یەکێتی و سیاسەتی ئاشتیخوازی

10:08 - 2023-01-31
ئادەم ئاودەل
350 خوێندراوەتەوە

هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای ئەوەی شۆڕشی چەکداری هەڵگیرساند، بەڵام هەمیشە نەک پەنجەرەیەک بگرە چەندین دەرگای بۆ گفتوگۆ هێشتۆتەوە. 
مارشی سەرەکی یەکێتی و شۆڕشی نوێ لە دێڕێکیدا دەڵێ: (لە ئاشتیا کۆتری سپی و شنەی باین، لە شەڕیشدا پڵنگین و رەشەباین) هەر لەو چوارچێوەیەشدا، لەکاتێکدا سەرەتاکانی شەڕی ناوخۆ دەردەکەون، وەک نیشاندانی نیازپاکی و ئاشتیخوازی، لە تەمموزی ساڵی 1976، یەکێتی وەک یەکەم حزبی کوردستانی، وەفدێک بە ئەندامێتی (رەسوڵ مامەند و مەلا بەختیار) پێکدەهێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ حزبەکانی تر بە تایبەتیش (قیادەی موەقەت) دانوستان بکەن و رێگە نەدەن دۆخەکە تەشەنە بسەنێت. 
ئەگەرچی گفتوگۆکان نەیانتوانی شەڕەکە بوەستێنن، بەڵام یەکێتی سەلماندی کە بڕوای بە گفتوگۆ و دانوستان هەیە. 
پاشانیش لە کێشە و ململانێکانی ناوخۆیدا و بەتایبەتیش کاتێک لە نەورۆزی 1979 بەشێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی سۆشیالیست لە یەکێتی  جیابوونەوە، یەکێتی بە رابەرایەتی سەرۆک مام جەلال چەندین جار وەفدی ناردۆتە لایان بۆگفتوگۆ و لە زۆربەی ئەو روبەڕوبوونەوانەی لە نێوانیشیان روویداوە، هەرگیز یەکێتی دەستپێشخەر نەبووە. 
دواتریش لە دانوستانی 1983-1984 دا کە داوای مفاوەزەی لێ دەکرێت، یەکێتی بێ دوو دڵی داواکە قبووڵ دەکات. 
لە کاتی پێکهێنانی بەرەی کوردستانیدا، ئامادەیی تەواو دەردەبڕێت و وێڕای ئەوەی خاوەنی زۆرترین رێکخستن و زۆرترین هێزی پێشمەرگەی ئەوکات بووە، بەڵام لەبەر رەچاوکردنی هەستیاریی دۆخی ئەوکاتی شۆڕش ئامادەبووە سەرۆکایەتی بەرەکە بداتە لایەنی تر. 
لەدوای راپەڕینیش، یەکێتی هەموو کات هۆکاری خێر بووە و هەرگیز نەیویستووە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بە شەڕ یەکلایی بکرێنەوە، تەنانەت لە شەڕی ناوخۆشدا، سەرۆک مام جەلال وەک دەستپێشخەرییەک و نیازپاکییەک لە سەری ساڵی 1998 و بۆیەکەمجار دوای چوار ساڵ لە شەڕ و ململانێ بروسکەی پیرۆزبایی سەری ساڵی ئاراستەی سەرۆکی پارتی کرد و بوو بە دەرچەیەک بۆ هێنانەکایەی ئاشتەوایی و کۆتایی هاتنی خولێکی دورودرێژی شەڕی ناوخۆ. 
دوای ئەو هەموو قۆناغە دژوارانە و بڕینی چەندان رێگەی هەوراز و نشێو، لە یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارە و پێکهێنانەوەی پەرلەمان بێ گوێدانە ئیستیحقاقی سیاسی خۆی، ملیدایە بەر رێکخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی. 
ئێستاش لەدوای ماوەیەک لە بەستەڵەکی پەیوەندیی  دەبینین سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک درێژکراوەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال و مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەپیر هەموو دیدار و کۆبوونەوەیەکەوە دەچن بە ئامانجی هێنانەکایەی سەقامگیری و هێوربوونەوەی دۆخەکە. 
ئەمەش دەرخەری ئەو سیاسەتەیە کە یەکێتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گرتوێتیەبەر و ئێستاش پەیڕەوانی ئەو رێبازە درێژەی پێدەدەن. 

وتارەکانی نوسەر