74
حه‌سه‌ن زیره‌كی گۆرانیبێژی گه‌وره‌ی میللیی یاره‌كه‌ی به هه‌ڵشۆ چواندووه، ده‌ڵێ:
جه‌میله هێند جوانی ده‌ڵێی هه‌ڵشۆی
جه‌میله وه‌ك قه‌ندی كڵۆكڵۆی
هەڵشۆ گوندێکی دڵڕفێنە، ده‌كه‌وێته باكووری خۆرهه‌ڵاتی قه‌ڵادزێ-وە، 13 کیلۆمەتر له سه‌نته‌ری ئەو شاره‌وه دووره، كۆن گوندێکی ناحیه‌ی هێرۆ بووه، دراوسێی گوندە‌كانی: بێگه‌ڵاس، شێخئاودالان، دارەشمانه، هۆڕێوه، گیره‌یە.
له دێرزه‌مانه‌وه ئاوه‌دانبووه، كاتی خۆی خه‌ڵكه‌كه‌ی به مه‌ڕداری و كشتوكاڵییه‌وه سه‌رقاڵبوون، دوو رووباری ئاوی سپی و سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵشۆی هه‌یه له گه‌زێ سه‌رچاوه ده‌گرێ، پڕۆژه‌ی ئاوی قه‌ڵادزێ دابین ده‌كات، كاتی خۆی چه‌ند ئاشێكی تێدابووه وه‌كو: ئاشی هه‌مزه‌خڕه، ئاشی حاجی سمایله كه‌ڕه، ئاشی زاده، ئێستاش شوێنه‌واری ئه‌و ئاشانه ماوە، گۆڕستانی كۆنی تێدایه، له ئاوی سپی شه‌خسی كوێستانی هه‌یه، كه كۆنترین شه‌خسە.
له شۆڕشی ئه‌یلولدا رێكخستن و پێشمه‌رگه‌ی پارتی و باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی تێدابووه، له قۆناغی جیاجیادا باره‌گای هه‌ردوولای تێدابووه، له شۆڕشی نوێشدا به زۆریی رێكخستن و پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی تێدابووه، رژێم هه‌ندێ له كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌كانی گرتووه، شه‌ش كه‌سیان له ئه‌بوغرێب زیندانیكراون، یه‌كێكیشیان لهسێداره‌دراوه.
ساڵی 1974 مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی شاری سلێمانیی به‌جێده‌هێڵن له‌دۆڵی هه‌ڵشۆدا هه‌واریان هه‌ڵداوە، ساڵی 1974 له ئێران و عیراقه‌وه تۆپبارانكراوه، فڕۆكه‌كانی رژێم بۆردومانیان كردووه، سێ پێشمه‌رگه شه‌هیدبوون، 1974 ره‌حیم سه‌ردۆشكه له‌پشتی باسكان بڕیارده‌دا تا نه‌كوژرێ سه‌نگه‌ر چۆڵناكات، هه‌ر له‌وێدا شه‌هید ده‌كرێت.
16/8/1978 له‌نێوان ده‌سته‌یه‌ك له پێشمه‌رگه‌كانی هه‌رێمی 6ی پشده‌ر و هێزێكی رژێم له دۆڵی هه‌ڵشۆ پێكدادان روویدا، له‌ئه‌نجامدا شەش سه‌رباز كوژراون.
پێش راگواستنی لەساڵی 1979، قوتابخانه، مزگه‌وت، بنكه‌ی ته‌ندروستی و جاده‌ی قیری بۆ كرابوو. له شه‌ڕی داعشدا به‌شدارییان كردووه پێنج شه‌هید و چه‌ندین برینداریشیان هه‌یه، تێكڕای شه‌هیده‌كانی هه‌ڵشۆ 50 شه‌هیدن.
ساڵی 1979 به بڕیارێكی زۆره‌ملێی رژێمی به‌عس هه‌ڵشۆ راده‌گوێزرێ، ده‌ڕووخێنرێ و خه‌ڵكه‌كه‌ی داگیران و برانه ئۆردوگای پێماڵك و تووه‌سوورانی لای سه‌نگه‌سه‌ر، دواتر گواسترانەوە بۆ ئۆردوگای بازیان.
له‌دوای راپه‌ڕینی 1991 ئاوه‌دانكرایه‌وه، ساڵی 1998 له سه‌ردانێكی ره‌وانشاد مام جه‌لال دا بڕیارده‌درێ بكرێته ناحیه، رۆژی 7/10/2000 جێبه‌جێكراوه، 28 گوندی له‌سه‌ره، دانیشتوانه‌كه‌ی 4-5 هه‌زار كه‌سن، نزیكه‌ی 1080 ماڵه، داموده‌زگاكانی: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه، شاره‌وانی، دارایی، گومرگ، پۆلیسی دارستان و ژینگه‌پارێزیی، بنكه‌ی پۆلیس، ئاسایش، هاتوچۆ، مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستیی، فه‌رمانگه‌ی ئاو، كتێبخانه، قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی، ناوه‌ندیی، ئاماده‌یی و پێنج مزگه‌وتی تێدایه.
ناوچه‌یه‌كی گرنگی گه‌شتوگوزاره بۆ سه‌یرانكردن، زستانی زۆر ساردە و به‌فری زۆری لێده‌بارێت، به هه‌نجیر و ته‌ماته به‌ناوبانگه، باخی هه‌نار و ره‌زیان هه‌یه، مێووژی لێ دروستده‌كرێت، به‌شێكی خه‌ڵكه‌كه‌ی پێشمه‌رگه و مووچه‌خۆرن، كرێكاری به كه‌میی ده‌كرێ، دوكانیشی تێدایه، به‌شێكیش سەرقاڵی كشتوكاڵ و مه‌ڕوماڵاتن، كه‌شك، شیرێژ، دۆ، دۆشاو دروستده‌كه‌ن، گیای كوێستانی و رێواسیی زۆره، ژنه‌كانیان كارده‌كه‌ن، ده‌چنه كوێستان، ته‌ون ده‌كه‌ن، ته‌شی ده‌ڕێسن، پێچاڵیان هه‌یه، پیاوه‌كان جۆڵایی ده‌كه‌ن، ده‌وترێت 70 جۆڵا زیاتری تێدایه، كه‌لوپه‌لی شاڵ و مه‌ره‌ز دروستده‌كه‌ن، هه‌ندێك له خه‌ڵكه‌كانی له مه‌یدانی كاروانچییانی سه‌رسنوور كارده‌كه‌ن، گه‌نجی ده‌ستڕه‌نگین و پیاوی قسه‌خۆش و مه‌لای به‌ناوبانگی تێداهه‌ڵكه‌وتووه، كه رۆڵیان له چاره‌سه‌ركردنی ئاریشه جیاجیاكاندا بینیوه.