تادێت زیاتر سەروەریی خاکی عیراق لە لایەن وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە پێشێل دەکرێ و حکومەتەکەشی هیچ هەڵوێستێک یا کاردانەوەیەکی کرداری و توندی نییە لە مەڕ ئەو دەستدرێژی و پێشێلکاریانە.
ژمارەیەک لە گروپ و دەستە هەن کە لە دەرەوەی دەسەڵات و حکومڕانی عیراقدان، تەنانەت هەندێک لەو گروپانە لە حکومەتیش بە هێزتر و پڕچەکترن، بەشێکیان خاوەنی (درۆن) و چەکی قورسن، ئەمانە بە ئاشکرا لەلایەن ژمارەیەک وڵاتانی ئیقلیمییەوە دەعمی مادی و مەعنەوی دەکرێن.
عیراق جگە لەوەی خاکەکەی لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا نییە و پڕیشە لە گروپ و دەستەی جۆرا و جۆر، سنوورەکانی بە هێزی بێگانە داپۆشراون و سنوور بەزاندن و هاتنە ناوخاکی عیراق ئاسانترین جووڵەی وڵاتانی ئیقلیمیە، لە هەمانکاتدا ئاسمانی ئەم وڵاتە بۆتە شوێنی تەراتێنی زلهێزان و وڵاتانی ناوچەکە و چەقی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانیان.
هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم سنوور شکاندنە و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی، بەتایبەتی ماوەیەکە لە لایەن وڵاتانی درواسێوە مووشەک باران دەکرێت، درۆن بە ئاسمانی هەرێمەوەیە و لەکوێ بۆی بگونجێ هاووڵاتیان و چالاکوانانی باکوور و رۆژئاوا دەپێکێ.
هەرێم لە رووی هێزەوە ناتوانێ بەرەنگاری ئەو وڵاتانە ببێتەوە و بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام خۆ عیراق بە پێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان هەقی بەرگریکردن لە خۆی هەیە و مافی خۆیەتی کە پارێزگاری لە سەروەرییەکەی بکات.
بەرپرسان ئەوە ناشارنەوە کە بەهۆی زۆریی کێشەی عیراق و ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی و ئابوورییەکەی، سەریان ناپەرژێتە سەر بابەتی پارێزگاری لە سەروەریی خاکەکەی. لە هەموو ئەو پێشێلکاریانەدا بە پلەی یەکەم هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج، هەم لە بەزاندنی سنوور و بۆردومانی فرۆکە هەمیش لە مووشەکباران کردنی.
هەربۆیە پێویستییەکی حەتمیە کە هەرێمی کوردستان بەدەر لە عیراق، خۆی ستراتیژ و ئەجێندایەکی ئیقلیمی ئەوتۆی هەبێ کە پارێزگاری لە خۆی بکات، ئەویش بەر لەهەر شت یەکریزی و یەکدەنگییە بەرامبەر بە پرسە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان، پاشانیش دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی گونجاوە بە ئاراستەی دروستکردنی جۆرێک لە لێکتێگەیشتن بۆ وڵاتانی ئیقلیم بە تایبەت تورکیا و ئێران، گەر پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی ئەوانیش نەکەن، لانی کەم زەرەر لە بەرژەوەندیەکانیان نەدەن، بەتایبەتی ئێستا عیراق لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسیدایە، کە رەنگە بەشێکی ئەو هەڕەشە و دەستدرێژیانە پەیوەست بن بەو بابەتەوە و وەک کارتێکی گوشار بەرامبەر هەرێم بەکاری بهێنن.
یەکێتی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ حکومەتی تەوافوقی سیاسی بووە لە عیراق، ئەوانەشی کە لەگەڵ حکومەتی زۆرینە بوون بۆیان دەرکەوت کە نەیانتوانی سەرکەوتووبن. یەکێتی بەشدار نەبوو لە ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە و ئەمەش رێگە دروستەکە بوو، ئەگەر سەرجەم کوتلە کوردییەکان وەک یەکێتی بیریان بکردایەتەوە، ئەو دەست تێوەردانە سەربازییانەمان نەدەدیت.
تا عیراق بەم پێکهاتە و حوکمرانییە بمێنێتەوە، ناتوانێت خاوەن خاکێکی سنوور پارێزرا و سەروەریی خۆی بێت.