ساڵانە لەگەڵ کۆتایی هاتنی پشووی هاوین و کردنەوەی دەرگای خوێندگەکان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، خوێندکارانی خوێندنگە حکومییەکان دووچاری مەڵۆیەک کێشە و گیروگرفت دەبنەوە، کە خۆی لە نەبوونی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە لە پۆلەکاندا، نەبوونی خواردنگەیەکی رێک و پێک، نەبوونی باخچەیەکی دڵگیر کە بتوانن لە کاتی پشوودا تێیدا ئارام ببنەوە، رێژەی زۆری قوتابییان لە پۆلەکاندا، پەرەنەدان بە بەهرە و توانا عەقڵییەکانیان، نەبوونی توێژەری پێویست کە لە کاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ کێشە و تەنگ و چەڵەمەکاندا هانای بۆ بەرن و...هتددا دەبینێتەوە.
زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێم، خوێندنگە حکومییەکان زیاتر شوێنێکی داخراون وەک لەوەی کایەیەکی فێرکردن و پەروەردەکردن بن، هەر لەبەر ئەمەشە، بەشێک لە خوێندکاران پەنا دەبەنە بەر خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، چونکە لە بەرامبەر ئەو هەموو کەم و کورتیانەی ئاماژەم پێکرد، لە خوێندنگەی حکومیدا، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان سیستمێکی نوێی پێشکەوتوو لە خوێندن پێشکەشی خوێندکاران دەکەن، واتە بەهرە و توانای خوێندکار لە باڵاکردندا بەگەڕ دەخەن، خوێندکار فێری چەندین زمانی بیانی دەکەن، بینای تایبەت، باخچەی دڵگیر، خواردنگەی رێک و پێک، توێژەری پێویست بۆ خوێندکاران و...هتد دەستەبەر دەکەن، جگە لە رەخساندنی هەلی کار بۆ چەندین مامۆستا و دەرچووی کۆلێژی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەڵام ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە لە بابەتەکە بڕوانین، سەرباری ئەو هەموو خاڵە بەهێز و لایەنە باشەی کە ئاماژەم پێ کرد لە خوێندنگەی (نێودەوڵەتی)دا، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان یەکێکن لەو کایانەی رۆڵ دەگێڕن لە قووڵکردنەوەی چەمکی چینایەتی لەم دۆخە سەخت و ناهەموارەدا، کە هاووڵاتییان دەستەبەری مافە داراییەکانیان ناکرێت و بە دەست بێکارییەوە دەناڵێنن، چونکە وەرگرتن لەم خوێندنگانەدا ساڵانە پێویستی بە تێچوویەکی زۆر هەیە، هەر بۆیە تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن منداڵ بخەنە بەر خوێندنگەی (نێودەوڵەتی)، کە لە رووی داراییەوە بەهێزن و خوداپێداون، خێزانی کەم دەرامەت و هەژار بۆیان ناڕەخسێت منداڵ بخەنە بەرخوێندنگەی لەم چەشنە (نێودەوڵەتی)، بەڵکو تەنیا بەحەسرەتن کە ئەوانیش بیانتوانیبایە ئەو دەرفەتەیان هەبێت تا منداڵەکانیان لە خوێندنگەی ئاست بەرز بخوێنێت، ئەمەش جارێکی تر کۆمەڵگا بەسەر دوو چینی جیاواز لەئاستی ژیانکردندا دابەش دەکات، چینێک لە ئاستێکی بەرز و دڵخوازی خۆیدا دەژی و چینێکیش تەنیا تەماشای دەکات و خەفەت دەخوات. زۆرجاریش بەشێک لە خوێندکارانی خوێندنگەی ئاماژەپێکراو(نێودەوڵەتی)، جۆرێک لەخۆباییبوونیان پێوە دیارە و خۆیان هەڵدەکێشن بەسەر خوێندکارانی دیکەدا، بەمەش هەستی خۆبەکەمزانینیان
لادروست دەکەن.