یاداشته‌كانی شۆفێرێك

پارچەی یەدەكی ئۆرجیناڵ یان بازرگانی؟

10:15 - 2022-06-22
وتار
331 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید
ئەگەر شۆفێر یان خاوەن ئۆتۆمبیلیت و تا ئێستا زانیاریی پێویستت لە بارەی پارچەی یەدەك و ناسینەوە و جیاكردنەوەی جۆری ئۆرجیناڵ (ئەسڵی) و تەقلید و بازرگانیدا نییە، ئەوا نیگەران مەبە كە پێت بڵێن ئێوە زانیاریی پێویستتان لە بارەی ئۆتۆمبیلەوە نییە یان هیچی لێنازانن.

پارچەی یەدەكی ئۆتۆمبیل، جا ئەو ئۆتۆمبیلە هی هەر كۆمپانیا و هی هەر وڵاتێك بێت، سێ جۆری سەرەكیی هەیە. پارچەی یەدەكی ئۆرجیناڵ، پارچەی بازرگانی، پارچەی تەقلیدكراو. شۆفێر و خاوەن ئۆتۆمبیل دەبێت بەپێی ئەزموونی خۆی ئەو پارچە یەدەكانە جیابكاتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە نێچیرێكی ئاسان لای كۆمپانیا و سەنتەرەكانی خزمەتگوزاری و فرۆشیارانی پارچەی یەدەك.
پارچەی یەدەكی ئۆرجیناڵ بۆ دوو بەشی سەرەكی دابەش دەبێت كە بریتین لەو پارچەیەی لە لایەن كۆمپانیای دروستكەری ئۆتۆمبیلەوە و لە كاتی دروستكردنی ئۆتۆمبیلەكەدا دروست دەكرێت و لە لایەن خودی كۆمپانیا یان بریكارە رەسمییەكانەوە و لە بەشی سێرڤس دابین دەكرێت. ئەم پارچانە ژمارەیان دیاریكراوە و جارێكی تر لە لایەن كۆمپانیاكەوە دروست ناكرێنەوە.
بەشەكەی تریشیان لە لایەن كۆمپانیای دیكەوە و بە رێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیای دروستكەری ئۆتۆمبیلدا بەرهەم دەهێنرێت كە بەشێوەیەكی رەسمی ناونراوە (OEM). ئەم بەشەی پارچەی یەدەك بەوە دەناسرێتەوە كە لە هەمان كارتۆندایە كە لۆگۆی كۆمپانیا دروستكەری لەسەرە بەڵام لە رووی جۆرایەتییەوە تا ئاستێكی دیاریكراو كوالیتی نزمترە.
بازاڕی پارچەی یەدەكی ئەم بەشەی پارچەی یەدەك لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی دوای دروستكردنی ئۆتۆمبیل بەتەواوەتی دەكەوێتە بازاڕەكانەوە و بەردەست دەبێت، ئەوەی بازاڕی بۆ پەیدا دەكات نەمانی پارچەی ئۆرجیناڵ و كەمیی نرخەكەیەتی بەراورد بەبەشی ئۆرجیناڵ.
جۆری دووەمی پارچەی یەدەكی ئۆتۆمبیل، جۆری بازرگانییە. ئەمجۆرە لە رووی كوالێتی و جۆرایەتییەوە مام ناوەندە، بەڵام نرخی گونجاوترە و بڕەكەشی لە بازاڕدا زیاترە و ئاسانتر دەستدەكەوێت. كۆمپانیاكانی ئەم بوارە كەم و دیاریكراو و لە هەمان كاتدا ناسراون، بەتایبەتی هەردوو كۆمپانیای دانسو و ئەی سی دیلكۆ ناوبانگ و متمانەی بازاڕە جیاوازەكانیان بەدەستهێناوە.
جۆری سێیەمی پارچەی یەدەك، جۆری تەقلیدكراوە كە جۆرە خراپ و مەترسیدارەكەیە، ئەو جۆرەیە زۆربەیجار شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبیلەكانی پێهەڵدەخەڵەتێنرێت، ئەگەر كەسێك شارەزایی و ئەزموونی تەواوی نەبێت لە لایەن فرۆشیارانەوە پارچەی تەقلیدكراوی بەحسابی پارچەی ئۆرجیناڵ یان پارچەی بازرگانی پێدەفرۆشرێت كە زۆربەیجار كوالیتیان زۆر خراپ و بێكەڵكە و سوودی لێوەرناگیرێت.
ئەم جۆرە زۆربەیجار لە لایەن كۆمپانیاكانی دروستكەری ئۆتۆمبیل یان ئەو كۆمپانیایانەی جۆری بازرگانی دروست دەكەن بە رێكەوتن لەگەڵ كۆمپانیای دروستكەر تووشی بەریەك كەوتن و بێنە و بەردەی دادگا دەكەون، بەڵام ئەو كۆمپانیایانەی پارچەی تەقلیدكراو بەرهەم دەهێنن ئێستا فیڵ و رێگەی تر بەكاردەهێنن و ناوی رەسمی و ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانی رەسمی و لۆگۆ بەكارناهێنن، لە هەر بازاڕ و ناوچە و وڵاتێك ستیكەری بچووك، بەبێ ئەوەی زانیاریی تەواوی لەسەر بێت، دەدرێت لە كارتۆنی پارچەكان، كە زۆربەیجار لەسەر كارتۆنەكان هەمان لۆگۆی كۆمپانیای ئۆرجیناڵە بەڵام وشەیەك یان پیتێك گۆڕانكاریی تێدا كراوە بۆ ئەوەی سەر لە كڕیار بشێوێنێت.

وتارەکانی نوسەر