مرۆڤ وەک خۆی

گەر دەمزانی، گەر دەمتوانی!

10:15 - 2025-03-13
د. هەژار عوسمان مەعروف
100 خوێندراوەتەوە

 بەخۆداچوونەوە و بیرکردنەوە لە خود و بیروڕا و رەفتاری خود، ئەرکی بەردەوامی سەرشانی هەموو مرۆڤێکە. مرۆڤ لە تەمەنی حەوت و هەشت ساڵییەوە، وردە وردە توانای وردبوونەوە و قوڵبوونەوە لەخۆ و لە خەڵک تێیدا گەشە دەکات و بەردەوام دەبێت تا تەمەنی پیری. سەنگاندن و پێوان دەبێت بە هەردوو دیوەکەدا بێت، واتا بینین و پێزانین و پەسنکردنی باشی و جوانی و سەرکەوتنەکانی خود، هەروەها بینین و پێزانینی رەخنە و گللەیی و گازەندە لە شکست و کەموکورتییەکانی خود.

 

جوینەوەی بەردەوامی ئەم جۆرە پرسیارانەی وەک:
بۆ کردم بۆ نەمکرد؟ ئەبوایە یا نەئەبوایە بمکردایە،
خەومان دەزڕێنێ و دڵتەنگمان دەکات و ئەگەری هەیە ببێتە رق لە خود و لە خەڵکیش

