منداڵەکان دەبنە قوربانی ناهۆشیاریی

10:18 - 2025-04-07
وەردە رەشید
104 خوێندراوەتەوە

پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی بریتییە لە پرۆسەیەک کە دوو رەگەزی جیاوازی خاوەن کەسێتی جیاواز پێکەوە بڕیار دەدەن بە پێکهێنانی ژیانێکی هاوبەش، بە مەبەستی تاقیکردنەوەی جیهانێکی نوێ لە ژیانکردن، تا ئێرە ئامانجەکە پێچەوانەی هیچ ئایدۆلۆژیایەک یاخود دابونەریتێک نییە، بەڵام باسەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا هه ریەک لەو دوو کەسەی بە نیازی چوونە نێو پرۆسەیەکی وا پڕ لە بەرپرسیارێتین، تا چەند لەڕووی هۆشیارییەوە ئامادەن، یاخود تا چەند بە ئاگان لەو بەرپرسیارێتییە کەڵەکەبووانەی لە دوای چوونە نێو پرۆسەکە بەرامبەر یەکتر و کەسوکار و ئەو وەچانەی لە ئەنجامی بەستنی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانە نوێیەکە چاو بە ژیان هەڵدەهێنن و دەکەوێتە سەرشانیان.

 

      یەکێکی تر لەو دەردەسەریانەی بەرۆکی منداڵ دەگرێت و کاردانەوەی نەرێنی لەسەر هەست و دەروونی دروست دەکات، بریتییە لەو ناکۆکی و ململانێیەی لەنێوان دایک و باوکیدا هەیە

 

ئەوەی گرنگە تیشکی زیاتر بخەمە سەر، ئەو کاردانەوە نەرێنییانەیە لە ئەنجامی هەستپێنەکردنی پێشوەختەی هەریەک لە ژن و پیاو یاخود کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتیی، بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە سەرشانی هه ر یەک لە دایک و باوک بەرامبەر نەوەکانیان، بەڕای من سەرەکیترین مافی مناڵ، بریتییە لەشێوازی پەروەردەکردنی بە شێوەیەکی تەندروست، بە پێی بنەماکانی زانستی (دەروونناسی)، پێویسته هەر یەک لەو کەسانەی کە بڕیاری چوونە نێو ژیانی هاوسەرگیری دەدەن، پێشتر زانیاریی باشیان لا گەڵاڵە بووبێت، لەسەر شێوازی چۆنێتی پەروەردەکردنی جگەر گۆشەکانیان، بەشێوەیەکی گشتی شارەزایی زانستی (دەروونناسی) بن، چوون بەپێچەوانەوە ناتوانن بەو شێوازەی کە پێویسته نەوەیەکی دەروون دروست پێ بگەیەنن، کە سوودی بۆ خۆی و کۆمەڵگا هەبێت، پزیشکان و راوێژکارانی دەروونی ئاماژە بەوە دەکەن، بەشی زۆری نەخۆشییە دەروونییەکان دەکرێت  چارەسەر و کۆنتڕۆڵ بکرێن، ئەگەر هاتوو لەسەرەتای دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکان  هەستی پێبکەین، ئاخۆ لەکاتی نەبوونی هیچ شارەزاییەکی کۆمەڵناسی دایک یان خود باوک چۆن دەتوانن درک بە هەبوونی گرفتێکی دەروونی بکەن لە هەڵسوکەوتی مناڵدا، یەکێکی تر  لەو دەردەسەریانەی بەرۆکی منداڵ دەگرێت، کاردانەوەی نەرێنی لەسەر هەست و دەروونی دروست دەکات، بریتییە لەو ناکۆکی و ململانییەی لەنێوان دایک و باوکیدا هەیە، بەهۆی نائومێدی و کەم دانایی لەچارەسەرکردنی کێشەکان، جۆرێک لە پشێوی و نائارامی  لەخێزاندا دروست دەبێت، زۆرجار هەر یەک لە ژن و مێرد بە تایبەت پیاوان بە دەنگێکی بەرز و بەکارهێنانی دەربڕینی پڕ لە گوزارشتی هەڕەشەئامێز، هەوڵدەدەن ناخی ماندوویان بەرامبەر یەک خاڵی بکەنەوە، ئەوەش جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات لای مناڵ، سەرئەنجام کەسێتییەکی لەرزۆک و نامۆی بەکۆمەڵگا لێ بەرهەم دێت، زۆرجاریش ناکۆکییەکان لەنێوان هاوسەراندا دەگەنە بنەبەست، بە هۆیەوە بڕیار دەدەن بە کۆتاییهێنانی پەیوەندیی نێوانیان، لەو بڕیارەدا دیسان قوربانییە گەورەکە مناڵە، چوون ناچار دەکرێت دوور لە سۆز و میهری ئەوی تریان، لەلای دایکی یان خود باوکی درێژە بە ژیان بدات.

وتارەکانی نوسەر