نۆیەمین دیداری سلێمانی جگەلەوەی بۆ گەیاندن و شرۆڤە و خستنەڕووی چارەسەر و راسپاردە و دەنگ و روئیای بەرپرسانی سیاسیی هەرێم و عیراقە بە نوێنەرانی بەشداربووی دیدارەکە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، هاوکات خستنەڕووی سەنگی سلێمانی و هەرێمی کوردستانیشە چ لەڕووی دیدگا و تێڕوانینی ئەوانەی کە لەڕووی سیاسی و کارگێڕییەوە ژمارەن و چ لەڕووی نیشاندانی ئەو کەشەی لەم دورگە ئارامەی ناو دەریای پڕ لە کێشمەکێش و جەنگ و کوشتاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرارە.
ئەگەرچی کەلتوری کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی بەو جۆرە هەڵکەوتووە کە کەس وەک دوژمن و ناحەز نابینێت، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە لە زۆربەی کەناڵ و میدیا جیهانییەکاندا یان راستتر بڵێین میدیا ئیقلیمییەکان و بگرە بەشێک لە میدیا ئۆپۆزسیۆن و رکابەرە ناوخۆییەکانی سلێمانییەوە کەمترین ئاماژەش نابینین بە لایەنە پۆزەتیڤەکانی ئەم سنوورە و بەجۆرێک وێنای دۆخی سیاسی و ئەمنی دەکرێت کە چاودێرانی سیاسی و ئەوانەی بایەخ بە بابەتەکانی پەیوەست بە ئابووریی و وەبەرهێنان و گەشتیاری دەدەن، سڵ لەوە بکەنەوە کە خۆیان لە قەرەی سلێمانی بدەن، یان لانیکەم لە دەلاقەی میدیاوە هیچ زانیارییەکی راست و دروستیان دەست بکەوێت تا ئەگەر بیانەوێت لەو بوارانەدا وەبەرهێنان بکەن هەنگاوێکی پراکتیکی بنێن.
لە رووکارە سیاسییەکەشەوە دیداری سلێمانی و هاتنی ئەو هەموو کەسایەتییانە لەو ئاستە باڵایەدا، ئەو دەنگۆیانە بەدرۆ دەخاتەوە کە دەیانەوێت بەناوی پاراستنی هاوسەنگیی سیاسییەوە وای بۆ جیهان وێنا بکەن کە بەڵێ هێزی بێگانەی ئیقلیمی لە سنوورەکانی هەولێر و دهۆک لەشکرکێشییان کردووە و سنووری هەرێمیان بەزاندووە، بەڵام ئەوە جۆرێکە لە دابەشبوونی هەرێم بەسەر هەژموونی ئیقلیمیدا و سلێمانیش لەژێر هەژموونی وڵاتێکی دیکەی ئیقلیمیدایە، بۆیە رەنگە ئەو سەردان و بەریەککەوتنە راستەوخۆیە بە سلێمانی باشترین بەڵگە بێت بۆ ئەو سەرکردە و سیاسەتمەدار و میدیایانەی بەبۆنەی دیداری سلێمانییەوە دێن، تا بەچاوی خۆیان دۆخەکە ببینن و بزانن ئەو دەنگۆیانە تەنها (بن لاکین)ەکانی سیاسەت و میدیان کە بەناوی پارێزگاریی لە بەرژەوەندیی خۆیانەوە زانیاریی ناڕاست لەباری دۆخی سیاسی و ئەمنیی سلێمانییەوە بڵاودەکەنەوە.
جێی خۆیەتی گرنگیی ئەو دیدارە تەنها لەو رووەوە نەبێت کە ئەو سەرکردە و کەسایەتییانە دێنە سلێمانی، بەڵکو گرنگە گوشار دروستبکرێت تا ئەو تێبینی و پێشنیاز و راسپاردە گونجاوانەی لەو دیدارەوە دەخرێنەڕوو و ناوچەکە لە گێژاو و ململانێ جەنگ و کوشتار دووردەخەنەوە، بخرێتە چوارچێوەی پلان و نەخشەڕێگەیەکەوە کە زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان هەڵوەستەیان لەسەر بکەن و بەهەندیان وەربگرن، بەمەش سەنگی راستەقینەی سلێمانی دەردەکەوێتەوە چ وەک پایتەختی رۆشنبیری و چ وەک مەڵبەندی خەباتی سیاسیی هاوچەرخ.