سەروتار

01:50 - 2022-06-23
وتار
619 خوێندراوەتەوە

خانووە قوڕەکان

خەباتی ژینگەیی، دژە توندوتیژی
فراوانکردنی بەشداری ژنان و لاوان


یەکێتی حزبێکی سۆشیال دیموکرات، رێکخراوی کەلتوری دیموکراسی، ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان و دادپەروەرییە، ئەم ئاڕاستەیە لە سیاسەتی کوردایەتی خەباتێکی فیکری دوور مەودا و قووڵی لەپێناودا کراوە و بۆتە بەشێکی رەسەن و زیندوو لە بزووتنەوەی سیاسی کوردستاندا.
سەرۆک مام جەلال عەراب و باوکی دامەزرێنەری ئەم ئاڕاستەیە کە کوردایەتی پێشکەوتنخوازی خاوەن بەرنامەی رزگاریی نیشتمانی تێکەڵی ئەرکە کۆمەڵایەتی و دیموکراسییەکان کردووە. بەجۆرێک ناتوانرێت دیمەنی کوردایەتی پێشکەوتنخواز لە کوردەوارییەکی گەشەکردوو جیابکرێتەوە.
ئەم رەوتە زیندوو، زەنگین و درەوشاوەیە رەنگە هەندێکجار بەناونیشانی جیاوازەوە دەرکەوتبێت، بەڵام لەدوای یەکەمین کۆنگرەی گشتی یەکێتییەوە کە هاوکاتی بەدیهاتنی کوردستانی دوای راپەڕین رزگارییە، لە ( 1991-1992) ناونیشانی ئەم ئاوێتەبوونەی کوردایەتی و کوردەواری خۆی لە بژاردەی سۆشیال دیموکرات چڕکردەوە و تائێستاش هەر ئەوە، ناونیشانی رێباز و فیکر و سیاسەتی یەکێتییە.
سەرۆک مام جەلال بۆ خۆشەویستکردنی چەمکی سۆشیال دیموکرات و کورداندنی ئەو بژاردە فیکرییە ناوی (گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکانی) لێنا. گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان ناونیشانێکی مەجازییە بۆ مانایەکی قووڵ، کە هەم تەئکیدکردنەوەیە لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی و ریزبەندی یەکێتی لەناو کۆمەڵی کوردستاندا، هەمیش توانجێکی رەخنەگرانەی مام جەلال-ە لە رەوتی کاری یەکێتی لە دوای راپەڕینەوە.
داوای گەڕانەوە خۆی لەخۆیدا رەخنەگرتنە لەوەی لادانی کاتی و خراپمان هەبووە و گەرەکە بگەڕێینەوە.
ئەدەبیاتی مام پڕە لەو دەستەواژە جوانانەی بێ بریندارکردن و زامدارکردنی هەڤاڵانە، دەرزی فشکردنەوە بۆ چارەسەکردنی باغری و لەخۆگۆڕان، بەکاردێنێت. داوای گەڕانەوە بۆ کەلتوری خانووە قوڕەکان داخوازی ( سۆشیالیزمی هەژارانە) نییە  کە زاراوەیەکی باوی ئەدەبیاتی سۆشیالیستییە بەڵکو دەستنیشانکردنی کەموکووڕییە لە رەوتی کار و خەبات کە هەندێکجار لەبەر هاوپەیمانێتی و دۆستایەتی سیاسی ناسنامەی یەکێتی لەناو کۆمەڵی کوردەواری و لەناو سیاسەتی کوردستاندا بزر دەکات.
ئەدەبیاتی یەکێتی و ناسنامەکەی قەت لەبەر بژاردەی نەتەوەیی و پەرۆشی بۆ یەکێتی ریزەکانی گەل و ئامانجە هاوبەشەکان، جیاوازییە بنەڕەتی و جوانەکانی یەکێتی لەگەڵ هێزەکانی تر فەرامۆش ناکات، بەڵکو ئەو ناسنامەیە ئاوی حەیاتە بۆ یەکێتی، پەرۆشی و قوربانیدانی پلەیەکی گیانبازان بۆ کوردایەتی و پرسی نەتەوایەتی مانای ریزکردنی ئەولەویەتەکانە، نەک میوتکردنی ناڕەزایی و داخوازی و پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان.
