د. موحسین ئەدیب*
لاکردنەوە لە کاک ئەحمەد، لاکردنەوە نییە لە تەنها کەسێک، هەروەک چۆن گرنگیدانیش نییە تەنها بە شارێکی وەک سلێمانی، لەوەش زیاتر گەڕانەوە بۆ کاکی کاکان بە تەنها گەڕانەوە و وەستان نییە لەسەر میراتی بابان و کوردبوون (گەرچی ئەم زاتە و ئەم شارە و کوردبوون شایستەی هەموو لا لێ کردنەوەیەکن)، بەڵکو زیاتر لەمانە، لاکردنەوە و گرنگیدانە بە دید و روانگە و جیهانبینییەک، کە لەئێستادا لەهەموو کات زیاتر کورد و عیراق و ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت کۆی جیهانیش پێویستی پێیەتی.
ئەو جیهانبینییەی کە سەرەتاکەی بە دادی کۆمەڵایەتی چەکەرە دەکات و بە پێکەوەژیانی راستەقینە بەردەوامی بەخۆی دەبەخشێت، بە قەبوڵکردنی فرەیی و جۆراوجۆری خۆی دەڕازێنێتەوە. دیدێک کاکی کاکان بڕوای پێیەتی و تەنزیری بۆ دەکات و شەونخونیش بۆ بەرجەستەکردنی دەکێشێت.
کە باسی لاکردنەوە و گەڕانەوە دەکەین، راستەوخۆ مێژوو دێتە زەینمانەوە، بەڵام کێشەکە لە دیدماندایە بۆ مێژوو. لەڕاستیدا مێژوو ئەوەندەی ئەوەیە کە روویداوە، زیاتر ئەوەیە کە روودەدات. واتە مێژوو ئەوەندەی لە دوێنێدایە، زیاتر لەوە لە ئێستادایە، مێژوو شتێک نییە لەدەرەوەی ئێمەدا، بەڵکو تەواو لەئێستادا و لەناو ئێمەدایە، ئێمەی ئێستا و ئێمەی ئێرە. بەمانایەکی تر چەندێک رووداوگەلێکە کە لە دوێنێدا روویانداوە و کاریگەریان لەسەر ئێمە هەیە و ئێستامان بۆ فۆڕمەلە دەکەن، زیاتر لەوە، ئەوە ئێمەین سەرلەنوێ مێژوو بەرهەم دەهێنینەوە، لە رێگای سەرلەنوێ خوێندنەوەی رووداوەکانی دوێنێ و دوبارە داڕشتنەوەی و مانا پێبەخشینەوەی، ئێستا و دواجار داهاتووشی پێ دروست دەکەین.
بۆچی مێژوو پتر لەوەی لە دوێنێدا بێت، لەئێستادایە؟
لێرەدا دەتوانین لە دوو خاڵدا ئەوە زیاتر روون بکەینەوە، بۆچی مێژوو پتر لەوەی لە دوێنێدا بێت، لەئێستادایە:
یەکەم: لەو روانگەیەوە کە زۆرینەی کۆمەڵگای مرۆیی بە خۆی بزانێت یان نەزانێت، گیرۆدەی یادەوەریی خۆیەتی تا ئاستی کۆیلەبوون، خالقی ئەو یادەوەرییەش، دوێنێ و رووداو و بڕوا و بیرکردنەوەکانی دوێنێیە. بەو مانایەی هۆکاری سەرەکیی پشت جۆری پەیوەندییەکانمان، دۆستایەتی و دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان و نەتەوەکان و ژیارەکان و...هتد، پەیوەندیی بە ئێستا و بە خۆمانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ئەوانەوە هەیە، ئەوانی کە لە دوێنێدابوون و یادەوەرییەکی جەنجاڵیان بۆ چنیوین و لەرێگایەوە کۆنترۆڵیان کردوین. بۆیە گەر هۆشیاریمان بەم خاڵە نەبێت و لە جادوی یادەوەری نەگەین، ناتوانین لە ئەلفوبای مێژوو و کاریگەرییەکانی تێبگەین. سەرەتای تێگەیشتن لە گەوهەری یادەوری، سەرەتای تێگەیشتنمانە لە مێژوو. گرنگی ئەم تێگەیشتنەش لەوەدا دەگاتە ترۆپک، کە بە تەنها رزگارمان ناکات لە بەکۆیلەبوونی مێژوو، بەڵکو دەمانکاتە سەروەری مێژوو، رێگا نادات ببین بە ژێر مێژووەوە، بەڵکو هاوکارمان دەبێت لەوەی مێژوو ئەسپەردە بکەین، زیاتر لەوەش تەحەکوم بکەین بە یادەوەریی و ئەو مێژووەی ئەو یادەوەرییە جەنجاڵەی بۆ خوڵقاندووین.
