سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە حاڵەتی تەواری رابگەیەنێت، ئەمەش دەسەڵاتێکی سەربازیی و سەرکوتکەرانەیە، کەی زانی مەترسیی لەسەر پێگەکەی هەیە دەتوانێت بیکاتە حاڵەتی تەواری و لە هەموو یاساکان بچێتە دەرەوە
گۆڕانکارییەکان بەرەو سەپاندنی حوکمی نوێی دوای ئەسەد، بە خێرایی بەرەو پێش دەچن، دیارە هەمووان رێکن لەسەر ئەوەی دەبێت هەرچی زووتر سیناریۆکان دابەش بکرێن. تورکیا چاوی لەوەیە، کورد ئەو رۆڵە سەرەکییەی نەبێت کە ئێستا هەیەتی، ئەمریکا دەیەوێت حکومڕانییەک نەیەتە کایەوەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات
(ئەگەر رواڵەتیش) بێت و دەیەوێت کورد وەک ئەوەی ئێستا کە هەن، بمێننەوە.
هەفتەی پێشوو رێککەوتنێکی هەشت خاڵی لە نێوان سەرۆکی هەسەدە و سەرۆکی سوریا واژۆ کرا، تیایدا باس لەوە کرا بوو کە کورد بەشێکی سەرەکی و بنچینەیی سوریان، بەڵام لە راگەیاندنی رەشنووسی دەستوور لە رۆژی 13-3 تیایدا هاتووە دەڵێت: پاراستنی یەکێتی خاک و گەل، لە کاتێکدا لە سوریا لە نەتەوەیەک زیاتر هەیە، دەبوا بنووسرێت خاک و گەلانی سوریا.
ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ دانپیادانەنانی ئەوەی کە سوریا فرە نەتەوە و گەلە، بە پێچەوانەی رێککەوتنەکەی کورد و دیمەشقە، لەکاتێکدا کە بەشداریشیان بە کورد نەکردووە لە نووسینەوەی ئەم رەشنووسەدا.
راستەوخۆ کاردانەوەی کوردی لێکەوتەوە و پێیانوایە ئەو رەشنووسە هەندێک بەندی تێدایە هاوشێوەی پێوەرەکانی بەعسی لەناو چووە.
ئەنجومەنی نیشتمانیی سوریا، باڵی سیاسیی هەسەدە، ئەو رەشنووسەیان پێ چارەسەر نییە بۆ ئێستا و داهاتووی سوریا، هەروا لەگەڵ ئەوە نین کە سەرچاوەی پشتبەست بە بەندەکانی رەشنووسەکە، شەرعیەتی ئیسلام بێت، چونکە وڵاتەکەیان فرە نەتەوە و ئایینە.
تورکیا داوا دەکات هەرچی زووتر بەندەکانی رێککەوتنی کورد و دیمەشق جێبەجێبکرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان لێی رازین و لەبەرژەوەندیی خۆیانی دەزانن، ئەگەر نا، ئەوان لە دژی رۆژئاوان بە هەموو جۆرێک.
دەسەڵاتی شەرع، کەمترە لەوەی بەشار
رەشنووسی دەستوور داڕێژراوە بە بەشداریی سەرەکیی شەرع خۆی و گروپەکەی، زۆرینەی خاڵەکانی کە تیایدا جێگیر کراوە، لەسەر خواستی خۆیان بووە و سەرەکیترینیشی ئەوەیە کە دەستوورەکە لە شەرعییەتی ئیسلامەوە سەرچاوە دەگرێت، هەندێک بەندی تیادایە کە وەک رووپۆشێکی دیموکراسیی هاتووە، لەوانە سەرۆک کۆمار ناتوانێت حکومەت و پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، لەکاتێکدا ئەسەد ئەم دەسەڵاتەی هەبوو، بەڵام ئەم ماوەی کاربەڕێکەرییە، پێنج ساڵی بۆ دانراوە و پەرلەمانەکەش ئەنجومەنی گەل، یەک لە سێ بەشی، لەلایەن خودی سەرۆکەوە دادەنرێن، بەو هۆکارەی ناتوانن ئێستا بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، کەواتە ٪33 لەلایەن شەرعەوە لەو کەسانە دادەنرێن کە جێی باوەڕی خۆیین، ئەوانەی تریش هەر سەر بەخۆیانن، بەڵام ئەمانە تایبەت دەبن و رۆڵی خۆیان لە بەرژەوەندیی سەرۆک دەگێڕن.
سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە حاڵەتی تەواری رابگەیەنێت، ئەمەش دەسەڵاتێکی سەربازیی و سەرکوتکەرانەیە، کەی زانی مەترسیی لەسەر پێگەکەی هەیە دەتوانێت بیکاتە حاڵەتی تەواری و لە هەموو یاساکان بچێتە دەرەوە.
وەزیرەکان دەچنە بەردەم ئەنجومەنی گەل بۆ لێپێچینەوە، بەڵام سەرۆک بانگ ناکرێت بۆ ئەو لێپێچینەوەیە، کەواتە سەرۆک لەسەرووی پەرلەمانەوەیە.
ئەوان بە هیوان دادگای دەستووریی دیاری بکەن، لێرەشدا سەرۆک دەتوانێت ٪33 ی ئەندامانی دیاریی بکات، واتا سەرۆک لە هەموو دامودەزگا گرنگەکاندا پشکی شێری بەرکەوتووە، ئەوە لە دەسەڵاتی سەربازییشدا یەکەم کەسی بڕیاردەر و فەرماندەیە.
دەستەیەکی تر پێکهاتووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، لەو دەسەتەیەش دیسان سەرۆک ٪33 یان دەستنیشان دەکات.
هەر لەهەمان رۆژی راگەیاندنی ئەم رەشنووسەدا، شەرع بڕیاریدا بە دروستکردنی ئەنجومەنی نەتەوەیی سوریا، ئەمەش دیسان مانایەکی سەیری هەیە کە دیاری نەکراوە کام نەتەوە؟ کە دەبوا ئەنجومەنی نەتەوەکانی سوریا بێت.
دروزەکان بوون بە دوو بەشەوە
حیکمەت ئەلهیجری یەکێک لە عەقڵی دروزەکان دەڵێت: ئێمە کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەکەین بەو ئاراستەیەی خۆمان دەمانەوێت و هاوڕا نین لەگەڵ دیمەشق. یەکێک لە شێخەکانی دیکەی دروزییەکانیش بە ناوی حمود حناوی دەڵێت: بەردەوامین لە لەیەکتر تیێگەیشتن لەگەڵ دیمەشق و درێژەی پێدەدەین.
ئەمە لە کاتێکدا سەدان کەس لە دروزەکانی لایەنگری شێخ ئەلهیجری، بڕیاریان دا سەردانی جۆلان بکەن و چاویان بە رابەری دروزییەکان لە ئیسرائیل بکەوێت، ئەمەش ئاماژەیە بە دابەشبوونی ئەوان لە نێوان دیمەشق و ئیسرائیل و ئامادەیە بۆ نانەوەی دووبەرەکی لەنێوانیاندا.
پیداهەڵدانی بەشێک لە ئەندامانی نووسینەوەی رەشنووسەکە بۆ شەرع، سەرەتای هێنانەکەیەی دیکتاتۆرییە لەو وڵاتە و سەپاندنی خواستی دەرەکییە کە لە سەرەتاوە رۆڵی سەرەکی هەبووە لە هێنانی ئەو گروپە بۆ سەر دەسەڵات.