هەروا، ئاسان نییە..

09:53 - 2025-03-12
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
83 خوێندراوەتەوە

بەبێ میانگیریی ئەمریكاو هاندانی ئەوروپاو رەزامەندیی توركیا، قورس بوو سوریای شەرع بەو تایپە دراماتیكییە بچێتە ژێر باری رێككەوتننامە لەگەڵ عەبدی. ئەو بۆچوونە راست نییە كە دیمەشق لەژێر فشاری دۆخی ئەمنیی ناهەمواری وڵاتدا ئەم كارەی كردبێت، ئەو لەكۆتاییدا تەنیا بەپشتبەستن بێت بە توركیا دەتوانێت گرژییەكان جڵەو بكات.
راستی ئەوەیە كە رێككەوتنەكە لەپشتی پەردەوە زەمینەی بۆ خۆشكراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو CIAیش رۆڵیان تیا بینیوە، رێككەوتنەكە، هەروەك دوێنێ تەلەفزیۆنی سوریا، لەزاری سەرچاوەیەكی هەسەدەوە ئاشكرایكردووە، بەرهەمی دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی لیژنەکانی هەردوولایە كە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامدراون.
لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومان جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە ئاسان نییە. راستە بڕیار وایە ئەمڕۆ وەفدێكی دیمەشق بە هەماهەنگی لەگەڵ رۆژئاوا بچێتە حەسەكە بۆ وەرگرتنەوەی بارەگای دامودەزگاكانی دەوڵەت و كێڵگە نەوتییەكان، بەڵام ئەوە تەنها دەسپێكە، رەنگە زیاتر بۆ نیشاندانی نیازپاكییش بێت، دەنا ماوەی ئاساییكردنەوە، بەپێی رێككەوتنەكە، بە 8 مانگ كۆتایی نایەت. خەمڵاندنی هەسەدە خۆی وایە كە هێشتا دەیان دۆسێی هەڵواسراو هەن كە پێویستییان بە نزیكەی دوو ساڵ هەیە بۆ چارەسەركردن، ئەمەش تێپەڕاندنی بنمیچی كاتی دیاریكراوی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیە. 
ئەوەی زانراوە، هەشت لیژنە پێكهاتووە بۆ بەدواداچوونی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا، كە بریتین لەپرسی گرێدانی هێزەكانی هەسەدە بە سیستمی بەرگری و میكانیزمی گرێدانەكە، دۆسێی بەڕێوەبردنی خۆسەری لەرۆژئاوای كوردستان و دامەزراوەكانی، هاوكات هێزە ئەمنییەكان و دۆسێی نەوت و غازو سەرلەنوێ كاراكردنەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتیش، لەهەمووشی هەستیارتر دۆسێی ئەو بەندیخانانەی كە داعشیان تیایە كە بەهۆی ناكۆكییەوە لەسەری دواخراو نەخرایە ناو رێككەوتننامەكەو هەڵگیرا بۆ كاتی تر، چونكە ئەمریكییەكان رازی نین بكەونە بندەستی حكومەتی سوریا. جارێ بڕیاریش نییە باس لەهاتنە ناوەوەی سوپا بكرێت بۆ رۆژئاوا تەنها ئەو یەكە سەربازییانە نەبێت كە ئەركی پاراستنی سنووریان لەگەڵ توركیا پێدەسپێردرێت.


‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر