شەن و کەو

ئایندەی پڕۆسەی سیاسی عیراق بەکوێ دەگات؟

09:37 - 2022-06-15
مستەفا محەمەد
541 خوێندراوەتەوە

دوایین بڕیاری قەوارەی سەدریی بۆ پێشکەشکردنی گوڕێزنامەی ئەندامێتیان لەپەرلەمانی عیراق و داخستنی زۆرینەی نوسینگەکانیان، پێشهاتێکی تازەیە و زۆرکەس بە هەنگاوێکی داهێنەرانە و دلێرانەی گەورەی ناوزەد دەکەن کە هیچ قەوارەیەک تاکو ئێستا لەپێناو بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ بیرییشی لێ نەکردۆتەوە! لەبەرامبەریشدا هەندێکی تر بە گەڕانەوەی پڕۆسەی سیاسی عیراقی دەبینن بۆ خاڵی سەرەتا و پێیانوایە دەسپێکی کرانەوەی دەرگایە لەسەر چەندین سیناریۆ و ئاشوبی تازە کە بۆ ئاییندەی عیراق ئومێد بەخش نین، نزیکترینیشیان هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنێکی ترە، تا لەڕێگەیەوە ئاواتەکانی سەدر بە کۆکردنەوەی دەنگ و کورسی زیاتر بێتە دی و لەئاییندەدا دەرەقەتی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە بێ!
ئەم هەڵوێستەی تەیاری سەدری بۆیە دەکرێ بڵێین پێشهاتێکی تازەیە، چونکە ئەگەر بۆ هەڵوێستەکانی پێشووی ئەو کوتلەیە بگەڕێینەوە، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە لە زۆرینەی خولەکانی پێشوی هەڵبژاردندا کشانەوەیان لەحکومەت رویداوە، بەڵام هەرگیز رووی نەداوە قوببەی پەرلەمان جێ بهێڵن، بەڵکو ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ جۆشدان و سواربوونی شەپۆلی دەنگی شەقامی ناڕازیی و هەمیشەش مانەوەی خۆیان لەناو پەرلەماندا  وەک کوتلەیەکی بەهێزی پەرلەمانیی پاراستووە.
جارێ بەپێی هێچ دەقێکی ئاماژە بۆکراوی دەستوریی، بۆ سەرۆکی پەرلەمان نییە کشانەوەی ئەندامێتی ئەندامانی پەرلەمان قبوڵ بکا، تاوەکو لە دانیشتنێکی ئاشکرادا نەیخاتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان، پاشانیش بە زۆرینەی رەها گورێزنامەکەیان قبوڵ بکا یا رەتی بکاتەوە.
لەحاڵەتێکدا ئەگەر ئەمانە هەمووی بە رێچکەی یاسایی خۆیدا هاتن و پەرلەمان بە زۆرینەی ئەندامەکانی رەزامەندیی لەسەر کشانەوەکە دا، ئەوسا بەپێی دوایین یاسای هەڵبژاردن دەبێ کۆمسیۆن ناوی ئەو کەسانەی بۆ ئەندامێتی پەرلەمان کە لەڕووی ژمارەی دەنگەوە سەرنەکەوتوون بەڕیزبەند بڵاوبکاتەوە، تا جێگەی ئەوانەی پێ پڕ بکاتەوە کە کشاونەتەوە، دواتر پێش سوێندخوارنیان لە ناو پەرلەمان دەبێ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری راستاندنیان بۆ دەربکات و بەڕەسمی ببنە جێگرەوەی ئەندامانی دەستلەکارکێشاوە.
سیناریۆیەک کە نزیکە لەوەی چێ ببێ، ئەوەیە کە ئەگەر پێکهاتەی کوردیی «یەکێتی و پارتی» دەرفەتە زێڕینەکە بقۆزنەوە و لەنێو خۆیاندا دوای ئەم هەنگاوەی سەدر بگەنە رێکەوتن، پێدەچێ بۆ لەمەودوا دەرگای بەخت بەڕووی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بکەوێتە سەر گازەرا و لەیەکەم دانیشتندا دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کابینەی نوێ بەسەرۆکایەتی دڵخوازێکی ئەو قەوارەیە لەئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەستنیشان بکرێ، بەمەش کابینەی نوێ لەدایک دەبێ.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیناریۆکان هەرچییەک بن دوایین سەرنج کە پێموایە پێویستە بوترێ ئەوەیە؛ سەدر بەم هەنگاوەشی جارێکی تر هاوبەشە سیاسییەکانی خۆی جێهێشت و لەپڕۆسەی سیاسی و هەڵوێستی مکوڕیان بۆ ئیدیعای پێکهێنانی کابینەی زۆرینه کە تا دوا دەرفەت شەڕیان لەتەکیدا بۆکرد بەتەواوی ئیحراج کرد. ئێستا سەدر هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمیاندا نەهێشتۆتەوە، یا ئەوانیش بەدوای هەنگاوەکانی سەدر گورێزنامە دەبێ درێژە پێبدەن، یا هێڵێک بۆ گەڕانەوە بکێشن و بچنەوە ناو گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی تەوافوقی کە مافی سەرجەم پێکهاتە و قەوارەکانی تێدا پارێزراو بێت.

وتارەکانی نوسەر