11ی ئازار، ئەو رۆژەی شانازییت دەكرد هەولێری بیت

09:45 - 2025-03-11
مەریوان مەسعود
89 خوێندراوەتەوە

ئەوێ‌ رۆژێ‌ و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، 34 ساڵ لەمەوبەر لە 11ی ئازاری 1991 دا، پێشمەرگە و جەماوەری خۆڕاگری هەولێر، بە پاڵپشتی و سەركردایەتیكردنی بەرەی كوردستانی بەتایبەت بە قیادەی راستەوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، توانییان شاری هەولێر لەدەست جەللادەكانی بەعس رزگار بكەن و هەموو شارەكە و دەوروبەری بكەوێتە دەست پێشمەرگە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
لەو رۆژەدا، جەماوەری شاری هەولێر هەر لە بەیانییەوە لە گەڕەكەكانی شۆڕش، مەلایان و برایەتی بەرەو بارەگاكانی رژێمی بەعس لەو شارەچوون كە دڕندەترین دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس لە كوردستان لەو شارە بوو، وەكو مەنزومەی شیمالی، كە سەرپەرشتی هەموو دەزگا ئەمنی و سەركوتكەرەكانی بەعسی دەكرد لەشارەكانی كوردستان و ماڵی چەندین گەورە بەرپرسی بەعسییەكان، ئەوە جگە لە دائیرەی ئەمن، بە كۆشكەكانی خودی سەدام حسێن-ی دیكتاتۆریشەوە، ئەوەبوو لە سەعات 9 ی بەیانییەوە جەماوەر لە هەموو گەڕەكەكانی شار رژانە سەرشەقام و كۆڵانەكان و چوونە سەر بارەگا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەكان، لەوانە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنكەكانی پۆلیس. تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە كۆنترۆڵكران، تەنها پیاوەكانی رژێم لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمن و مەنزومەی شیمال كەمێك بەرگرییان كرد، بۆیە كوژراوێكی زۆریان لێكەوتەوە، بێگومان هەولێرییەكان شایەدی بۆ ئەوە دەدەن، كە قارەمانی راپەڕینە مەزنەكەی هەولێر رۆڵەی شارەكەی خۆیان(كۆسرەت رەسوڵ عەلی) بوو، كە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەم قۆڵەی دەكرد و توانی لە ماوەیەكی كەم و قیاسییدا شاری هەولێر رزگار بكات و  بە بروسكە ناسراوەكە دەستیپێكرد كە لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە (لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن) ئەو رۆژە یەكێتی توانی هەولێر بۆ هەولێرییەكان بگێڕێتەوە و رێك ئەو رۆژە لەهەمووکاتێک زیاتر «شانازییت دەكرد هەولێری بیت».
لە هەمان رۆژدا راپەڕین لە سەرجەم كۆمەڵگە و ناوچەكانی دەوروبەری شاری هەولێریش دەستی پێكردبوو، لە دێگەڵەوە تا كەسنەزان هەمووی ئازادكرا، هەروەها ئۆردوگاكانی قوشتەپە، شاوێس، پیرزین، مەلائۆمەر، جدیدە و تۆبزاواش راپەڕین و دوای چەند سەعاتێك شەڕ، ئازادكران، دواتر جەماوەری كۆمەڵگەی زۆرەملێی خەبات هەڵیان كوتایە سەر بازگەی ئاسكی كەلەك و هەر زوو كۆنتڕۆڵیان كرد و دوای ئەوانیش كۆمەڵگەكانی كەورگۆسك و بەحركە و بەرحوشتر ئازادبوون، ئێوارەی هەمان رۆژ فەیلەقی 5 ی سەربازگەی هەولێر كۆنترۆڵكرا، كە گەورەترین سەربازگەی بەعسییەكان بوو لە كوردستان.
جێی خۆیەتی، یەكێتییەكان هەولێر، شانازییەكی ئێجگار گەورە بەو رۆژە مێژووییەوە بكەن، كە تێیدا شارەكە بۆوە بە كوردستانی و خەڵكی هەوای ئازادیی و سەربەستییان هەڵمژی. ئەگەرچی لە ئێستادا، هەولێرییەكان گلەییان زۆر لە خزمەتگوزاریی و دەسەڵاتی شارەكە و حكومەتی هەرێم هەبێت، بەڵام ئەو مێژووەی ئەوان لە راپەڕین بە سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بەتایبەت یەكێتیی تۆماریان كرد، بۆ هەتاهەتایە مایەی شانازیی و سەروەرییە بۆ خەڵكەكە، كە دایكی شەهیدان بە هەل هەلە و چەپڵەڕێزان، بارەگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعسیان لە شارەكە وەدەرنا.

وتارەکانی نوسەر