لەڕاستیدا هەرچی پێشکەوتن و داهێنان و دۆزینەوەی شاراوە و نەزانراوەکانی مێژووی مرۆڤایەتی هەیە، هەرچی پێشکەوتنەکانی زانست و ئەدەب و هونەر و سیاسەت و ئابووریی و فەلسەفە و رامان و...هتد، هەموویان سەرەتا لە رەخنە و ناڕازیبوون لە کۆن و بەسەرچوو و کەموکورتییەکانەوە دەستیپێکردووە. بۆ تێپەڕاندن و خۆئازادکردن لە کۆت و زنجیرەکانی رابردوو، بۆئەوەی پێداچوونەوە بە رابردوو و تاووتوێکردنی بەسەرهات و رووداوەکانی ژیانمان سوودی هەبێت و پەندی لێوەربگرین بۆ ئێستا و داهاتومان، دەبێت لە سەر بناغەی بتەوی ئەم راستیانە بێت: 
1/ کەس ناتوانێت، چەند زیرەکیش بێت، پێشبینیی تەواوی دادێ بکات، چونکە زۆرێک لە رووداوە سروشتی (بومەلەرزە..) و ناسروشتییەکانی (شەڕی دوو وڵات و حزب) ژیان لە دەستی تۆدا نین و بێ پرس بە تۆ، روودەدەن.
2/ ئەزموونەکانی ژیان وردە وردە مرۆڤ وریاتر و زیرەکتر و هۆشیارتر دەکەن، بۆیە زۆر هەڵەیە ژنێکی 50 ساڵە بە هۆشیاریی و زیرەکیی ئێستایی و ئەزموونی  35ساڵی ژیانی رابردوویەوە، بێت لە ئێستادا حوکمێکی رەق و بێبەزەیی بەسەر خۆیدا بدات، کە بۆ بە 15 ساڵی شویکردووە و ناهەقی و سوکایەتیی خەسووی قبوڵکردووە! یان پێشمەرگەیەکی بێبەشکراو لە مافەکەی، وا پەشیمان بێت لە خەباتەکەی، کە کورد و کوردستانیشی لەبەرچاو بکەوێت. یان پزیشکێکی دانەمەزراو بە خۆی بڵێت، پەشیمانم لەوەی بووم بە دکتۆر، ئەم پرسیارە نائومێد و توڕانە، چ سوودێک بە ئێستام دەگەیەنێت؟ کێشەکانی ئێستام چارەسەر دەکات؟ بێگومان نەخێر، جوینەوەی بەردەوامی ئەم جۆرە پرسیارانەی وەک: بۆ کردم بۆ نەمکرد؟ ئەبوایە یا نەئەبوایە بمکردایە، خەومان دەزڕێنێ و دڵتەنگمان دەکات و ئەگەری هەیە ببێتە رق لە خود و لە خەڵکیش.
3/ ژیان خز و لوس و بزۆک و رەنگاوڕەنگە، هەمیشە بە هەموو ئەگەرەکاندا کراوەیە و لە گۆڕاندایە، ناتوانی بیگریت و بیخەیتە مستی دەستەوە، رێکەوت و رووداوە چاوەڕواننەکراو و بیرلێنەکراوەکان لە ژیانی مرۆڤدا زۆرن، ئەگەر خراپ بوون پلانەکانت با زۆر ورد و لۆژیکی بن، تێکوپێکیان دەدەن،  ئەگەریش باش بوون، بە سەرکەوتویی پیادەیان دەکەیت. چەند هەڵە و تەنک هزر و تەنگ روانگەن، ئەو زۆر گەشبین و زۆر ئەرێنیستانەی دەڵێن، دەتوانیت بگەیت بە هەموو خەونەکانت و ببیت بە هەر شتێک بە مەرجێک بتەوێ و خەباتی بۆ بکەیت!.
 4/ کەس پێرفێکت نییە، هەموومان پڕ پڕین لە کەموکورتی، لێرەدا زۆر گرنگە تۆ بتوانیت بە خەیاڵێکی بە بڕشتی زیندوو، خۆت بخەیتە جێی ئەوی تر، ئەمە لە دەروونناسیدا پێی دەڵێن (empathy)،کە ئەمەت کرد ئیتر باشتر لە ئەوی تر تێدەگەیت و لەبەر هەڵەکانی حوکمی هەڵواسینی بەسەردا ناسەپێنی و نابیتە توندڕەویی سیاسیی و فکریی و ئایینی و ئاینزایی!.
5/ پێش ئەوەی پەنجەی تۆمەت و هەڕەشە بۆ ئەوانی تر ئاراستە بکەیت، ئەو پرسیارانەی بێزارت دەکەن و دەتترسێنن بە نەرموونیانی و بە بەزیی بە خۆتدا لە خۆتی بکە، بۆئەوەی تۆ خۆت بەرەو باشتر بگۆڕی، کە خۆگۆڕین بۆ نموونە وازهێنان لە جگەرە و مەی و مادەی هۆشبەر و قومار و..،هتد، ئەوەندە سەخت بێت، ئیتر تۆ چۆن دەتوانی خەڵک بگۆڕی؟
6/ لە بری رق و ئێرەیی و بیرنەچوونەوە و تۆڵەسەندن و ...هتد، پێویستە خۆشەویستی و بەخشندەیی و لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بناغەی تاووتوێکردنی رابردوت بێ.
7/ لەبری هانابردن بۆ کەف و بڵقی سەر ئاوی بیری خەرافیی بێ بنەما و زیانبەخشی وەک چاوی پیس و جن و جادو و نزا و بورج و..،هتد، پێویستە دەستبگرین بە مێخی پۆڵایین و ئەستووری ئاوەز و زانست و لۆجیک و هەست و شعوری ئینسانییەوە.
8/ زۆربەی وزەی بیرکردنەوە و کارکردنمان دەبێت ئاراستەی ئێستا بکرێت بۆ خۆشترکردنی ژیانمان لە ئەمڕۆدا وەک ‌پێشینان دەڵێن(نان ئەو نانەیە ئێستا لە خوانە) بەشە کەمەکەی ئەو وزەیەش، بۆ ئایندەی نزیک و بۆ رابردوو.

کەس پێرفێکت نییە، هەموومان پڕ پڕین لە کەموکورتی

وتارەکانی نوسەر