هەڕەشەکانی ئەمریکا و مەودای جێبەجێکردنی

10:08 - 2025-04-07
هیوا محەمەد
200 خوێندراوەتەوە

ئیسرائیل داوا لە ئەمریکا دەکات لە بەڵای ئیران بیپارێزێت. هەرچی ئێرانە،  بە ئاشکرا و بە بەرنامە و دروشم، ئیسرائیلی لا پەسەند نییە، ئەمەش ئامانجە، نەک هەڵسوکەوت و سیاسەتی رۆژانە، بۆیە ئیسرائیلیش دەیەوێت ئەو مەترسییە بنبڕ بکات کە زیاتر لە 45 ساڵە بەرۆکی گرتووە.
تێڕوانینی ئێستای ئەمریکا بۆ ئێران لە هەموو حاڵێکدا یان درێژەدانە بە ململانێ و ناکۆکییەکان تا دەگاتە لووتکەی یەکلاکردنەوەی سەربازی، یان گەیشتنە بە ئەنجامێک کە کۆتاییبهێنێن بەو دۆخەی کە بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە، چونکە هەرچی ئەمریکایە پێیوایە ئەوەی لە لوبنان و فەلەستین و یەمەن روودەدات، دەستی ئێرانی تێدایە، لەکاتێکدا ئێران ئەمە رەتدەکاتەوە و بە بیانووگرتنی نابەجێی ئەمریکا و ئیسرائیلی دەزانێت.
دۆخی ناوچەکە لەدوای دەستپێکردنی جەنگ بۆ سەر غەززە گۆڕا، بە لاوازبوونی هەریەک لە حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و بەدوایدا نەمانی رژێمی ئەسەد، نەمانی هەژموونی ئێران و روسیا و فراوانبوونی هەژموونی تورکیا بەسەر سوریادا و بوونی دەستێکی باڵای لەم ئیدارە نوێیەدا کە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتیی دەکات.

ئیسرائیل دەیەوێت لە ئێران بدات
لەلایەکی ترەوە، ئەمریکا دەیەوێت، ئێران بخاتە ژێر گوشارەوە و رازیی بکات کۆڵبدات لە پیتاندنی یورانیوم و بەرهەمهێنانی رابگرێت و ئەوەش کە هەیەتی ئاشکرای بکات بۆ ئاژانسی ئەتۆمیی جیهانی و بچێتە ژێر مەرجەکانییەوە، واتا توانا سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئێران بە روونی بخرێتە بەردەم ئیسرائیل و ئەمریکا، هەرچەندە ئیسرائیل داوای کرد لە نزیکترین کاتدا هێرشی سەربازیی بکرێتە سەر سەرچاوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەمەش ئەوە دەردەکەوێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل زانیاریی باشیان لابێت سەبارەت بە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران.

تووڕەیی ترەمپ لە ئێران نوێ نییە
بۆ ئێران، هەڵوێستە توندەکانی ترەمپ نوێ نییە، لە خولی پێشووتری سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ رێکەوتننامەکەی 5+1 ی هەڵوەشاندەوە و سزا و ئابڵووقە ئابوورییەکانی چڕ کردەوە لەسەر ئێران، بەڵام هەموو ئەمانەی کردی بە درێژایی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەی، نەیتوانی ئێران بخات، بەڵکو لەو سەردەمەدا ململانێکان توندتر بوونەوە و ئێرانیش وەک هەژموونی خۆی تا دەهات پتەوتری دەکرد لە ناوچەکە.
ئایا ترەمپ بە جددییەتی کە هەڕەشە لە ئێران دەکات و لەڕیگەی هێزەوە ئاشتی دەسەپێنێت وەک خۆی لە رۆژی سوێند خواردنەکەدا وتی؟ یان هەروەک ئەوەی غەززە و ئۆکرانیا رۆژ و هەفتە دادەنێت بۆ کۆتایی پێهێنانی و جارێ هیچیش دیار نییە؟ چونکە هەر چەند رۆژی رابردوو، ترەمپ وتی بەمزوانە گۆڕانکاریی گەورە لە ئێراندا روودەدات!.
دۆخی تورکیاش خراپە، روودانی گۆڕانکاریی لەهەر رێگەیەکەوە بێت ئەگەرێکی نزیکە، بەم دۆخە خراپەی ئێستایان ناتوانن بەرامبەر گۆڕانکارییە ئیقلیمییەکان بوەستنەوە. کوردیش لەگەڵ دیمەشق بە چاودێریی فەرەنسا و ئەمریکا گەیشتوونەتە دوا قۆناغەکانی رێککەوتن، واتا سەقامگیریی لەو وڵاتە زیاتر دەبێت، ئەمەشیان خواستی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەسەرە، چونکە مسۆگەرکردنی ئارامی لە سوریا و عیراق، بەرەی ئیسرائیل لە فەلەستین و لوبنان بەهێز دەکات و لێرەشەوە دەتوانن زیاتر بەڕووی ئێراندا بوەستنەوە.
هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەربازگە و ناوەندە سەربازییە گرنگەکانی سوریا بەردەوامە، چونکە دەیەوێت توانا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە نەکەونە ژێر دەستی حکومەتە نوێیەکەی جۆلانی کە نامەی کارەکانی رابردووی خاوێن نییە و چاوەڕوانی مەترسیی لێدەکەن، لەهەمانکاتدا پەیامێکە بۆ دەستتێوەردانی راستەوخۆی تورکیا لە سوریادا.
لەناو ئەم دۆخە جەنجاڵەی ناوچەکەدا، دەبێت ئێران بژاردەیەکی ژیرانەی سیاسیی بگرێتەبەر تا نەیخزێننە ناو جەنگێکەوە کە هەمووان لێی زیانمەند دەبن، چونکە کارتی سەربازیی لای ئەمریکا و ئیسرائیل، لەم سەردەمەدا یەکلاکەرەوەیە و تەنها هەڕەشەیەک نییە، بەڵکو کردەییە.

ئیسرائیل بەردەوامە لە تێکشکاندنی کەرەستە سەربازییەکانی سوریا

وتارەکانی نوسەر