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، سەرەڕای هەر تێبینییەک، هیچی نەکردبێت ئەوەندەی بەسە لەناو گێژاوی سیاسەت و مەسڵەحەتدا توانی ناونیشانی سۆشیال دیموکراتیانەی یەکێتی بپارێزێت.
نزیکەی ساڵێکە هاوشانی یەکێتی بڕیار و یەکێتی ئاڕاستەدا دەرفەت لەبارە بۆ پێداهاتنەوە و مشتوماڵکردنی ناسنامە کۆمەڵایەتییەکەی ئەم حزبە سۆشیال دیموکراتە کە کۆمەڵانی خەڵک و توێژەکانی وەک خوێندکاران و لاوان هەقیانە داوا لەیەکێتی بکەن تۆخی بکاتەوە، مادام هێزی تر هاتن و چوون و هیچیان پێ نەکرا.
هەروەک سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەدیالۆگی (23 سەعاتی) خوێندکاراندا گوتی(( لەپێشدا پرسیم بۆچی خۆپیشاندان دەکەن؟ کە گوێم لەکەموکووڕی و داخوازییەکانیان بوو، پرسیم ئەرێ چۆنە تائێستا ناڕەزایەتیی گەورەتان دەرنەبڕیووە؟))
دیداری یەکێتی کە وەک گردبوونەوەیەکی دیموکراسی، حزبی و میللی بابەتی سەرەکی ژیانی سیاسی کوردستان بوو لەگەرمەی یادی 47 ساڵەی یەکێتیدا، ئەم ئەرکەی بەچڕوپڕی راپەڕاند کە بۆ گەشانەوەی ناسنامەی یەکێتی پێویست بوو.
لە کۆڕی کرداری سیاسیشیدا، بانگەواز بۆ سەوزکردنی یەک ملیۆن داری کوردستان، داخوازی بۆ سەروەرکردنی ژینگەی پاک و خاوێنی وڵات، کردنی داوای ژینگەپارێزی لەم هەڕەشانەی لەسەر ژینگەی وڵات و خەمی هاوبەشی دونیا هەیە، بەمەرجێک لە مەرجەکانی دەنگدان بەحکومەتی داهاتووی عیراق، وەک هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت تەئکیدی لێ کردەوە، داخوازی بۆ فراوانکردنی بەشداری لاوان لە کایەی سیاسیدا ( رەخنەگرتنیش لە ژیان و گوزەرانی توێژی خوێندکاران) تا فراوانکردنی بەشداریی ژنان لەکایەی گشتی ( لەگەڵ ئیدانەکردنی توندوتیژی دژی ژنان و تەهوینکردن بە حزورییان لەکۆمەڵدا) ئەمانە گشتی بەشێکی دیمەنی ناساندنەوەی یەکێتییە لەکوردستان و عیراق کە دەبێت یەکێتیەکەمان. هەڤاڵانە، کوردانە و دیموکراسیانە پێداگری لەسەر بکات. بە جۆرێک قەرەبووی پێکوتەی رابردووش بکاتەوە.
حزبی سیاسی سەرکەوتوو، کە یەکێتی چارەنووسی وایە وا بێت، هەر دەبێ حزبی ناسنامەی تایبەتی خۆی و حزبی خەمە هاوبەشەکانی وەک (یەکڕزی کوردستانیی لە کوردستان) و حزبی (یەک ئامانجی تەوافوق و شەراکەت لەتەواوی عیراقدا) بێت.
یەکێتی وایە ...هی خەباتی سۆشیال دیموکراتییە، وەک چۆن هی خەباتی ئەرکە نەتەوەییەکانە. لەیەکەمیان دەبێ خەباتی پەرلەمانی، سەندیکایی، دیموکراتی و هەمەلایەنە پێشبخات لە کۆمەڵ، با رێگاکە دژوار و دوور، تولەرێ و تاریک بێت، لەدووەمیشیان  هاوپەیمانی زۆرە، بەس گرنگە هەمیشە خۆی پێشڕەوی بکات.

وتارەکانی نوسەر