شەن و کەو

دیداری رۆژنامەنووسان و سەرۆکی حکومەت

11:01 - 2022-06-23
مستەفا محەمەد
418 خوێندراوەتەوە

هەڵکشانی نرخی کاڵا و پێدوایستییەکان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، بیانووی گەورەی شڵەژانی دۆخی ئابوورین و لە بنەڕەتیشدا کاری حکومەتە بە سیاسەت و روئیا و ریفۆرمێکی واقع بینانەوە نەخشە و پلانی چارەسەری بۆ دابنێت. چانسی سەرکەوتنی پلانەکەشی بە گوێگرتن لە کەسانی شارەزا و تایبەتمەندی ئەو بوارانە باشتر ئامادە بکات و چیتر نییەت و تێڕامانی دڵسۆزانی ئەم هەرێمە بە بوغز و قینەوە تەخوین نەکا، بگرە پێویستە سەرنجەکانیان بەجدی رایان بچەڵکێنێ و هەنگاوەکانی بەخۆدا چوونەوەشیان خێراتر بکات، بەڵێ ئاکاری کاراکتەری سیاسی و حکومڕانی تەندروستە کە وێستگەکانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی خۆی بەجۆرێ بگۆڕێ، ئاییندەی سیاسی و حکومڕانی لە ئیحراجی گەورە بپارێزێ، ئیتر کات درەنگی کردووە کە بە رێگە و شێوازی تەقلیدیی و بە پێشنیازی چارەسەری کاتی، ئەم هەرێمە لە قەیراندا زیاتر نغرۆ بکرێ، ناکرێ بەڵگەی خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان تەنها لە بەرزکردنەوەی باڵەخانە و هێنانی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلدا ببینرێ، بەڵکو گەرەنتی قووتی رۆژانە و ژیانێکی شەرەفمەندانە زۆر لەمانە بەهادارترە، کردنەوەی دەروازەی گفتوگۆی راستەوخۆ بۆ رۆژنامەنووسان لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە و دیداری راشکاوانە جێگەی دەستخۆشییە و کارێکی باشە، بەڵام لەوەش باشتر گوێڕادێرانە بۆ سەرنجەکانیان، لانی کەم دەبێ ئەو دیدارە وابکا ئەولەویەت بە چارەسەری هەڵە و کەموکورتییەکان بداتەوە.
 ئەو دانیشتنانە دەبێ هەڵویستی سەرۆکی کابینەی نۆ لەبارەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەژیان و دۆخی خەڵکدا دروست بووە بگۆڕێ، دیوە ناتەواوەکەی حکومڕانی کوردیی کە بەهۆی ناشەفافیەوە کاری لە سستکردنی بازاڕ و فەرامۆشکردنی ژیانی ئاسایی هاووڵاتیان کردووە بخاتەوە بەر نەشتەری چارەسەر و پارسەنگی هێنانەکایەی حکومەتێی خزمەتگوزار بۆ کابینەکە رابگرێتەوە کە بەداخەوە تا ئاستێکی باڵا لەق بووە.
 ئەگەر دەوترێ رەوشی ژیانی خەڵک خراپە راستییە و نەنگی نییە، خۆ هەر تەنها لەو چەند مانگەی پێشوودا دووقات و زیاتر نرخی کاڵا و شمەک و پێداویستییەکان زیادیان کردووە و داهاتی مانگانەی هاووڵاتیش هەر وەک خۆیەتی.
 دەرخستنی ئەو مەترسییانە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هیچ کات بڵاوکردنەوەی رەشبینی نییە بەقەدەر ئەوەی پێویستە حکومەت ناچار بە پێداچوونەوە بە سیاسەتیدا بکات.
 دواسەرنجیش لەسەر ئەو پەیامەی کە هەندێ لە رۆژنامەنووسان لەو دیدارەی سەرۆکی حکومەتدا بە روون و راشکاوی گەیاندیان، ئەوەیە پەیامی ئەو رۆژنامەنووسانە وەک راپرسییەکی بچوککراوە وایە کە سەرۆکی حکومەت دەگەیەنێتە قووڵایی گرفت و قەیرانەکان و دۆخی تاقەت پڕوکێنی سەر شانی هاووڵاتیان کە بەداخەوە وای کردووە ناڕەزاییەکان لە زیهنیەتی تاک بەتاکی ئەم هەرێمە بگەیەنێتە ترۆپک و تەنانەت وەک ئەوەی سەرۆکی حکومەتیش لەو دانیشتنەدا وێنای کرد بۆ کارە باشەکانیش دەستخۆشانە بەدی نەکرێ.

وتارەکانی نوسەر