تیرۆریست کێیە؟

11:23 - 2025-04-21
هیوا محەمەد
153 خوێندراوەتەوە

کێشەی کورد لەهەر جێیەک بێت، یەک کێشەیە و پێی دەوترێت گەڕانەوەی ماف بۆ مافخوراوان، ئیتر بەهەر رێگایەک بێت. کورد نەتەوەیەکە دابەشبووی چەند وڵاتێکە، ئەمەش بە زۆرکراوە و خواستی خۆی لەسەر نەبووە.
لەوە دەگوزەرێین چ حزبێک یان دەستە و رێکخراوێکی کوردی یان رابەرێک، بە درێژایی مێژوو بە پاکی خەباتی راستەقینەی کردووە و کامەشیان خۆفرۆش و ئاژاوەچی و تێکدەر بووە، چونکە ئەگەر لەم جۆرانەمان نەبوایە، ئەوا بە یەکگرتوویی دەردەکەوتین و دەمێک ساڵ بوو دەوڵەتێکی یەکگرتووشمان دەبوو.
لە دوا دیداری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کەناڵی کوردساتەوە لێیان پرسی، تورکیا دەڵێت: (سلێمانی) واتا یەکێتی هاوکارییمان ناکەن بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان، لەوەڵامدا سەرۆک بافڵ تاڵەبانی وتی من ناتوانم بە پەکەکە بڵێم تیرۆریست، ئێستا لە جیهاندا هەرکەس بە ئارەزووی خۆی ئەم وشەیە بەکار دەهێنێت و کێیان بوێت تاوانباری دەکەن و تیرۆریستی دەخەنە پاڵی، بەڵام وانییە.
دیارە ئەمە مانای قووڵی خۆی هەیە و هەموان تێدەگەین چی وتووە، بۆیە دەمەوێت لەو مانا قووڵەوە بڕوانمە وشەکە و پێانسەی بکەم.
لە زەمانی شۆڕشی کورد لەگەڵ رژێمی بەعس، دوو جۆر کورد هەبوون، یەکیان پێشمەرگە بوو کە ئەوان پێیان دەووت تێکدەر( موخەریب) ئەوی تریان کە کوردی هەمان گوند و شار بوو پێیان دەووت رەفیق حزبی کە جاش بوو، ئەویان دەگیرا لە سێدارە دەدرا، ئەمەی تریان لە هۆتێل شیراتۆن پێشوازیی لێدەکراو سەروەت و سامانیان دەخستە ژێر دەستی.
واتا دوژمنانی کورد، لەو چاوەوە دەڕواننە کورد و هەرکەس ملکەچیان بێت و بە دڵی ئەوان بکات ئەوە بەشێکن لە خۆیان و رێزیان دەگرن
( هەرچەندە کاتییش) بێت، ئەوانەش کە باس لە ئامانجە سەرەکییەکە دەکەن و بەڕوویاندا دەوەستنەوە، کەسانی تێکدەرن کە ئێستا وشە باوەکەیان لێدەنێن، ئەویش تیرۆریستییە، ئەمەش قاعیدە و داعش لەم سەدەیەدا تۆخیان کردەوە، هێندەیان کردەوەی کۆمەڵکوژی و خۆتەقاندنەوە و کوشتنی بێتاوان ئەنجامدا، ئێستا تیرۆریستی بەواتای ئەو کردانە دێن.
هەر حزبێکی کوردی کە هەڵگری دروشمێکی خەباتە و دەیەوێت لە خزمەتی نەتەوەکەی بەکاریبهێنێت، ناکرێت بە تیرۆریست ناوزەد بکرێت، ئەگەر وابوو ئەو ملیونەها کەسەش کە هەڵگری بیری ئاشتی و یەکتر پەسەندکردن و پێکەوەژیانن، لە دوور و نزیکەوە پەیوەندییان بە کوشتنەوە و نییە و باوەڕیشیان پێی نییە، دەبنە تیرۆریست، بەمەش نەتەوەیەک بە تیرۆریست تاوانبار دەکرێت! ئاخر خۆ هەر کوردە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باشترین دۆستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە هەڵمەتی لەناوبردنی داعش و هەموو تیرۆریستان.
دەڵێن دۆست دەتگریەنێت، ئەمەش لەوەوە دێت کە راستییەکان و هەڵەکانی ژیانت پێدەڵێت بۆیە دەتگریەنێت، بەڵام ئەو دۆستی تۆیە بۆیە پێت دەڵێت، لە سیاسەتیشدا ئەوەی دوژمن ئافەرینی بۆ دەنێرێت و لێی رازییە دیارە چیکردووە و چۆن دڵی رازی کردووە؟ دەنا کەسێک، حزبێک، وڵاتێک بە ئاشکرا بتسڕێتەوە و لەناوت بەرێت، ئیتر چۆن هیوای لەسەر هەڵدەچنیت؟
شانازییە بۆ یەکێتی وەک حزبێک کە لەسەرەتای دروستبوونییەوە لەبەرەی خەڵکدا بووە و دەیان هەزار شەهیدی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان داوە، ئەمڕۆ لە لایەن نەیارەکانییەوە گلەیی و گازندە تەنانەت هەڕەشەشی لێبکرێت، ئیتر ئەمە سەنگی مەحەکە بۆ خاوێنیی ئەم حزبە و سەرکردە و کادرەکانی، لێرەشەوە بۆ جەماوەرە دڵسۆزەکەی، لەوانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم حزبە لە روانگەی هەڵوێستە جوامێرانە و بوێرەکانییەوە دەکەن و کێشەی نەتەوەیەک بە هی خۆیان دەزانن.
سەرۆکی ی.ن.ک بوێرانە بە دوو رستە مانای تیرۆریست و چۆنێتی مامەڵە لەگەڵکردنی راگەیاند و سووربوونی حزبەکەی لە پشتگیرییکردنی دۆزی کورد راگەیاند و لەگەڵیشیدا رێگای ئاشتیی بۆ چارەسەر بە باشترین رێگا زانی و ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوکارییکردنی تورکیا لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بەردەوامبوونی گفتوگۆی ئاشتیانە.

وتارەکانی نوسەر