هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسییە یان تەڵەیەكە بۆ گەمژەكان؟

09:39 - 2022-06-16
مامۆستا پێشڕەو
1282 خوێندراوەتەوە

یەكێك لەو رێگەیانەی كە فەرمانڕەواكان و حزبەكان  دەیانەوێ پێی بگەنە دەسەڵات  پڕۆسەی هەڵبژاردنە، هەڵبەت رێگەی تریش زۆرە بۆ گەیشتنە دەسەڵات لەوانە رێگەی میراتی(پشتاوپشت)، رێگەی دەست نیشانكردن(دامەزراندن)،رێگەی هێزو توندوتیژی، رێگەی كودەتا،رێگەی هەڵبژاردن.
ئەم جۆرەی دواییان واتە رێگەی هەڵبژاردن زۆر بەربڵاوەو زۆربەی وڵاتان پەیڕەوی دەكەن، چونكە پڕۆسەیەكی دیموكراسی و شارستانی و سەردەمیانەیە، هەڵبژاردن و دەنگدان مافە و ئەركیشە لەهەمانكاتدا دەسەڵاتێكی یاساییشە، واتە یاسا سەپاندویەتی بەسەر تاكەكانی كۆمەڵدا كە بەشداری هەڵبژاردن و دەنگدان بكەن.

دوو جۆر هەڵبژاردن و دەنگدان
دوو جۆر هەڵبژاردن هەیە: هەڵبژاردنی راستەوخۆ و هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ. هەڵبژاردنی راستەوخۆ ئەوەیە كەبەشێوەیەكی راستەوخۆ هاووڵاتیان نوێنەرەكانیان هەڵدەبژێرن بۆ پەرلەمان، بەڵام هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ ئەوەیە كە هاووڵاتیان چەند نوێنەرێك دیاری  دەكەن و ئەو نوێنەرانەش دەنگ دەدەن و نوێنەرەكانی پەرلەمان هەڵدەبژێرن. دوو جۆر دەنگدانیش هەیە : دەنگدانی سنوردارو دەنگدانی گشتی، دەنگدانی سنوردار ئەوەیە كە هاووڵاتیان ناتوانن هەموویان دەنگ بدەن،دەنگدان وابەستە كراوە بە كۆمەڵێك کۆتو بەندەوە، وەك مەرجی سەروەت و سامان و تەمەن و رەگەزو ئاستی زانستی و  زۆری تریش، بەزۆری لەسەدەكانی ناوەڕاست و سەدە كۆنەكاندا ئەم جۆرە دەنگدانە باوبووەو ئێستا باوی نەماوەو پەیڕەو ناكرێ.بەڵام دەنگدانی گشتی بێ مەرجە و  هەموو هاووڵاتیان بەهەردوو رەگەزەكەوەو سەرو تەمەنی هەژدە ساڵ دەنگ دەدەن،كە ئێستا لە زۆربەی زۆری وڵاتاندا ئەم سیستمە پەیڕەو دەكەن. مەرجەكانی دەنگدانیش بریتین لە( بوونی رەگەزنامە(جنسیە)،تەمەنی هەژدە ساڵ و لە هەندێك وڵات بیست و یەك ساڵ،كەسێكی عاقڵ بێت واتە شێت نەبێت و نەخۆشی دەروونی نەبێت، سومعەی شەخسی وكۆمەڵایەتی  باش بێت و واتە حوكم نەدرابێ لەبەر كاری دزی و ناپاكی و کوشتن و تیرۆرو شتی تر.

هەڵبژاردنی لیست و تاک  
جۆرێكی تری هەڵبژاردن بریتییە لە هەڵبژاردنی تاكە كەسی و هەڵبژاردنی لیست، سێ جۆر  هەڵبژاردنی لیستیش هەیە: لیستی كراوە،لیستی داخراو، لیستی تێكەڵ. بەڕای من باشترین  جۆری لیست بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێمە،لیستی تێكەڵە، واتە لیستێك نیوەی  خەڵكی سەربەخۆ و بێلایەن و نیوەكەی تریشی بۆ حزب و رێكخراوەكان، بەڵام لیستی داخراو  بەهیچ جۆرێك ئازادیی و دیموكراسی تیانیە و لیستی كراوەش هەرچەندە  سەردەمیانە و شارستانیانەیە، بەڵام بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێمە كێشەی زۆرە.
مەبەست لە هەڵبژاردنی تاكە كەسی ئەوەیە كە وڵات دابەش بكرێت بۆ چەند بازنەیەكی بچووك و لە هەر بازنەیەكدا دەنگدەران تەنیا یەك كەس وەك نوێنەریان هەڵدەبژێرن،بەڵام سیستمی هەڵبژاردنی بەلیست ئەوەیە كە وڵات دابەش دەكرێت بۆ چەند بازنەیەكی تاڕادەیەك گەورەو دەنگدەران چەند كەسێك لە ناو پاڵێوراواندا هەڵدەبژێرن نەك یەك نوێنەر.
 جۆرێكی تری هەڵبژاردن بریتیە لە هەڵبژاردنی بەزۆرینە، ئەم سیستمەش دوو جۆری هەیە: یەكێكیان هەڵبژاردن بەزۆرینەی سادە، بەپێی ئەم جۆرەی هەڵبژاردن ئەو پاڵێوراوەی یان ئەو پاڵێوراوانەی كە زۆربەی دەنگەكانیان بەدەست هێناوە سەركەوتوون و دەرچوون، بەڵام جۆری دووەمی هەڵبژاردنی زۆرینەی رەهایە، واتە ئەو پاڵێوراوە پێویستە لەنیوەی زیاتری دەنگەكان بەدەست بهێنێ ، واتە لەپەنجا زیاتر بێت. جۆرێكی تری هەڵبژاردن بریتیە لە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی، بەپێی ئەم سیستمە كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر لیستەكانی هەڵبژاردندا دابەش دەكرێت بەپێی سەنگ و قورسایی سیاسی و جەماوەری هەر حزبێك بەشێوەیەك كە زیاتر دادپەروەرانە ترە لە سیستمی زۆرینە، ئەم سیستمەش دوو جۆری هەیە: شێوازی گشتگیر كەلەسەر ئاستی هەموو وڵاتەكە دەكرێت و شێوازی جوزئی كە لەسەر ئاستی ناوچەكانی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە دەكرێت.