دووەم: پیشەسازیی دروستکردنی مێژوو لەئێستادا، رەنگە هیچ پیشەسازییەک، بە ئەندازەی پیشەسازیی چنین و دروستکردنی مێژوو، کاریگەریی لەسەر مرۆڤ نەبوبێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، سەرمایەی هیچ پیشەسازییەکیش ناگاتە ئاستی ئەو سەرمایەیەی کە لەم پیشەسازییەدا بەخەرج درابێت و بەخەرج دەدرێت. رۆژ بە رۆژیش رێژەی ئەم سەرمایەیە قەبەتر و بەرفراوانتر نەبێت.
بۆیە گەڕاوینەتەوە بۆ کاک ئەحمەدی شێخ تا بە خۆمان و بە دونیاش بڵێین، پێکەوە ژیان و بڕوابوون بە قەبوڵکردنی جیاوازییەکان ریشە و قوڵایی هەیە لە مێژووی ئێمەدا
هەر لە خۆوە نەوتراوە مێژوو دەسەڵاتدارەکان یان براوەکان دەینووسنەوە، چونکە نووسینەوەی مێژوو هەم پێویستی بە دەسەڵاتە، هەمیش بە سەرمایە، هەمیش دەسەڵاتی زیاتر و سەرمایەی زیاترت پێدەبەخشێ، چونکە نووسینەوەی مێژوو رێک پیشەسازیی دروستکردن و بەرهەمهێنانی مێژووە. نووسینەوەی مێژووش هیچ نییە جگە لە بینینی رووداوەکانی دوێنێ وەک مادە و کەرەستەی خاو و بەرهەمهێنانی کاڵای نوێ، کاڵایەک کە بە دەردی ئێستا بخوات و برەوی هەبێت، کاڵایەک کە بە زەوق و بە بەری واقیعی ئێستا و مرۆڤەکانی بخوات.
لێرەوە نووسینەوەی مێژوو زیاتر لەوەی گێڕانەوەی رووداوەکانی رابردوو بێت، سەرلەنوێ دروستکرنەوە و بەرهەمهێنانەوەیانە بە عەقڵی ئێستا و بە تواناکانی ئێستا. کاتێکێش باسی پیشەسازیی نووسینەوەی مێژوو دەکەین، بە تەنها مەبەستمان کتێب نییە، بەڵکو مەبەستمان کۆی ئامرازەکانی دیکەی گێڕانەوەیە، لە شانۆ و تابلۆ و وێنەوە تا دەگاتە گوتاربێژی و شیعر و چیرۆک و رۆمان و سینەما و...هتد.
ئێستا زیاتر لە کتێبەکان سینەما زەقترین و کاریگەرترین ئامرازە بە دەست پیشگەرانی مێژووەوە، فیلمەکان، دراماکان زیاتر لەوەی مێژوومان بۆ بگێڕنەوە، مێژوومان بۆ بەرهەمدەهێننەوە. لێرەوە دەشێت وەک هەر پیشەیەکی دیکە و پیشەسازییەکی تر، پیشەگەری باش و خراپمان هەبێت، پیشگەر هەبێت بەرهەمی زیانبەخش و کوشندەمان بۆ بەرهەم بهێنێت، بەرهەمێکمان بۆ دروست بکات هەر بە بۆگەنی و ماوە بەسەرچووییەوە لە کارگەوە بۆ بهێنێتە دەرەوە . پیشەگەریش هەبێت بەرهەمی ناوازە و سوودبەخش و پڕ وزەی ئەرێنیمان بۆ بەرهەمبهێنێت. بەرهەمێک کە ئێستامان بۆ بڕازێنێتەوە لە رێگای جوان بینینی دوێنێوە. پێشەگەرێش هەیە ئێستامان بۆ وێران دەکات لە رێگای دزێو بینینی دوێنێوە.
