(سناپ چات) ساتێک تۆمار دەکات و(سناپ باک) تەقینەوە بەرپا دەکات

10:15 - 2025-06-04
خاوەن قەرەداغی
192 خوێندراوەتەوە


هەندێک  (سناپ چات) بەکاردەهێنن بۆ هاوبەشکردنی ساتەوەختێک، هەندێکی تر (سناپ باک) چالاک دەکەن بۆ سڕینەوەی رێککەوتنێک.  
جیاوازییەکە؟ یەکەمیان لە چەند چرکەیەکدا ون دەبێت، دووەمیان بۆ ساڵانێک بەرەو دواوە دەمانگەڕێنێتەوە. لە سەردەمی خێراییدا، هەموو شتێک بووە بە (سناپ). وێنەیەک دەنێردرێت، پەیامێک ون دەبێت، دۆخێک بۆ ساتەوەختێک تۆمار دەکرێت و پاشان لەبیر دەکرێت، بەڵام لە سیاسەتدا، جۆرێکی تری (سناپ) هەیە، کە نە بەزەیی تێدایە و نە لە بیر دەکرێت.
(سناپ باک) هیچ پەیوەندییەکی بە ئەپڵیکەیشنی (سناپ چات)ەوە نییە، جگە لە ناوەکەی نەبێت.  
یەکەمیان بۆ تۆمارکردنی ساتەوەختە کاتییەکان بەکاردێت، دووەمیان دیزاین کراوە بۆ تێکدانی رێککەوتنە درێژخایەنەکان.  
لە سناپ چاتدا، ئەوەی نووسیوتە دەتوانی بیسڕیتەوە ئەگەر بەدڵت نەبوو.  لە سناپ باکدا، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بە تەواوی دەسڕیتەوە، تەنانەت ئەگەر ساڵانێکیش بەسەر واژۆ کردنیدا تێپەڕیبێت و تەواوی جیهان پەسەندی کردبێت. یەکەمیان کاتبەسەربردنە، دووەمیان مەترسیدارە.
لەوانەیە یەکەم بکەیتەوە بۆ پێکەنین،  بەڵام ئەوەی دووەم چالاک دەکات، ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی شتێک.
(سناپ باک) ئەپڵیکەیشن نییە، بەڵکو بڕگەیەکی بچووکە لە گۆشەیەکی لە بیرکراوەی بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش.  
بڕگەیەک کە لە دەرەوەدا تەنها هێڵێکی یاساییە: ئەگەر ئێران رێککەوتنی ناوەکی پێشێل بکات، سزاکان لە ماوەی 13 رۆژدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگەڕێنەوە، بەبێ پێویستی بە دەنگدان یان کۆدەنگی.
بەڵام لەناوەڕۆکدا، لە پەلەپیتکەی یاریزانێکی شارەزا دەچێت کە لەسەر دەمانچەکەی داینابێت. یەکسەر پەنجەی پێدا نانێت، بەڵکو چاوەڕێی ساتەوەختی گونجاو دەکات.
ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنەکە کشایەوە. پاش دوو ساڵ، گەڕایەوە و داوای چالاککردنی (سناپ باک)ی کرد.  لە ماڵەکە دەرچوو، پاشان گەڕایەوە و داوای کلیلەکانی کرد.  
ئەنجومەنی ئاسایش قەناعەتی پێی نەبوو، ئەوروپا دوودڵ بوو، روسیا و چین بە بێدەنگی وەستابوون و ئێران وتی: ئێوە بوون پێشێلکاریتان کرد، نەک ئێمە، بەڵام واشنتۆن چاوەڕێی مۆڵەتی کەس نەبوو، دەیزانی بڕگەکە هەیە و دەیزانی بەکارهێنانەکەی پێویستی بە کۆدەنگی نییە، تەنها چاوەڕێی کاتی گونجاو بوو.  
ویستی کارتەکان تێکەڵ بکات، زەوییەکە بە ئاگر بسووتێنێت بۆ ئەوەی ئەو لایەنەی کە دێت دوای ئەو، رێککەوتنەکە لە ناوەوە، نەک لە دەرەوە، بتەقێنێتەوە. بەڵگەنامەکان ئەوە دەڵێن کە نووسراوە،  بەڵام سیاسەت هەمیشە ئەوە دەڵێت کە مەبەستە.
(سناپ باک) نەک بۆ پاراستنی رێککەوتنەکە نووسراوە، بەڵکو بۆ ئەوەی لە ساتەوەختێکدا ببێتە بۆمبێکی تەقینەوە  و بەکاربهێنرێت، لەو کاتەوە، رێککەوتنەکە نەمردووە، بەڵام چیتر زیندوو نییە.  
وەک نەخۆشێکی لێهاتووە کە بە ئامێرەکانی هەناسەدانەوە بەندە، نە مردنی رادەگەیەندرێت، نە چاوەڕوانی  چاکبوونەوەشی لێ دەکرێت.
هەر لایەنێک چاوی لەسەر ئەوی دیکەیە،  هەر وڵاتێک هەنگاوەکانی دەژمێرێت، هەر گروپێک لەناو ئێراندا خۆی بۆ سیناریۆی رووبەڕووبوونەوە ئامادە دەکات.
وڵاتە واژۆکارەکان، لەسەر روونکردنەوەی بڕگەکە مشتومڕ دەکەن، وەک ئەوەی کێشەکە زمانەوانی بێت، نەک سیاسی. (سناپ باک) هەمووانی ئاشکرا کرد.  
ئەمریکا متمانەی بە هیچ کەس نییە، تەنانەت بە خودی خۆی.  ئێرانیش چاک دەزانێت کە خەنجەرە کوشندەکە لە واژۆکردنی بەڵگە نامەیەکەوە دێت.  
جیهانیش بە ئاگا هاتووە کە یاسای نێودەوڵەتی، کاتێک بە نییەتی ناپاک دەنووسرێت، دەتوانێت ببێتە تەڵەیەکی نێودەوڵەتی.
ئەم بڕگەیە تەنها سزاکان ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو گومانیش دەگەڕێنێتەوە.  
ئەوەی بڕگەیەکی لەم جۆرە دەنووسێت، مەبەستی نییە راستەوخۆ جێبەجێیبکات، بەڵکو وەک کاغەزێکی هەڕەشە ئەمە دەپارێزێت، چونکە هەندێک بڕگە چالاک ناکرێن، مەگەر کاتێک دەکرێن کە ئاشتی کۆتاییدێت.


وتارەکانی نوسەر