خاوەن قەرەداغی
قسەکردن بە زمانی عەرەبی بە رەوانی کارێکی باشە. بتوانیت لێیان تێبگەیت و لێت تێبگەن، ئیمتیازێکی گەورەیە, بەڵام بۆ ساتێکیش بیر لەوە مەکەرەوە کە ئەمە بەتەنها دەرگای پەرلەمانی عیراقت بۆ دەکاتەوە.
کاتێک ئێمەی کورد شارەزا دەبین لە زمانی عەرەبیدا، پێمان وایە هەنگاوێک لە ئامادەبوون لە بەغدا نزیک بووینەتەوە، لە تێگەیشتن لێیان، لە گفتوگۆکردن لەگەڵیان و رەنگە لە قەناعەت پێکردنیان.
بەڵام راستییەکە ئاڵۆزترە، زانینی زمانی عەرەبی گرنگە؟ بەڵێ، بەڵام کلیلی سیحراوی نییە بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی ئەم وڵاتە.
هەرکەسێک بیەوێت وەک نوێنەری حزبێکی کوردی بچێتە ئەوێ، ئەوە بەس نییە کە بە وردی قسەکانی هەڵبژێرێت، دەبێت لە عیراق تێبگات بە هەموو لایەنەکانییەوە، بە یادەوەرییە قورسەکانی و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی و هەستیارییە نەوتراوەکانییەوە.
دەبێت نەخشەی حزبەکان لەبەر بکات، نەک تەنها ناوەکانیان، بەڵکو مێژووی جیابوونەوەیان، هاوپەیمانە کۆنەکانیان، دوژمنە بێدەنگەکانیان.
دەبێت شارەزا بێت لە خوێندنەوەی تایبەتمەندییەکانی کۆبوونەوەکانیان، نەک تەنها قسەکانیان، بەڵکو تۆنەکانیان و بێدەنگی و شێوازی دانیشتنیان.
ئەوەشی لە هەموو ئەوانە قورسترە: دەبێت شارەزا بێت لە زاراوەکانیاندا، بە سڵاوکردنێک بزانێت بەرامبەرەکەی خەڵکی کوێیە؟
دەبێت شارەزا بێت لە رەنگی پێستیان، سیماکانیان، جلوبەرگی رۆژانەیان، خواردنەکانیان، داب و نەریتی ماتەمینی و شادییان، لە شێوەی زەماوەندەکانیان و رێوڕەسمی عاشوراکانیان!
کورد بوون لە بەغدا واتە نەک هەر وەک ئەوان قسە بکەیت، بەڵکو تێگەیشتن لەوەی بۆچی بەو شێوەیە قسە دەکەن؟ بۆ ئەوەی بزانیت خەڵکی سامەڕا، رومادی، نەجەف و موسڵ یان زوبێر بوون مانای چییە؟ بۆئەوەی تێبگەیت بۆچی ئەم کەسە زەردەخەنە دەکات، ئەویش بۆچی زەردەخەنە ناکات؟ بۆ تێگەیشتن لە هەستیارییان بەرامبەر بە هەندێک وشە و سنووری نوکتە و سەقفی رەخنە. پەرلەمان ئاهەنگێکی زمانەوانی نییە، نە مینبەرێکیشە بۆ بانگەوازکردن، مەیدانی تێگەیشتن و کێڵگەی مین و شوێنێکی بێ لێبووردنە بۆ ئەوانەی کە چاوپۆشی لە یەکتربڕینە وردەکانی دەکەن.
کەواتە شارەزایی زمان بۆ خۆی ئامانج نییە، ئەمە تەنها سەرەتایەکە.
من زیاتر لە دوو دەیەیە چاوپێکەوتنم لەگەڵ زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی عەرەب بە زمانی خۆیان کردووە و هەر جارێک فێربووم کە زمان بە تەنیا بەس نییە، تێگەیشتن لە مرۆڤایەتی، بە هەموو پاشخان و مێژوو و کەلتوورەکەیەوە، سەختترین و گرنگترین رێگەیە.
هەربۆیە بە سادەیی دەیڵێم: هەرکەسێک بیەوێت وەک نوێنەر بچێتە بەغدا، دەبێت زیاتر قسەکەرێکی باش بێت، بیستەرێکی راستەقینە بێت و تێگەیشتنێکی قووڵی هەبێت.