 لەهیچ شوێنێكی جیهاندا  تەنانەت لەوڵاتە دیموكراسییەكانیشدا پڕۆسەی 
دەنگدان و هەڵبژاردن  لەسەدا سەد  پاك و بێگەرد نییە، بەڵام رێژەكە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێت

پێویستە ئاماژە بەوە بدەین كە بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆی  ئێمەی خەڵكی كوردستان،هەڵبژاردنی فرە بازنەیی باشترە لەیەك بازنەیی، چونكە بواری ساختە فرتو فێڵ و گزی كردن كەمتر دەكاتەوە لەلایەك و لە لایەكی تریشەوە زۆرترین نوێنەر و كاندید  لەهەموو ناوچەكانی  كوردستان دەردەچن و زیاتر  دیموكراتی ترە لە سیستمی یەك بازنەیی. 

هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
سەبارەت بەژمارەی نوێنەری پێكهاتەكانی كوردستانیش، من لەگەڵ ئەوەدا نیم ژمارەیان كەم بكرێتەوە، بەڵام یەكەم پێویستە نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستانی تیا بێت، نەك تەنیا چەند ناوچەیەك كە حزبێك نفوزی زۆرە لەو ناوچانە، دووەم ئەوانەی دەبنە نوێنەری پێكهاتەكانی كوردستان، نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان بن،نەك سەر بەحزبەكانی باڵا دەست بن، ناكرێت هێشتا هەڵبژاردن نەكراوە حزبێك  یانزە كورسی مسۆگەر كردبێت بەناوی نوێنەری پێكهاتەكانی كوردستان. خاڵێكی تری گرنگ لەمەسەلەی هەڵبژاردن دا دانانی خەڵكانی سەربەخۆ و بێلایەن و  دەست پاك و بەویژدان لەسەر سندوقەكانی هەڵبژاردن  دابنرێت، ستالین دەڵێت: دەنگدەر گرنگ نییە، دەنگ بژێر گرنگە.

هەڵبژاردن چەندە پڕۆسەیەكی دیموكراسییە، هێندەو زیاتریش كارێكی هونەرییە، بەومانایەی شارەزایی و سەلیقە و لێزانینی دەوێت، بەو مانایەی جۆرەها فڕوفێڵ و تاكتیك و هاوپەیمانی تیایە، بەدڵنیاییەوە  چۆنایەتی و كواڵیتی كاندیدەكان و ژمارەی  بنكەكانی دەنگدان و چۆنێتی دابەشكردنی ناوچە و بازنەكان و هەروەها ئەوانەی چاودێری  پڕۆسەی دەنگدان دەكەن  بەتایبەتی چاودێرانی سەر سندوقەكان كە پێویستە خەڵكانی خاوەن ئەزمون و شارەزا بن و خول و مەشقی هەڵبژاردنیان بینیبێت، رۆڵی بەرچاو و یەكلاكەرەوە دەبینن لە دەرەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە.
 لەهیچ شوێنێكی جیهاندا  تەنانەت لەوڵاتە دیموكراسیەكانیشدا پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن  لەسەدا سەد  پاك و بێگەرد نییە، بەڵام رێژەكە لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر دەگۆڕێت. دەمەوێ راشكاوانە رایەك و قسەیەك دەرببڕم دەربارەی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و  پڕۆسەی هەڵبژاردن،یەكێتی  هەرچەندە مەكتەبێكی تایبەتی  هەڵبژاردنی هەیە و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی  لێپرسراویەتی و نوێنەری لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەیە،بەڵام هێشتا هەندێك جار غەدرو ناحەقی بەرامبەر یەكێتی دەكرێت و دەنگی لێ كەم دەكرێتەوە، یان وەكو دەڵێن بەحیلە شەرعییەك دەنگەكانی دەفەوتێنن، نموونەش لەم بارەیەوە زۆرن، با ئەوەش بڵێین رەنگە هەندێكجار هەڵە و خەتای خۆمانی تیابێت، وەكو لایەنی كەمتەرخەمی و گوێپێنەدان و یان نەشارەزایی و كەم ئەزمونی ئەوانەی بەشدارو سەرپەرشتیاری پڕۆسەی هەڵبژاردنن.
لەكۆتاییدا هیوادارم كە حزبی شەهیدان،حزبی رەوانشادو گەشمردە مام جەلال،دەرس و پەند لە هەڵەكانی هەڵبژاردن وەربگرێ و بەخۆیدا بچێتەوە.

وتارەکانی نوسەر