ئەمجارە یەکێتی قسەی خۆی دەباتەسەر

10:16 - 2022-11-16
ئادەم ئاودەل
436 خوێندراوەتەوە

بە درێژایی مێژوو و تێکۆشانی یەکێتی، لە زۆرێک لە وێستگە جیاجیاکاندا، قوربانی بە خۆی داوە و زۆرجار سازشی لەسەر مافەکانی خۆی کردووە، لەپێناوی پاراستنی ئەزموونەکە و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم. 
رەنگە ئەم هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەش وایکردبێت رێگە بۆ پارتی خۆش بێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە و بێ گوێدانە دەرئەنجامەکانی ئەوەی ویستبێتی کردبێتی یان هەوڵی کردنی دابێت. 
بەڵام وەک کوردەواری دەڵێت :جام کە پڕ بوو لێی دەرژێ، ئیدی ئێستا یەکێتی ستراتیژ و ئەجێندایەکی روونی سەبارەت بە شێوازی حکومڕانی و ئیدارەدانی هەرێم هەیە. 
زیاتر لە جاران سوورتر و مکوڕترە لەسەری، ئەوەی ئێستا یەکێتی داوای دەکات دابینکردنی مافی هاووڵاتیانە لە چوارچێوەی حکومڕانییەکی تەندورست و تۆکمەدا. 
شەفافییەت لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی وڵات و دابەشکردنی بە یەکسانی بەسەر شارەکاندا و جیاکاری نەکردن، بەرنامە و ئەجێندای ئێستای یەکێتییە، کە ئەمانە خواستی تاک بەتاکی ئەم هەرێمەن. 
قسەی ئەمجارەی یەکێتی توندتر و پێداگیرترە لە هەموو قۆناغەکانی پێشووتری یەکێتی، لە بەغدا بە ئاشکرا داوای یەکگوتاری و یەک روئیایی دەکات، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە لە ئەگەری نەهاتنە پێشەوەی لایەنەکەی تر، ئەمیش دەستەوەستان ناوەستێت. 
راستە پارتی  کورسی زیاترە لە یەکێتی، وێرای ئەو سەرنج و تێبینیانەی لەسەر گزی و دزی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، بەڵام ئەوە یەکێتی بوو کە یەک ساڵ ململانێی کرد و نەک هەر نەیهێشت کاندیدەکەی پارتی سەربکەوێت، بگرە ناچار بە پاشەکشەکران و جارێکی تر ئەو پۆستەی بەدەست هێنایەوە. 
ئێستاش لە کێبرکێدایە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری زیاتر کە بەئیستحقاقی خۆی دەزانێ. 
قسەی ئەمجارەی یەکێتی و بەرپرسانی بە تایبەتیش قسەی سەرۆکی یەکێتی بە جۆرێکە، ئەستەمە پاشەکشەی لێ بکرێت، بەتایبەتی لەو رووداوانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا روویاندا، یەکێتی بە جۆرێک کەوتۆتە خۆ، نەک سیناریۆ و درۆ کاری تێناکات، تەنانەت نێردەی وڵاتانی بیانی و باڵیۆزەکانیشی لە عیراق و هەرێم لەوە تێگەیاندووە کە ئەم شێوازە حکومرانییەی هەرێم هەرگیز تاسەر بڕ ناکات. 
ئێستا بە هەموو پێودانگێک کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بە یەک جووڵەی یەکێتی گڵۆڵەی بەرەو لێژی دەڕوات، کە رەنگە هەستانەوەی مەحاڵ بێت. 
هەربۆیە بەرپرسانی پارتی و ئەوانەی جومگە هەستیارەکانی حکومەتیان بەدەستەوەیە، باشترە بە وردی و بە وریایی گوێ لە هەڵوێست و قسەی ئەمجارەی یەکێتی بگرن، ئەگەرنا رەنگە دەرەنجامەکەی جۆرێک بێت کە خۆزگەی پێ نەخوازن.

وتارەکانی نوسەر