دوا گۆڕانکاریی لە هەڵوێستی سەدرییەکان

10:09 - 2022-06-15
رەمزی سەعید
553 خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە کە سەید موقتەدا سەدر بە تەلەفۆن پەیوەندیی کردووە بە بەڕێز مەسعود بارزانییەوە، سەید موقتەدا سەدر- رێبەری رەوتی سەدر داوای لە نوێنەرانی سەربە رەوتەکەی کردووە کە دەست لەکار بکێشنەوە.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەم شێوازە لە سیاسەت کە سەدر پیادەی دەکات، ئەگەری هەیە پەیوەندیی بە هەڵوێستی ناجێگری سیاسی و مەزهەبییەوە هەبێت کە بەردەوام لەم جۆرە هەڵوێستانە دووبارە دەکاتەوە و پێشیانوایە کە ئەوە ناچێتە خانەی تاکتیکی سیاسییەوە. 
بەر لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەید موقتەدا سەدر هەمان کاردانەوەی هەبوو و رایگەیاند کە بەشداریی هەڵبژاردن ناکات، بەڵام لە دواییدا بۆچوونی خۆی گۆڕی و بەشداریی کرد و رەوتەکەی زۆرترین دەنگی ناوماڵی شیعەی بۆخۆی چنییەوە.
 دەڵێن ناکرێت هاوپەیمانی لەگەڵ سەدر و رەوتەکەی بکرێت بەو پێیەی سیاسەتێکی جێگیری نییە و خۆی بەبێ راوێژی هاوپەیمانەکانی بڕیار دەدات و زۆرجار بڕیارەکانی سەدر هەشتا پلە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، ئەمەش لە سیاسەتدا جۆرێکە لە قۆستنەوەی سەنگە پەرلەمانی و میللیەکەی کە خاوەنی 73 کورسیی نوێنەرانە لەکۆی 329 کورسی. 
هەروەها واقیعی عیراق وا دەخوازێت حکومەتی تەوافوقی پێکبهێنرێت نەک حکومەتی زۆرینە، چونکە هێشتا دۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق لەو ئاستەدا نییە تا بتوانرێت بەبێ کێشە و داواکاریی پێکهاتەیەک جێبەجێبکرێن. 
لەکاتێکدا خەڵکی عیراق بە رێژەی کەمتر لە 50 ٪ لە هەڵبژاردنەکەی 10/10/2021 دەنگیانداوە، کەواتە هیچ هێزێک زۆرینە نییە، بەڵکو زۆرینە بەشداریی دەنگدانی نەکردووە،  بەو هەموو لایەنە سیاسی و نەتەوە جیاوازەوە کە لەم وڵاتەدا هەن. 
بەندە پێموایە کە چارەسەر ئەوە نییە هەڵبژاردن دووباره بکرێتەوە، بەڵکو چارەسەری بنەڕەتی لەم کاتەدا ئەوەیە کە بە زووترین کات حکومەتی تەوافوقی پێکبهێنرێت و دۆخی ئابووریی و خزمەتگوزاری چاک بکرێت. 
ئەگەر سەید موقتەدا سەدر هەر پێداگربێت بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینە، ئەوا دەبێت لە ئێستاوە کاربکات بۆ ئایندە و زەمینەسازیی بکات، بۆ حکومەتی زۆرینە، نەک بایکۆت و زیاتر دواخستنی پڕۆسەی سیاسی عیراق، بۆیە ئەمە ئەگەر تاکتیک بێت پێناچێت بۆی بچێتەسەر، بەڵکو دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، یان دەبێت وەک جارەکانی پێشوو پەشیمان ببێتەوە و ناچاربێت بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو بنەمایەی کە عیراقی دوای 2003 ی لەسەر دامەزراوە، کە عیراقی تەوافوقییە تا گرێکوێرەکە بکرێتەوە.  

وتارەکانی نوسەر