یادکردنەوەی ئەنفال دوور لە کڕووزانەوە

04:11 - 2025-04-14
جەمال ئارێز
63 خوێندراوەتەوە

بەشی ئەوە بەڵگە و دیکۆمێنت لەبەردەستدایە کە چیتر جینۆسایدی ئەنفالی گەلی کوردستان وەک بۆنەیەک بۆ تێڕامان لە کڕووزانەوە و گریانی پیرە ژن و پیرە پیاوانی گەڕاوەی دۆزەخی نوگرە سەلمان و تاقانە بەجێماوەکان لە رۆژانی یادکردنەوەی شاڵاوە قۆناغ بە قۆناغەکانی ئەنفالدا نەبینین، بەڵکو ئیتر کاتی ئەوەیە هێندە ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانە کۆبکەینەوە و وردەکارییەکانیان لەسەر ئاستە جیاجیاکان ساغ بکەینەوە و کاریان لەسەر بکەین، کە هەر تاوانبارە و بەگوێرەی تاوانەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی کوردستان و عیراق و لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش ئۆباڵی تاوانەکەیان لەئەستۆ بگرن و تاڵاوی سزاکەشی بنۆشن.
ئەگەر جینۆسایدی ئەنفال وەک رووداوی کوشتنێکی (جنائی)ی ئاسایی-ش وێنابکەین، ئەوا دەبێت ئەوە رەچاوبکەین کە تاوانکار و تاوانلێکراو، تیمی پارێزەرانی بەرگریی لێیان، داواکاری گشتی، دادوەر، شایەتحاڵ، بەڵگە و دیکۆمێنتە ماددیی و مەعنەوییەکان، هەموویان پێکەوە بەشێکن لە کەرەستەکانی پرۆسەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، ئەوە چجای تاوانێکی گەورەی وەک ئەنفال کە قوربانییەکانی دەیان هەزارن و بکەرەکانیش لانیکەم هەزاران کەسن لە بڕیاردەرەوە بۆ جێبەجێکار، ئەوە جگە لەوانەی هاوکار بوون و کارئاسانییان کردووە و کەرەستەکانی جینۆسایدەکەیان دەستەبەر کردووە.
وەک بینیمان لە ناوەڕاستی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق بابەتی جینۆسایدی ئەنفالی وەک بابەتێکی گەرم هێنایە ناو شانۆی دادگاییەکەوە، بەڵا ئەو گەرموگوڕییەی سەرەتای دادگاییەکە، تا کۆتاییەکەی وەک خۆی نەمایەوە، بەوپییەی لەسەر چەند کەیسێکی جیاواز و تا راددەیەک لاوەکیتر تاوانکارە سەرەکییە خاوەن بڕیارەکانی جینۆسایدی ئەنفال یان لەسێدارە درابوون، یان بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، بۆیە بۆ تاوانبار و تاوانکارە دووەمین و سێیەمینەکان رێگەکە تەخت بوو تا زۆرێک لە تاوانەکانی خۆشیان بسوون بەشانی گرووپی یەکەمدا.
ئەوەی ئێستا مایەی تێڕامانە، بێدەنگە لێکردنی ئەو دادگایە و خاوبوونەوەیەتی لەدوای لەسێدارەدانی تاوانکارە سەرەکییەکان، چونکە وەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێدا لە تاوانێکی جینائیی ئاساییشدا هەم بڕیاردە و هەم بکەر و هەم هاوکار دەبێت هێندەی بەشدارییان لە تاوانەکەدا سزای خۆیان وەربگرن و هەم قوربانی و کەسوکاریشیان قەرەبوو بکرێنەوە، جا چجای بۆ تاوانێکی وەک جینۆساید، کە تا ئێستا نە بەشێوەیەکی فیعلی لەسەر ئاستی عیراق وەک جینۆساید ناسێنراوە و نە حکومەتی عیراقیش وەک میراتگری رژێمی پێشوو قەرەبووی ماددیی زیان لێکەوتووانی ئەو جینۆسایدەی کردووەتەوە. 
کاتی ئەوەیە ئەو لایەنانەی لە هەرێم و لە بەغداش خۆیان لە کەیسی ئەنفال و تاوانەکانی دیکەی رژێمی پێشوو کردووەتە خاوەن، لانیکەم بۆ پەرێز پاکیی خۆیان، هەم راشکاوانە تۆمەتبار و تاوانبارەکان دیاری بکەن و پەلکێشی بەردەم دادگایان بکەن، هەم ئەرکە ئەخلاقییەکەیان لەسەر بنەمای بەڵگە و دیکۆمێنتەکان لەئەستۆبگرن، چ لەڕووی دۆزینەوەی روفاتی ئەوانەی تا ئێستا شوێنبزرن و چ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان، خۆ ئەگەر وانەکەن، ئەوا تاوانی ئەوانەی بەدیار گریان و شین و واوەیلای کەسوکاری بەجێماوی ئەنفالەکانەوە دەستەونەزەر دەوەستن، شتێکی ئەوتۆی لە تاوانی ئەنفالکردنی کەسوکارەکەیان کەمتر نابێت. 

وتارەکانی نوسەر