راستی پیشەسازیی دروستکرنی مێژوو
بێگومان ئەوەی راستی (پیشەسازیی دروستکرنی مێژوو) دەسەلمێنێت زۆر شتە، لەوانە:
یەکەم: روانگەی توێژەر و مێژوونووسەکان و فیلمسازەکان و...هتد. بۆ رووداوێک یان رووداوگەلێکی دیاریکراو جیاوازە و هەر یەکەیان بە جۆرێک دەیگێڕنەوە، واتە جیاواز بەرهەمی دەهێننەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە و دەبێت لەسەری بوەستین ئەوەیە ئەم جیاوازییە زیاتر لە هەر هۆکارێکی دیکە پەیوەندیی بەو دید و جیهانبینی و دۆخە دەروونییەوە هەیە کە مێژوونووسەکە یان فیلمسازەکە بۆ رووداوەکان هەیەتی، نەک نەشارەزاییان و کەمی زانیارییان بە رووداوەکان.
دووەم: تەرکیز و جەخت لێ کردنەوە لەسەر وەستانی زیاتری پیشەگەریی مێژوو (توێژەر و مێژوونوس و دەرهێنەر و...هتد) لەسەر رووداوێک، پەیوەندیی و دۆخێکی مێژوویی زیاتر لە رووداو و دۆخە مێژووییەکانی دیکە. بە نموونە گەر توێژەر و مێژوونوس و سیناریست و دەرهێنەرێک بیەوێت مەرگدۆستی و لەناوبردنی ئەوانی دی و سڕینەوەی جیاوازییەکان و تاکڕەوی لەناخماندا بچێنێت، ئەوا دێت بە تەنها ئەو رووداوانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە مەرگدۆستیمان لا تۆختر دەکەنەوە، ئەو تێکستانەمان بۆ راڤە دەکەن کە رەوایی بە سڕینەوەی ئەویدی دەدەن، زیاتر زوومی کامێراکان لەسەر ئەو کارەکتەرانە دەبێت پاڵەوانی مەرگدۆستی بوون و دونیایان لە رەنگینییەوە بۆ رەش و سپییەتی گواستوەتەوە.
بە پێچەوانەشەوە گەر پیشەگەرانی مێژوو ژیاندۆست و ئاشتیخواز بن، ئەوا فۆکەسیان زیاتر لەسەر ئەو کایانە دەبێت کە ژیاندۆستیمان تێدا دەچێنن.
لەم روانگەیەی سەرەوە ئەوەمان لا روون دەبێتەوە کە مێژوو وەک هەر کایەیەکی دی دوو سەرە، دەکرێت لە رێگایەوە ئێستا و ئایندەمان بۆ ئاوەدان کاتەوە، یان بە پێچەوانەوە بۆمان کاول و سەراوژێر بکات. لێرەوەیە یەکێک لە پێوەرەکانی دواکەوتوویی و پێشکەوتوویی ژیاندۆستی و مەرگدۆستی هەر میللەت و نەتەوەیەک بریتییە لە شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ مێژوو و پیشەسازیی میژوو و مێژووگەریەتیدا.
