میدیاى كوردی له مانگى ره‌مه‌زاندا، ویژدانیان ده‌جووڵێ و ئاوڕێك له‌و خه‌ڵكه داماو و هه‌شبه‌سه‌ره ده‌ده‌نه‌وه!
نازانم ئێوه‌ش ئه‌و پرسیاره‌تان له خۆتان كردووه یاخود نا؟ باشه بۆچى ته‌نیا له مانگى ره‌مه‌زاندا، خه‌ڵكى داماو و هه‌شبه‌سه‌ر هێنده زۆرن! هه‌ر وا ده‌كه‌ى، میدیا ده‌چێته ماڵێك، باوكه‌كه ماوه‌ى ساڵێكه له ماڵه‌وه راكشاوه، هه‌ر دوو گورجیله‌ى چه‌ند رۆژ جارێك ده‌بێ له نه‌خۆشخانه بشۆرێت، له خانووى كرێنه و سێ مانگه كرێكه‌یان نه‌داوه و خاوه‌ن خانوو پێى گوتوونه ده‌بێ چۆلى كه‌ن. هه‌شت منداڵیشیان هه‌یه، گه‌وره‌كه‌ى ته‌مه‌نى پانزه ساڵه و له‌گه‌ڵ براكه‌ى له خۆى بچووكترى، وازیان له مه‌كته‌ب هێناوه و له بازاڕدا، كارى ده‌ستگێڕى ده‌كه‌ن!
ئه‌مه ته‌واو ده‌بێت، ئه‌م جاره دیمه‌نى ناوماڵى خێزانێكى دیكه نیشان ده‌دات. باوكه‌كه نه‌ماوه، ژنه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى نه‌خۆشى درێژخایه‌نى هه‌یه، رۆژانه به عه‌ره‌بانه له‌ناو بازاڕ شت ده‌فرۆشێت. له ماڵه‌وه له حه‌وت منداڵ، دووانیان خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌تن، ئه‌وانه‌ى دیكه‌ش هیچیان نه‌چوونه‌ته قوتابخانه، له خانووى كرێدانه و چوار مانگه كرێكه‌یان نه‌داوه و خاوه‌ن خانوو ته‌نیا مۆڵه‌تى یه‌ك مانگى پێداون قه‌رزه‌كه بده‌ن، ئه‌گینا ده‌ریان ده‌كات!.
مرۆڤ به بینینى ئه‌و دیمه‌نانه شۆك ده‌بێت و پرسیار له خۆى ده‌كات، چۆن خانه‌واده‌ى ئاوها هه‌ژار له شاره‌كه‌ى من یاخود گه‌ڕه‌كەکە‌ى من هه‌بووه و نه‌مزانیوه! ئاخر ویژدانت ئازارت ده‌دا، چۆن به درێژایى ساڵ، وا بێخه‌م خواردووته و لێى خه‌وتى، چه‌ند سه‌ت مه‌ترێك ئه‌ولاتریش، هاوشارى و هاوخوێنه‌كه‌ت ئاوا ژیاون!؟.
بۆیه لێره‌دا، پرسیارێك دێته ئاراوه، یان میدیاكان له‌و مانگى ره‌مه‌زانه، سۆزى خه‌ڵكى ده‌قۆزنه‌وه و ئه‌و دیمه‌نانه، كه زۆر زیادى خراوەتە سه‌ر، نیشانى ئێمه‌ى ده‌ده‌ن، به‌ڵام كێشه‌كه له بنچینه‌دا وه‌ها نییه و دواتر هه‌رچى ده‌ستیان كه‌وت له نێوان خۆیاندا به‌شى ده‌كه‌ن!
یاخود داماوى و هه‌شبه‌سه‌رى ئه‌و خێزانانه راستن، به‌ڵام هه‌روه‌ك چۆن رۆژێك بۆ جل و بەرگی كوردى و رۆژێك بۆ خۆشه‌ویستى و رۆژێک بۆ ژنان هه‌یه، میدیاى كوردیش ئاوا، یانزه مانگه‌كه‌ى دیكه‌ى بۆ كچه مۆدێڵ و شته ساده و نائینسانییه‌كان ته‌رخان كردووه، له مانگى ره‌مه‌زانیشدا، ویژدانیان ده‌جوولێ و ئاوڕێك له‌و خه‌ڵكه داماو و هه‌شبه‌سه‌ره ده‌ده‌نه‌وه!.