محه‌مه‌د گۆران
كه‌سێكی تووش بوو به نه‌خۆشی ده‌روونی، چه‌ند جارێك هاموشۆی دكتۆرێكی ده‌روونی ده‌كا، رۆژێک ئه‌و كه‌سه به براده‌رێكی خۆی ده‌ڵێ: بۆچی ئه‌وجاره تۆش له‌گه‌ڵم نایه‌یت تا خۆت به دكتۆر نیشان ده‌ی؟ هاوڕێكه‌ی ده‌ڵێ، جا خۆ من نه‌خۆشیی ده‌روونیم نییه، بۆچی بێم!؟ كابرای تووشبوو ده‌ڵێ: ده تۆ وه‌ره! دكتۆره‌كه زۆر زیره‌كه، عه‌یبێكت هه‌ر لێ ده‌بینته‌وه!.
بێگومان، منیش له‌و بارەیە‌وه، ئه‌زموونێكی خۆم هه‌یه! كه‌سێكی نزیك، نه‌خۆشیی ده‌روونی هه‌یه، هه‌مووجار كه ژوانی دكتۆری ده‌بوو، من له‌گه‌ڵی ده‌چوومه نۆرینگه، كاتێ كه نۆره‌ی چوونه ژووره‌وه‌مان ده‌هات، هه‌ردووكمان پێكه‌وه ده‌چووینه لای دكتۆر و قسه‌مان ده‌كرد، سه‌ره‌تا من و دواتریش ئه‌و، دكتۆریش به وردی گوێی ده‌گرت، پاشتر چه‌ند جارێك ده‌یوت: (هیچ خه‌مت نه‌بێ، چاكت ده‌كه‌مه‌وه، چاكت ده‌كه‌مه‌وه!). جارێك له‌و سه‌ردانانه، دوای هاتنه ده‌ره‌وه‌مان له نۆڕینگه، وتم: (ئه‌رێ ئه‌وه پازده ساڵه هه‌ر ده‌ڵێ چاكت ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌ی كوا؟)، نه‌خۆشه‌كه سه‌رێكی له‌قاند و گوتی راست ده‌كه‌ی! دواجار دكتۆره‌كه مرد و ئه‌و نه‌خۆشه هه‌ر چاك نه‌بۆوه!
هێنده‌ی من تێیگه‌یشتووم، تووشبوون به نه‌خۆشیی ده‌روونی، وه‌ك گرفت و كێشه‌ی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه، راسته راوێژكردن و رێنماییكردنی خه‌ڵكی باش، هه‌ندێجار پێویسته، به‌ڵام زیاتر، تێفكرین و ئارامی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خودی كه‌سه‌كه‌ی گه‌ره‌كه! وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری ده‌روونی له‌لایه‌ن پزیشكی پسپۆڕ، جگه له قسه‌كردن، ئه‌وه‌ی دیكه، كۆمه‌ڵێ حه‌ب و گیراوه‌یه كه نه‌خۆش به به‌رده‌وامی خه‌واڵو و بێ كاریگه‌ر و وڕ ده‌كات، دواجار وه‌ك كه‌سێكی ئالووده‌بوو، هیچ جموجۆڵ، هیوا، گڕوتینی بۆ ژیان نامێنێ، ئه‌مه جگه له مانه‌وه‌ی گرفته ده‌روونییه‌كه، لێكه‌وته‌ی جه‌سته‌یشی دێته بان!.
جاران هه‌موو جووڵه و وزه‌یه‌ك، ژیان و مرۆڤبوونی لێ ده‌تكا، به‌ڵام ته‌واوی بیركردنه‌وه و جووڵه‌ی ئێستای مرۆڤ، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی لێی، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ته
ده‌توانن بچنه قوڵایی ناخی نه‌خۆش
من پێموایه زانستی ده‌روونناسی، ده‌بێ كه‌سانێك باسی لێوه بكه‌ن و له‌و بواره ببنه پزیشك و پسپۆڕ و لێزان، كه خۆیان پێشتر نه‌خۆشیی ده‌روونییان هه‌بووبێ! ئه‌و كاته ده‌توانن بچنه قوڵایی ناخی نه‌خۆش و له ڕۆڵی كاره‌كته‌ره‌كان تێبگه‌ن! به تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی پزیشك یا مامۆستای زانكۆ یاخود نووسه‌رن! ته‌نانه‌ت هه‌ر رۆماننووسێك، پێویست ده‌كا رێژه‌ك له‌و نه‌خۆشییه‌ی له رابردوودا هه‌بووبێ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به وردی بچێته ناخی كاره‌كته‌ر و پاڵه‌وانه‌كانی، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ژیانی تایبه‌تی رۆماننووسه به‌ناوبانگه‌كان، ده‌بینی لا ته‌ریكن و زۆر به كه‌می له ئاوه‌دانی و شوێنه گشتییه‌كاندا ده‌بینرێن!
وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌م قسانه، ده‌توانین ژیانی تایبه‌تی رۆماننووسی به‌ناوبانگی جیهانی و بەرازیلی (پاولۆ كۆیلۆ) به نموونه وه‌ربگرین، پاولۆ ماوه‌یه‌ك زۆر به قوورسی تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی بوو، له نه‌خۆشخانه خه‌وێنرا، به‌ڵام له دوای چاكبوونه‌وه و ده‌ستكردنی به نووسینی رۆمان، به ماوەیەكی كه‌م بووه یه‌كێ له نووسه‌ره جیهانییه‌كان و رۆمانه‌كانی ته‌رجه‌مه‌ی زۆربه‌ی زمانه زیندووه‌كانی جیهان كران، به تایبه‌ت له رۆمانی (یانزه خوله‌ك) و (كیمیاگه‌ر) ئاوا چووه‌ته نێو قووڵایی هه‌ست و ناخی كاره‌كته‌ره‌كان، ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێشتر به چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ ناخی خۆی نه‌ژیابێت، ناتوانێ ئاوا به وردی یاری به وه‌ته‌ره وروژێنه‌ره‌كانی مرۆڤه‌وه بكات!.
باوكی نه‌خۆشییه جه‌سته‌ییه‌كان
به بۆچوونی خۆم، په‌یوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر و راسته‌وخۆ له نێوان نه‌خۆشیی ده‌روونی و نه‌خۆشییه جه‌ستییه‌كاندا هه‌ن كه ده‌توانرێ نه‌خۆشیی ده‌روونی به باوكی نه‌خۆشییه جه‌سته‌ییه‌كان دابنرێ، له زانستی پزیشكیدا ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی كه ده‌روونین و ده‌بن به جه‌سته‌یی «سایكۆسۆماتی» پێده‌گوترێ. راسته ژینگه و سیسته‌می خواردن و ته‌ندروستی رۆڵی هه‌یه له جۆری نه‌خۆشییه‌كاندا، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ده‌وروبه‌ر و ژیان، به پێی سه‌رده‌م و شوێن، جۆری نه‌خۆشییه‌كان ده‌گۆڕێ، وه‌ك نه‌خۆشیی (قۆڵۆن) كه له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ دروستده‌بێ، له هه‌رێمێكی بچووكی وه‌كو باشووری كوردستان، ره‌نگه به هه‌زاران كه‌س ئه‌و نه‌خۆشییه‌یان هه‌بێ، به‌ڵام له وڵاتێكی وه‌ك ئێران كه دانیشتوانه‌كه‌ی له سه‌رووی هه‌شتا ملیۆنه‌وەیه، چه‌ند كه‌سێك ئه‌م نه‌خۆشییه‌یان هه‌یه!.
له‌م ماوانه له ژنێكی په‌روه‌ره‌ده‌یی و زمان‌زان و خاوه‌ن بڕوانامه‌م پرسی، ئه‌گه‌ر ده منداڵت هه‌بووایه، ده‌تتوانی خوێندن به هه‌موویان ته‌واو بكه‌یت و پاشتر بۆ سه‌رماڵ و حاڵی خۆیان به‌ڕێیان بكه‌یت؟ سه‌رێكی بادا و گوتی: (وه‌ڵڵا نیوه‌یان زیاتر سه‌قه‌ت ده‌بوون و دواڕۆژێكی فاشلیان ده‌بوو!). گوتم ئه‌ی دایك و داپیرانی ئێمه، به‌و نه‌خوێنده‌وارییه‌ی خۆیانه‌وه، چۆن توانیویانه ئه‌و هه‌مووه منداڵه پێ بگه‌یه‌نن و خوێندنیان پێ ته‌واو بكه‌ن و له پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریش، زۆربه‌ی جار خۆیان هاوسه‌ریان بۆ دۆزیونه‌ته‌وه و بۆ سه‌رماڵ و حاڵی خۆیان به‌ڕێیان كردوون؟
بێگومان بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندرووست له پشته‌وه‌ی ئه‌مه‌دا هه‌بووه! ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ش ره‌نگدانه‌وه و كاریگه‌ریی له سه‌ر ته‌واوی كایه‌كانی دیكه‌ی ژیانیاندا هه‌بووه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قۆناغ و سه‌رده‌مه‌ی ئێستا، كه سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی به به‌رنامه، ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی هه‌مووانی گۆڕیوه، جاران هه‌موو جووڵه و وزه‌یه‌ك، ژیان و مرۆڤبوونی لێ ده‌تكا، به‌ڵام ته‌واوی بیركردنه‌وه و جووڵه‌ی ئێستای مرۆڤ، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی لێی، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ته، رۆحی «ئه‌نانییه‌ت» ته‌ونی ژیان و ئامانجی هه‌مووانی به لاڕێدا بردووه، بۆیه ئه‌و مرۆڤه‌ی كه په‌روه‌رده‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه، هه‌میشه له دڵه‌ڕاوكێدا ده‌ژی، رێگا و ئامانجی سه‌ره‌كیی ژیانی، كه مرۆڤبوونه، ون كردووه!