بۆیە کاتێک ئێمە (بەڕێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و رێکخراوی بەرزجا) دەگەڕێینەوە بۆ کەسایەتییەکی ئاینیی، رۆحانی و مرۆڤدۆست و خاوەن بڕوایەکی قووڵ بە پێکەوەژیانی جیاوازییەکان و قەبوڵکردنی یەکتری ...وەک کاک ئەحمەدی شێخ و دیداری بۆ رێکدەخەین، ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنی دۆخی ئێستا و مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەیە، مەبەستمانە لە رێگای کاکی کاکانەوە، لا بە لای گوتاری پێکەوەژیاندا بکەینەوە. بە دونیا و بە خۆشمان بڵێین هیچ دژایەتییەک لە نێوان دینداری و ژیاندۆستیدا نییە، زیاتر لەمەش دینداریی راستەقینە بەوە دەپێورێت و لە دیندارە ساختەکان جوێ دەکرێتەوە کە بڕوای تەواوی بە لێبوردەیی و فرەیی و پێکەوە ژیانی جیاوازییە ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی و رەگەزی و سیاسییەکان هەبێت و لەپێناو پاراستنیاندا تێبکۆشێت، بێگومان لەبەر یەک دونیا هۆکار، لەسەروو هەموویانەوە یەک هۆکاری سەرەکی هەیە، کە بریتییە لەسەرچاوەی ئەو فرەیی و جیاوازییانە، لە خالق و پەروەرێنی ئەو رەنگینییە کە خودا و بەدیهێنەری جیهانیانە. بۆیە زۆر سانا دەشێت بڵێن بڕوادار و ئاینداری راستەقینە بەوە لە ئایندارە موزەیەف و ساختەکان جوێ دەکرێتەوە کە لەپێناو پاراستنی جیاوازییەکاندا بژی، گەر بەتەنها لەبەر ئەوەش بێت کە دروستکەری ئەو جیاوازییانە خودایە، هەموو هەوڵێک گەرچی کەمیش بێت بۆ سڕینەوەی ئەو رەنگینییەی ناو کۆمەڵگای بەشەری، نەک لانیکەمی ئاینداری نییە، بەڵکو پێچەوانەی ئیرادە و ویستی خودایە، زۆر لەوەش زیاتر بینینی خۆتە وەک خودایەک، خوداتر لە خودا و گەورەتر لە خودای خالقی جیاوازییەکان و جوانییەکان.
مێژوو وەک هەر کایەیەکی دی دوو سەرە، دەکرێت لە رێگایەوە ئێستا و ئایندەمان بۆ ئاوەدان بکاتەوە، یان بە پێچەوانەوە بۆمان کاول و سەراوژێر بکات
پوختە:
بۆ ئەوەی جادوی ئەو گوتارە خاوکەینەوە، کە بە ناوی دیندۆستییەوە، دەمانکاتە دوژمنی دین. بەناوی خوداناسیی و نزیککردنەوەمان لێی، پەروەرێنمان لێ دەشارنەوە و لەخودا دوورمان دەخەنەوە، گەڕاوینەتەوە بۆ کاک ئەحمەد تا بە خۆمان و بە دونیاش بڵێین، پێکەوە ژیان و بڕوابوون بە قەبوڵکردنی جیاوازییەکان ریشە و قوڵایی هەیە لە مێژووی ئێمەدا، شۆڕەسواری مەزنمان هەبووە، کاک ئەحمەدی شێخ، کاکی کاکان یەکێکە لەو شۆڕەسوارانە (چەندین نموونە و رووداو هەن دەیسەلمێنن، کە کاک ئەحمەد بڕوای تەواوی بە پێکەوەژیانی ئاینەکان هەبووە، بە کردەوەش ئەوەی سەلماندووە و توێژینەکانی ناو ئەم کتێبە ئەمەیان سەلماندوە)، بەڵام کەمتەرخەمی لای ئێمەیە کە نەمانتوانیوە پیشگەرێکی باشی بواری مێژوو بین و لە رێگای تیشکخستنە سەر ژیان و کار و کردەوە و نووسراوەکانیانەوە ئێستامان رووناک و پرشنگدار بکەین. رێگا نەدەین مەرگدۆستان بە مومارەسە و بڕوای ناچیز و نامۆ بە کوردەواریان، رۆحی کوردبوون و کاک ئەحمەدەکانی شێخمان لێ بشارنەوە، بەکەمبینین و سڕینەوە و لەناوبردنی ئەوانیترمان بە گەوهەری ئاین پێ بفرۆشنەوە.
* بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی
وێنەیەکی خەیاڵی کاک ئەحمەدی شێخ