دیوە هەژارەكەی هەولێر!

10:06 - 2025-03-26
مەریوان مەسعود
133 خوێندراوەتەوە

لەكاتێكدا من ئەم بابەتە دەنووسم، هێشتا چەند گەڕەكێكی دێرین و رەمزی قارەمانێتی و تێكۆشانی هەولێر، نەك هەر بێ‌ خزمەتگوزاریی و بێ‌ بژێون، بەڵكو بەداخەوە لە نازناوی تێكۆشان و بەرخودانەوە، نازناوی (دیوە هەژارەكەی هەولێر) یان وەرگرتووە، ئەمەش هەموو دڵسۆزێكی شارەكە هەر هیچ نەبێت لە ناخەوە نیگەران دەكات!.
دیارە، هەندێك پێیانوایە هەولێر بووە بە دوو زۆن (ناوچە) زۆنی زێڕین و فیرعەونەكان و زۆنی هەژاران، بەڵام من پێموایە زۆنێكی دیكەش لە هەولێر بەداخەوە دروستبووە، كە زۆرنی بێ‌ دەرەتانیی و ماڵوێرانییە، چونكە ئەوەندەی ناسیاوەكانمان لەم گەڕەكانە بۆمان دەگێڕنەوە جاری وایە بۆ نموونە محاویلەیەك دەسووتێت، كەچی هەفتەیەك زیاتر كەس نایەت بەلایدا، وەكو ئەوەی هاووڵاتیانی ئەم گەڕەكانە مافیان نەبێت و خزمەتگوزارییان نەوێت !.
لێرەدا، نموونەی چەند گەڕەكێك دێنمەوە، كە دڵنیام لە یادەوەریی زۆربەتاندا ماوە، بەڵام وەكو دەڵێن، هیچ دەسەڵاتێك نییە، بۆ نموونە گەڕەكی مەنتكاوە (زێدی خۆم)، لە ساڵی 1982 كاتێك خوێندكارانی زانكۆی سەڵاحەدین - هەولێر، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە ناسراوەكەیان دژی دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس ساز كرد و چەندین خوێندكاری سەرجەم شار و شارۆچكەكان شەهید و برینداربوون و ئەو ساڵە هەموو هەولێر خرۆشا، ئەوە لەو كۆلێژانە دەستیان پێكرد كە دەكەوتنە گەڕەكەكانی مەنتكاوە و مەهاباد و رووناكی و ئازادی، كە ئێستا پەراوێزخراوترین گەڕەكەكانی هەولێرن، خەڵكی ئەم گەڕەكانە بوون، كە موجازەفەیان بە ماڵ و منداڵی خۆیان كرد و بریندارەكان  و خوێندكارە بەشدارەكانی خۆپیشاندانەكەیان دەشاردەوە و رێك ئەو دروشمەیان جێبەجێدەكرد كە سنگی خۆیان دەكردە قەڵغان بۆ حەشاردان و دەربازكردنی خوێندكارەكان،  كەچی ئەمڕۆ پاداشتی ئەم گەڕەكانە ئەوەیە نازناوی دیوە هەژارەكەی هەولێریان پێبدرێت.
دوو گەڕەكی دیكەی هەولێر (باداوە و بەلاشاوە)یە، كە بە درێژایی شۆڕشەكانی كورد، بەتایبەت لە شۆڕشی ئەیلول و دواتریش لە شۆڕشی نوێی گەلەكەمان خاوەن چەندین رۆڵەی شەهیدن و تەنانەت لە دوای راپەڕینی 1991، لەم دوو گەڕەكەدا، هەموو دایك و خۆشكەكانمان (رەشپۆش) بوون، چونكە ماڵ نەبوو قوربانی نەدابێت بۆ ئەم ئازادییەی ئەمڕۆ تێیداین، كەچی ئێستا ئەم دوو گەڕەكە بەداخەوە لە دوو گوندی بچووك دەچن نەك گەڕەك!.
بێگومان ئەوە باسی (حەی شورتە) و (كوران) و (حەی عومال) و ئەوانەی دیكەش ناكەین، یان ئەو گەڕەكە تازانەی كە دروستبوونە، كە هەندێكیان ساڵانە بەداخەوە لافاو و باراناو زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت و لە كۆنترۆڵ دەردەچن. 
ئومێدەوارم، ئیدارەی شاری هەولێر، بە چاوێكی دیكەی خزمەتگوزار و بە یەكسانیی تەماشای هەموو گەڕەكەکان بكات و خۆ ئەگەر بایەخی زیاتریش بەم گەڕەكە كۆنانە بدات و خزمەتگوزاریی زیاتریان بۆ ببات، هەموو لایەك پێیان خۆشە و ئەوكات لەجیاتی رەخنە بە دڵنیاییەوە دەستخۆشییان لێدەكەین.

وتارەکانی نوسەر