ئه‌دیبی ژێر نایلۆن!
كاتێك عه‌بدوڵڵا په‌شێو و به‌ختیار عه‌لی كه نمایندەی میوه‌ی بێ غه‌ڵ و غه‌شی كۆمه‌ڵگەن، له كایه و بێستانه‌كه ئاماده‌ییان نه‌بێ، خۆ ده‌بێ ئه‌دیبی ژێر نایلۆن، ئه‌و بۆشاییه پڕ بكه‌نه‌وه!
جاران هه‌مووشتێك تام و بۆنی خۆی هه‌بوو، به تایبه‌ت میوه و شوتی و كاڵه‌ك، نانی گه‌نم، ماستی مه‌ڕ و مانگا، به‌ڵام دوای جێگیربوونی ئه‌و سیسته‌مه سه‌رمایه‌دارییه، عه‌قڵ و هۆشی هه‌مووان به شێوه‌یەک گۆڕا، ته‌نیا بیر له قازانج بكه‌نه‌وه. سه‌رمایه خرایه پێش ته‌ندروستی و مرۆڤبوون و هه‌رشتێكی دیكه، بۆیه له‌زه‌ت له هیچ میوه و خواردنێ نه‌ما. ساڵ دوانزه‌ی مانگ، هه‌موو جۆره میوه و سه‌وزه‌یه‌ك له بازاڕدا ده‌ستده‌كه‌وێ، پرته‌قاڵ، له چله‌ی هاویندا، پێسته‌كه‌ی وا گه‌رم ده‌بێ، ناوه‌كه‌ی تام گۆره‌وی ده‌دات!
بریا پڕباكردن و خستنه بازاڕه‌كه، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌ش بوه‌ستابووایه، به‌ڵام ئه‌زموونه‌كه گواسترایه‌وه بۆ ناو كایه رۆشنبیریی و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش.
ئه‌و رۆژه له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌ك باسی كایه‌ی ئه‌ده‌بیی و فرۆشی كتێبم ده‌كرد، وتم ئێستا به‌ته‌نیا میوه‌ی ژێر نایلۆن نییه، (ئه‌دیبی ژێر نایلۆن)یشمان هه‌یه! وتی ده توخوا زیاتر بۆم روون بكه‌ره‌وه، جا چیم به‌و وت، وا بۆ ئێوه‌شی ده‌گێڕمه‌وه!
باشه ئێوه‌ش پێتان سه‌یر نییه، ئه‌دیب هه‌یه، له ماوه‌ی مانگێك دا، له بیست كه‌ناڵی جیاواز دیمانه ده‌كرێ، ئه‌ی ئه‌مه كیمیا پێداكردن و پڕباكردن نه‌بێ، چییه؟! له‌وه‌ش گه‌ڕێ، ئه‌ی به لاتانه‌وه سه‌یر نییه، كابرای ئه‌دیب، كتێبه‌كه‌ی له كتێبخانه‌كان دانراوه، كه‌س به لایه‌وه ناچێ، به‌ڵام له پێشانگای كتێب و كۆڕه‌كان دا، به ده‌یان گه‌نج نۆره ده‌گرن تاكو كاكی ئه‌دیب واژۆیه‌كیان بۆ ده‌كات!؟ به بۆچوونی ئێوه‌ش، ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه، به‌تایبه‌ت و له شوێنێکی دیاریكراو، رانه‌سپێردراون كه له فڵانه كات و شوێن ئاماده‌بن، تا وا نیشانبده‌ن، كاكی ئه‌دیب پڕ خوێنرترین و جه‌ماوه‌رترین و گه‌وره‌ترین ئه‌دیبی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مانه!
ئاخر كاتێك عه‌بدوڵڵا په‌شێو و به‌ختیار عه‌لی كه نمایندەی میوه‌ی بێ غه‌ڵ و غه‌شی كۆمه‌ڵگان، له كایه و بێستانه‌كه ئاماده‌ییان نه‌بێ، خۆ ده‌بێ ئه‌دیبی ژێر نایلۆن، ئه‌و بۆشاییه پڕ بكه‌نه‌وه!