لە بڕگەی (1)ی ماددەی(4) لە دەستووری کۆماری عیراقدا بۆ ساڵی 2005 دا هاتووە، زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی رەسمین لە عیراقدا، مافی سەرجەم عیراقییەکان پارێزراوە، لە فێرکردنی رۆڵەکانیان بە زمانی دایکیان، لە بڕگەی(2)ی هەمان ماددەشدا سنووری دەستەواژەی زمانی رەسمی دیاریکردووە، هەروەک لەخاڵی (ب)ی بڕگەکەدا هاتووە، قسەکردن و دەربڕین وتووێژ لە بوارە رەسمییەکاندا، بە هەریەک لە دوو زمانەکە، وەک ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران و دادگاکان و کۆنگرە رەسمییەکان، هەڵبەت دەقی ماددەکە روونکردنەوەی زیاتری لەخۆگرتووە، بەڵام تەنیا ئەو بەشەم لێ هەڵگۆزیوە، کە مەبەستمە ناوەڕۆکی وتارەکەم بێت.
وەکو تاکێکی شاری کەرکوک، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، وجودی ئەم ماددەیە تەنیا وەکو رەشنووسێک دەبینم، نەک وەکو ماددەیەکی دەستووری کارپێکراو، ساڵانە لەگەڵ
نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەتایبەت خوێندکارانی کۆلێژی یاسا، دووچاری ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، بەهۆی رێپێنەدانیان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، بەزمانی دایک زمانی شیرینی(کوردی)، ئەمەش بۆتە هۆی دروستکردنی هەستێکی وا لای بەشێک لە خێزانەکانی ئەم شارە، کە خوێندنی کوردی هیچ گرنگییەکی نییە و منداڵەکانیان لەداهاتوودا دووچاری گیروگرفت دەبنەوە لەحاڵەتی تەواوکردنی خوێندن بە زمانی کوردی، هەربۆیە بەشێکیان هەر لەسەرەتاوە منداڵ ناخەنە بەر خوێندنی کوردی.
بەشێکیشیان پەنجەی پەشیمانی دەگەزن لەخستنە بەرخوێندنی کوردی منداڵەکانیان، هەربۆیە کەڵکەڵەی ئەوە دەکەن لە خوێندنگە کوردییەکان بیانگوێزنەوە بۆ خوێندنگەی عەرەبی. رەنگە بوترێت ئەم قسانە پێچەوانەکەشی راستە، واتە حاڵەتمان هەیە کە خوێندکاری کورد لە خوێندنگەی عەرەبییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ خوێندنگەی کوردی، بەڵام باسەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی هەر لە بنەڕەتدا خوێندکاری کورد بخرێتە بەر خوێندنی عەرەبی؟ بێگومان سادەترین مافی هەر تاکێک ئەوەیە بە زمانی دایک بدوێت و بخوێنێت و بنووسێت، ئەمە جگە لە بەکارنەهێنانی زمانی کوردی، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەلایەن پەرلەمانتارە کوردەکان! ئایا بەهەند وەرنەگرتنی، ئەم مافە دەستوورییە، نابێتە هۆی بە کەم سەیرکردن و کەم بایەخدارکردنی زمانی شیرینی کوردی لای تاکی کورد؟!
بێگومان ئەگەر وردتر بیربکەینەوەو دوورتر بڕوانین، لەحاڵەتی جەخت لەسەرنەکردنەوەو بەرجەستە نەکردنی ئەم مافە دەستووریە، دەبینە هۆی کاڵبوونەوەی ناوەڕۆکی ماددەکە لە (زەهنی) تاکی کوردیدا، لەکاتێکدا دەبوو بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەم دەقە دەستوورییەدا بکەین، کە ببێتە نەریتێکی دەستووری سازش لەسەرنەکراو، مەگەر یەکێک لە گرنگترین بنەما سەرەکییەکان بۆمانەوەی هەر نەتەوەیەک زمان نییە؟ ئایا خەباتی چەندین ساڵەی میللەتی ئێمە (کورد) لەپێناو پاراستنی خاک و زمان نەبووە؟!