فلاش فیکشن

11:52 - 2022-06-21
محەمەد كەریم
393 خوێندراوەتەوە

زووم

68 

من فۆتۆگرافەرم، یەك بە یەكی قسەكانی مامۆستاكەم دەكەم بە ئەڵقە و دەیكەمە گوێم. سات بە سات وتەكانی لە گوێمدا دەزرنگێتەوە. «ئەگەر خەریكە لەبەرچاوت كارەساتێكی دڵتەزێن روودەدات، تۆ حەقی هیچت نییە، تەنیا فۆتۆی خۆت دەگریت. وایدابنێ تەقینەوەیە، یەك لە دوای یەك زرمە هەڵدەسێت، یەك دنیا خەڵك كەلەپاچە بوون، هاوار و ناڵەیان دەگاتە كەشكەلانی فەلەك، تۆ دەبیتە رۆبۆت، هەموو سۆز و بەزەییەك لە خۆت دادەماڵیت، تەنیا زووم دەكەیت و چركەساتەكان وێنە دەگریت. فۆتۆی دیمەنی پڕ ژانی قوربانییەكان دەگریت. لە هەزار و یەك گۆشەوە وێنەی سیمای فڕینی رۆحیان دەگریت ...» 
زووم دەكەم. مێروولەیەك دەبینم، چەشنی كچە مۆدێلێكی سمت و كەفەڵ سیلكۆنی كە دەم و لچی ئەستووری بۆ چەردەیەك دۆلار ئاودەكات. مێروولەی تاینیش  بە شەش قاچ و سمتێكی زلەوە هێدی هێدی بەرەو لای لوێچێك هەنگوین دەكشێت. دەوەستێت، هەردووشاخی دەخاتە زەوی و مژێك لە هەنگوینەكە دەدات. ئەزیش دەمم ئاو دەكات، دەیەوێت بڕوات، هەڵوێستەیەك دەكات، هەست دەكەم دەڵێت: «پیاو كردە پەشیمان بێت، نەك نەكردە پەشیمان». جارێكیتر لە هەنگوینەكە دەخوات، دەیكات بە سێ بە چوار بە ... هێشتا تیا ماوە، بچێت هاوڕێكانی بانگ بكات، بیكەن بە جەژن و قرتەی لێببڕن؟ لە چاوە زەقەكانیدا ئەوە ناخوێنمەوە. دەترسێت بەش نەكات، نەتوانێت خۆی لێ مڕ بكات. هەردوو شاخی بەرز دەكاتەوە. هەست دەكەم بیرۆكەیەكی سەیری بۆ دێت. لەبابەتی ئەوەی گۆم هەتا قووڵ بێت مەلەی خۆشە. وەك ئەوەی كرێكارێكی نەگبەت بێت و بۆ قوڕ شێلان خۆی هەڵبكات. بەهەر شەش قاچەكەیەوە دەچێتە ناو هەنگوینەكەوە. سمتە زلەكەشی رادەكێشێت. وەك ئەوەی لە دەمی گورگ بەربووبێت دەمی تێدەژەنێت. هێندە دەخوات خەریكە ورگیشی وەكو سمتی هەڵدەئاوسێت. وەكو سەرخۆشێك كە یەك قەڕابەی خواردبێتەوە لەناو هەنگوینەكەدا تەخت دەبێت. وەك ئەوەی بەریدابێت جووڵەیەك دەكات، دەیەوێت هەڵسێت و بڕوات بەلای ژیانی خۆیەوە. ئەمما هەنگوینی تاین وەكو موگناتیس هەموو گیانی دەگرێت. هەر زووم دەكەم، نازانم چەندی تر، بەڵام پەشیمانی لە روخساری سووركاری مێروولەكەی لەمەڕ خۆماندا دەخوێنمەوە. هەتا وشك دەبێت و دەمرێت هەر زووم دەكەم.

من فۆتۆگرافەرم، یەك بە یەكی قسەكانی مامۆستاكەم دەكەم بە ئەڵقە و دەیكەمە گوێم. سات بە سات وتەكانی لە گوێمدا دەزرنگێتەوە. «ئەگەر خەریكە لەبەرچاوت كارەساتێكی دڵتەزێن روودەدات، تۆ حەقی هیچت نییە، تەنیا فۆتۆی خۆت دەگریت. وایدابنێ تەقینەوەیە، یەك لە دوای یەك زرمە هەڵدەسێت، یەك دنیا خەڵك كەلەپاچە بوون، هاوار و ناڵەیان دەگاتە كەشكەلانی فەلەك، تۆ دەبیتە رۆبۆت، هەموو سۆز و بەزەییەك لە خۆت دادەماڵیت، تەنیا زووم دەكەیت و چركەساتەكان وێنە دەگریت. فۆتۆی دیمەنی پڕ ژانی قوربانییەكان دەگریت. لە هەزار و یەك گۆشەوە وێنەی سیمای فڕینی رۆحیان دەگریت ...» 
زووم دەكەم. مێروولەیەك دەبینم، چەشنی كچە مۆدێلێكی سمت و كەفەڵ سیلكۆنی كە دەم و لچی ئەستووری بۆ چەردەیەك دۆلار ئاودەكات. مێروولەی تاینیش  بە شەش قاچ و سمتێكی زلەوە هێدی هێدی بەرەو لای لوێچێك هەنگوینێك دەكشێت. دەوەستێت، هەردووشاخی دەخاتە زەوی و مژێك لە هەنگوینەكە دەدات. ئەزیش دەمم ئاو دەكات، دەیەوێت بڕوات، هەڵوێستەیەك دەكات، هەست دەكەم دەڵێت: «پیاو كردە پەشیمان بێت، نەك نەكردە پەشیمان». جارێكیتر لە هەنگوینەكە دەخوات، دەیكات بە سێ بە چوار بە ... هێشتا تیا ماوە، بچێت هاوڕێكانی بانگ بكات، بیكەن بە جەژن و قرتەی لێببڕن؟ لە چاوە زەقەكانیدا ئەوە ناخوێنمەوە. دەترسێت بەش نەكات، نەتوانێت خۆی لێ مڕ بكات. هەردوو شاخی بەرز دەكاتەوە. هەست دەكەم بیرۆكەیەكی سەیری بۆ دێت. لەبابەتی ئەوەی گۆم هەتا قووڵ بێت مەلەی خۆشە. وەك ئەوەی كرێكارێكی نەگبەت بێت و بۆ قوڕ شێلان خۆی هەڵبكات. بەهەر شەش قاچەكەیەوە دەچێتە ناو هەنگوینەكەوە. سمتە زلەكەشی رادەكێشێت. وەك ئەوەی لە دەمی گورگ بەربووبێت دەمی تێدەژەنێت. هێندە دەخوات خەریكە ورگیشی وەكو سمتی هەڵدەئاوسێت. وەكو سەرخۆشێك كە یەك قەڕابەی خواردبێتەوە لەناو هەنگوینەكەدا تەخت دەبێت. وەك ئەوەی بەریدابێت جووڵەیەك دەكات، دەیەوێت هەڵسێت و بڕوات بەلای ژیانی خۆیەوە. ئەمما هەنگوینی تاین وەكو موگناتیس هەموو گیانی دەگرێت. هەر زووم دەكەم، نازانم چەندی تر، بەڵام پەشیمانی لە روخساری سووركاری مێروولەكەی لەمەڕ خۆماندا دەخوێنمەوە. هەتا وشك دەبێت و دەمرێت هەر زووم دەكەم.

وتارەکانی نوسەر