازییەکەی نا، بەڵکو بە فۆرمە پاوانخوازیی، سەنتەرخوازیی و نادەستوورییەکەی، بەپێی هەموو ئەو سیگناڵ و خوێندنەوانەی کراوە بۆ ئەو خاڵانەی دەستوورەکە کە دزەی کردووە، ئەم دەستوورە بۆ چەسپاندنی هێز و بوونی ئەحمەد شەرعە لە دوو ساڵی داهاتوودا و پاڵپشتیی ناوچەیی و هەرێمی هەیە، ئەگەر لەو ماوەیەشدا ئەم دەستوورە ئامانجەکانی شەرع و پشتیوانەکانی بەدەستهێنا، ئەوا دەکرێتە دەستووری هەمیشەیی و گەلپرسی بۆ دەکرێت.
ئەحمەد شەرع و برۆکسی و بریکارە هەرێمییەکانیش لە سوریا، لەو خاڵەدا رێک و هاوڕان کە دەستوورە نوێیەکە رێگە دەگرێت لە دامەزراندن و دروستکردنی (حزبی نەتەوەیی)، ئەمەش واتە لێدان لە هەر هێزێکی کوردی، سریانی، دروز و عەلەوی کە لە سوریادا هەن و بەهیچ لۆژیکێک لەگەڵ دیموکراسی یەکناگرێتەوە، ئەم خاڵە بەتەواوی کۆمەککردنە بەو دیدەی قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزه کوردییەکان دەکات، مەترسیدارتر لەوەش کە جەنگی ناوخۆیی سوریا بەرپا دەکات، ئەوەیە دەستوورەکە لە دەرئەنجامی لووتکەی (دیالۆگی نیشتمانیی سوریا) بەرهەمهێنراوە کە هەر لەسەرەتاوە دژی کورد و پێکهاتەکانی تر بووە و هیچ نوێنەرێکی کورد بانگهێشت نەکرا.
ئەم دەستوورە، بەو هەموو سەنتراڵیزمییەوە کە ئەحمەد شەرع وەک هەڵگریی پاشخانێکی نادیموکراسی قبووڵی دەکات، تەوقیتکردنی بۆمبێکە لە خاکی سوریادا و هیچ پێکهاتە و هێزێکی سیاسی، زەمانەتی ئەوەی نییە پێیدا نەتەقێتەوە، بەمەش دەستوور نەک سوریایەکی دیموکرات و رەنگاڵە و جوانتر بەرهەمناهێنێت، بەڵکو ئەو سوریایە بەرهەمدەهێنێت کە چەند رۆژێکە دەیبینین، پڕ بووە لە پێکدادان و خوێنڕشتن، لێرەشەوە سوریا دەبێتە یەکێکی تر لەو وڵاتانەی کە شۆڕش نەک پێشکەوتن و دیموکراسی پێنابەخشێ، بەڵکو تووشی داهێزران و پاشەکشێ و داخرانی ناوخۆیی دەبێتەوە.