کاتێک ساڵی 1987 عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیاوی، کرایە بەرپرسی (مەکتەبی شیمالی حزبی بەعس)، هەرزوو بڕیاری کوشت و بڕی کوردی دا، لە بڕیارێکی شەش خاڵیدا، رووبەرێکی فراوانی کوردستانی کرد بە موحەڕەمە و بڕیاریشیدا هەرکەس لەو ناوچانە ببینرێن بکوژرێن، سوپاشی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، هەروایشی کرد، تەنانەت وتی: (وەک بزن سەریان دەبڕم)، موستەشارە جاشە کوردەکانیشی رەزیل و سەفیل کرد.
لەدوای بڕیارەکانی مەکتەبی باکووری بەعس، کوردستان دەشت و گوندی کەوتە بەر شاڵاوی سڕینەوە، تەنانەت نووسەرێکی وەک پیتەر گالبرێس سەرنجی ئەمریکا بۆ ئەوە رادەکێشێت، لە سنووری گەرمەسێر هەرچی گوندی عەرەبە بە پێوەیە، لێ هەرچی گوندی کوردە کراوەتە سوتمەرۆ، سیاسییەکی کوردیش هەر لەو سەروبەندە یان دواتر کتێبێکی بچووکی بە نێوی جەولەیەک لە زەویی قەرەبروتا نووسی، کەسانی دیکەش زۆریان لەبارەی ئەو مەترسییانەوە نووسی، هەڵبەت مەترسیی راستی لە سنووری پارێزگای کەرکوکدا بوو، ئەو شارەی پێشتریش بە بیانووی هەمەجۆر بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەدا بوو، گوندەواری کوردی کەرکوک جارێک بە بیانووی پشتوێنەی ئەمنی، جارێک بە بیانووی بوونی (موخەڕیب) خۆیان وتەنی، بەتایبەتی سەردەمی حەرەس قەومی، جارێکیش بە بیانووی ئەنفال واتە چەندین جار تەفر و تونا کران، من ئەمە وەک بەردەوامیی سڕینەوە سەیر دەکەم، با سەردەمیش جیاواز بن.
ساڵی 2015 بۆ تێگەیشتن لە جینۆسایدی کوردی کەرکوک، پازدە گوندی ئەو سنوورەم وەرگرت، پێش ئەنفال بە ساڵێک چۆن بوون و دوای ئەنفال بە زیاتر لە 25 ساڵ چیان بۆ کراوە و بە گشتی چی کراوە، راستی تووشی سەراسیمەیی بووم، بەوەی چۆن خۆمان، (کورد کردەنی) درێژە بە ستەمکاریی ئەنفال دەدەین.
لەو بەراوردەدا بۆم دەرکەوت، دەسەڵاتی کوردی نەک نەیتوانی برینی ئەنفال ساڕێژ بکات، نەک نەیتوانی بە جۆرێک قەرەبووی ئەو ستەمە بکاتەوە، نەک نەیتوانی ئەنفال و جینۆساید بکاتە دەرفەتێک بۆ پەڕینەوە بۆ خۆ خاوەنی، هەروەها نەک نەیتوانی چوار تاوانباری خۆیی سزا بدات، بگرە، بە پەراوێزخستنی گوندەواری کەرکوک و بە ئاشتنەکردنەوەی وەرزێری کورد لە تەک زەویەکەیدا، درێژەی بەو خەمە نیشتمانی و کۆستە گەورەیەدا.
ئێستا پارێزگایەکی وەک کەرکوک، کە لانیکەمی سێ بەش لە چواری دەوروبەرەکەی، کۆی گوند و ئاوەدانی دەوروبەری لە یەک دوو شوێنی تەنگەبەرەوە نەبێت، خڕ کورد بوون، بە جۆرێک ئەو پشتوێنە ئاسایشە کوردییە هەلا هەلا بووە، کە ئەگەر وابڕوات، چەند ساڵێکی دیکە زۆر شوێنی دی بە دەردی حەویجە دەچن، نەک لە رووی عەرەباندنەوە، نا لەو رووەوە کە ئیدی هیچ ئومێدێک بەدی ناکرێ، بۆئەوەی جووتیار و کشتکاری کورد، پەیوەندیی لەتەک ئەو خاکەدا دروست بکەنەوە، نەک هەر ئەوەندەش تەنانەت لە هەندێ شوێن، ویستێکی گەورە لەلایەن موڵکداری کوردەوە هەیە، بۆئەوەی بیفرۆشێ و خۆی وتەنی لە کۆڵی بێتەوە.