ئەگەر پێش هەرکەسێک، لە رۆژنامەنووسان پرسیار بکرێت: ئەو هەموو رۆژنامەنووسەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە، پێویستییە، یان زیادە و مەبەستدار و مەترسیدارە؟
هەموومان بە ناپێویستی دەزانین، رەخنە لە زۆری ژمارەی رۆژنامەنووسان دەگرین و پێمانوایە: ئەو پانتاییە بچووکە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و دواتر میدیاییەی لەباشووری کوردستان هەیە، بە دوو میدیای نیشتمانی و نەتەوەیی پڕ دەکرایەوە، بەڵام ئێستا چونکە دۆخی راگەیاندنیشمان وەک زۆر بوار و پانتایی تر شێواوە و قەیرانی تێدایە، بە سەدان میدیا و هەزار رۆژنامەنووس، ناتوانرێت پێویستییە نەتەوەییەکەمان بۆ میدیا پڕبکرێتەوە.!
لە راستیدا، ناکرێت وەک ساڵی 2003 کە هەر کەس لە لادێکان هاتە شار، کرایە پۆلیس و پێشمەرگە و هێزی ناوخۆ و بەمەش هێزی کارمان لە گوندەکان نەهێشت و بووە مایەی زیان، ئاوها هەر کەسێک لە گوند و شار تاقەتی ئیشەکەی خۆی نەما و مایکێکی هەڵگرت و دوو دێڕی نووسی، ناوببرێت بە رۆژنامەنووس.
بەبەراورد بەو دۆخەی ئەمڕۆ میدیا بەرهەمیهێناوە، هێشتا باشە مرۆڤی کورد تووشی تێکچوونی دەروونی نەبووە بەهۆی ئەو هەموو هێزە ناڕاستەی هەواڵ و بڵاوکراوەی جیاوازەوە کە رۆژانە دەدرێت بە گوێیدا، هێشتا زۆر باشە چەندان نیشانەی نەخۆشی سایکۆسۆماتی لە تاکی ئێمەدا دەرنەکەوتووە، بەڵام خۆ نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت ئێستا تاکی ئێمە لە میدیاکان بێزاربوون و ماندووی دەستی هەواڵ و زانیاریی بێبەما و ناڕاستن.
وێنە گشتییەکە هەندێک نامۆ دەردەکەوێت، لە ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستاندا کە رۆژنامەنووس لە پێویستیی تێپەڕیووە، هێشتا گلەیی دەکرێت گوایە دوو رۆژنامەنووس دەستگیرکراوە و دەیان پێشێلکاریش دژی رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، دەبێت راستگۆبین کە بەراورد بەو هەموو رۆژنامەنووسەی لە کوردستان هەیە و زۆربەشی پیشەییانە کارناکات، هێشتا ئاماری پێشێلکاریی دژی رۆژنامەنووسان، زۆر و مەترسیدار نییە، هێشتا زۆریی ژمارەی رۆژنامەنووسەکانی کورد زیاترە لە هەندێک وڵاتی ئەوروپی.
بەهیچ پێوەر و کلۆجێک، لەگەڵ کۆت و بەندی ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی و راگەیاندن نیم، بەڵام لەگەڵ ئەو خاڵەش کۆکم لە رێگەی یاسا و دادگاوە رۆژنامەنووسی باش لە رۆژنامەنووسی خراپ جیا بکرێتەوە، بە پێویستی دەزانم فلتەرێک هەبێت کە نەهێڵێت بازاڕی میدیا لەمە بێئەرزشتر بکرێت و لەمە خراپتر بکرێت.
ئەوەی ئێستا دەیبینم، تێکەڵکردنی دوو چەمکە، کاری (ماددی) و (میدیایی) بەیەکتر، مەخابن، بە روونی هەست بە تێکەڵکردنی ئەم دوو وشەیە دەکەم، ژمارەیەکی بەرچاوی رۆژنامەنووسەکان (حەزی ماددی)یان پێش (حەزی میدیایی) خستووە، حەزی ماددی و هەڵپەهەڵپ و بە ماددی کردنی کارەکەی، زەرەریی لە بنەما و ئیتیکی کاری رۆژنامەنووسی داوە.
خراپترین شتێک لەم بوارەدا دەیبینم ئەوەیە، رۆژنامەنووسەکان کەمتر لە تیۆرەکانی میدیا شارەزان، کەمترین خوێندنەوەیان لە کایەی میدیا و رۆژنامەنووسیدا هەیە، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە دوای بڵاوبوونەوەی چەند دێڕێکی نووسین، یان دوای چەندجارێک دەرکەوتن لە شاشە و لە بەردەم مایکدا، بواری راگەیاندن جێدەهێڵن و دەستدەکەن بە ریکلامکردن بۆ مارکە و کاڵاکان، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە ئەم رۆژنامەنووسانە هەر لەسەرەتاوە هەڵگری دیدێکی ماددی بوون بۆ کارەکەیان، نەک دیدێکی میدیایی.