شنەی شەماڵ بە فیڕۆی دا

08:21 - 2022-06-19
ستران عەبدوڵڵا
511 خوێندراوەتەوە

ئەم زەمەنە هەمووی لە کاتی عیراقییەکان دەڕوات، لە وەخت و سەعات و دوا رۆژیان دەڕوا و بە تێکڕا ناویان لێناوە بنبەستی سیاسی، خەرجییەکی زۆر و بە هەدەردانێکی زۆرتر. 
لە وڵاتان کە بیرۆکەی سیاسی تازە، یان رەوتی سیاسی تازە پەیدا دەبن، دەبنە باعیسی دەوڵەمەندی و زیندوێتی و جۆشدانەوەی کایەی ژیان. لە عیراق ئەمانە دەبنە بۆنەی چەقبەستوویی و لە جێی خۆ راوەستان و پێکۆتەیەکی بێ مانا. دەبنە سەرباری دەردەکان و ژمارەیان دوو کەڕەت دەکات، گوایە دوای نۆزدە ساڵ لە کەوتنی بتی سەدام، لە ناوجەرگەی بەغدا، ئەمەی دێ دەورانێکی تازە و لاپەڕەیەکی سپییە کە عیراقییە (تازەترەکان) پڕی دەکەنەوە لە جێی عیراقییە (تازەکانی) کە دوای پڕۆسەی ئازادی هاتنە سەر حوکم.
(ئاخرە باخن ) وەک تورکمان دەڵێ. وا لە جێی کردنەوەی گرێی دەست، گرێی دەم لێو ئازار دا و پەتی زبری تەڕ کردووە، ئەگەر جاران گوایە کێشەی بەشبەشێنە و دابەشکاری کورد و شیعە و سوننە بووە، وا دەبینین سێ کێشە بۆتە شەش : دوو شیعە و دوو سوننە و دوو کورد. 
جا ئەمانە جیا لە یەکتری لە دوو وڵاتی جیا سیاسەت ناکەن، بەڵکو هەر لە عیراقن و هەر لە راڕەوەکانی بەغدا بەر یەک دەکەون 
دەرئەنجامی ئەم قەرەباڵغییە ئەوەیە لە جیاتی گۆڕانکاری بە گوژم و بنچینەیی، دەبینین کارەکە لە نیوەی رێ پەکی کەوتووە، نرخەکەی عیراقییەکان دەیدەن، ئۆباڵ بە ئەستۆی ئەوانەیە نە بنەمای تەوافق رەچاو دەکەن و بە تەوافق بە دوای چارەدا دەگەرێن.
گشتی تەلەف و زیانە لە رۆژ و ژیانی خەڵک دەڕوا، جا سبەی لەم یارییە سیاسییەدا کەس خاوەندارێتی لە زەرەر و زیانەکان ناکات و نایانبژێرێ، مەگەر بەناوی تەلەفی خۆڕاییەوە قەید بکرێت، یان وەکو رستە بەناوبانگەکەی ئەکتەری ناسراوی میسر( یەحیا شاهین) کە لە لاپەڕەی رۆمانی (بين القصرين)-ی نەجیب مەحفوزەوە گوتی:
بنووسە، کەلوپەلی ئەوتۆ کە شنەی  شەماڵ بە فیڕۆی دا

وتارەکانی نوسەر