دیداری یەکێتی و چارەسەری کێشەکانی مامۆستایان و پەروەردە

10:05 - 2025-04-07
مەهدی ئەحمەد مەحمود
137 خوێندراوەتەوە

کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پێویستی بە گرنگیپێدانی زیاتر هەیـــە، پێــویستە مامۆستایان لە دیداری یەکێتییدا لە سەرەوەی باسەکاندا بن، چونکە ئەرکی مامۆستایان و دەوری سەرەکییان لە پێشکەوتن و پەرەپێدانی کۆمەڵگەدا، ناکرێت پشتگوێ بخرێ. 
 مامۆستا کۆڵەکەی سەرەکیی پەروەردەیە و هەرگیز لەنێو گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ژیانی مرۆڤدا، پێگەی کاریگەری لەدەست نەداوە، لە قوتابخانە سەرەتاییەکانەوە تا زانکۆ، لە سیستمی نوێشدا، مامۆستا رۆڵی سەرەکی هەبووە، بۆیە دەبێت دیداری یەکێتی لە رێگەی تیمی حکومییەوە، کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان بکات. 
دووەمین دیداری یەکێتی، دەرفەتێکی گرنگە بۆ توێژینەوە و گوێگرتن لە داواکاری و بۆچوونەکانی کادرەکانی، بەتایبەتی مامۆستایان کە لە ماوەی11 ساڵی رابردوودا، بایکۆتی ئەوان، کاریگەریی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان هەبووە. 
بۆیە، پێویستە دوەمین دیدار، دەرفەتی گفتوگۆی کراوە و ئازاد بۆ هەڤاڵان فەراهەم بکات و سەرنج و پێشنیازەکان بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە کۆبکاتەوە، چونکە خودی کێشەکە وەک ئەوەی وێنا کراوە، کێشەیەکی ناوچەیی نییە، بەڵکو جددی و گشتییە.
 پێویستە مووچەی مامۆستایان رەنگدانەوەی بەها و گرنگیی کارەکەیان بێت، بە جۆرێک کە نەبێتە هۆی ناڕەزایی گشتی و ناکۆکی نێوان مامۆستایان و کەسانی دیکەی ناو سیستمەکە. 
دەبێت مامۆستایان لە کاتی نەخۆشی، بێکاری، پیربوون، یان کەم ئەندامیدا، بیمەکراو بن. 

 

 پێــویستە مامۆستایان لە دیداری یەکێتییدا لە سەرەوەی باسەکاندا بن، چونکە ئەرکی مامۆستایان و دەوری سەرەکییان لە پێشکەوتن و پەرەپێدانی کۆمەڵگەدا، ناکرێت پشتگوێ بخرێت

 

سیستمی پەروەردەی کوردستان گرنگە بە شێوەیەکی خۆماڵی و لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی کوردی دابڕێژرێتەوە. بۆ نموونە، لە باخچەکان و قۆناغەکانی سەرەتاییەوە، گرنگیی بە کشتوکاڵ، پیشەسازی و کاری پیشەیی بدرێت. سیستمێک کە لەسەر بنچینەی کار و هەرەوەزی بونیاد بنرێت، چونکە هەرەوەزی لە هەناوی ژیانی کۆمەڵگەی کوردیدایە، بە تایبەتی لە گوندەکان. 
لەم سیستمەدا، گرنگی بە بابەتەکانی وەک کشتوکاڵ، ئاودێری، دروستکردنی بەنداو، بەرهەمهێنانی خۆماڵی، بازاڕکردنی بەرهەمەکان، دەوڵەتسازی، زانستە نوێیەکان، تەکنەلۆژیا، سۆشیاڵ میدیا و ژینگە بدرێت. 
دەبێت سیستمەکەمان نموونەیەک بێت کە نەتەوەکانی دیکە چاوی لێبکەن، نەک بە پێچەوانەوە سیستمە بیانییەکان سەرمان لێ بشێوێنن. 
 لە رێگەی دیدارەوە بتوانین پاڵپشتی مامۆستایان بکەین لە گۆڕانکارییەکان سوودمەندبن و بەرپرسیاربن لە پاراستنی بەهاکان و داهێنەربن لە کارەکانیان. پەروەردە دەبێت هێزێک بێت کە بیروکردار بجوڵێنێت و کەسانی وەها پەروەردە بکات کە لە گۆڕانکارییەکان ئاگادار بن و ژیرانە خۆیان لەگەڵ ناجێگیرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بگونجێنن. دەبێت دیدار، دەرچەیەک بێت بۆ گفتوگۆیەکی سەرەکی و چارەسەر پێشکەش بکات لەسەر ئەم بابەتە گرنگە.

وتارەکانی نوسەر