ژنی کورد قوربانی دابونەریت و کەلتور و پیاوسالارییە، ژنی کورد قوربانی دەستی کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیارە. ژنی کورد قوربانی قەیرانە ئابووری و سیاسی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانە. دواهەمین قوربانیی ژنی کورد، قوربانی دەستی تەکنۆلۆژیا و سۆشیال میدیایە!
تەکنۆلۆژیا وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی و پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی، وەک ناوەندێکی پڕ لە زانیاری لەدایک بووە، لێرەو لەوێ تەکنۆلۆژیا و سۆشیال میدیا تەنیا یەک مەرام و یەک ئامانجیان هەیە، بەڵام ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمە دەگوزەرێت جیاوازی لە رەوش و ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندایە، کە تێیدا بەر لە هەموو چین و توێژەکان، بەر لە رەگەزی نێر، ژن گەورەترین قوربانیی دەستی تەکنۆلۆژیایە، زۆرینەی ژنانی کورد چوونە نێو سۆشیال میدیا بە مەترسی دەزانن، ئینجا یان خۆیان بەکاریناهێنن یاخود رێگایان پێ نادرێت، ئازا و ئازایانە بەکاریبهێنن، بۆیە دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەگەڵ تەوژمی تەکنۆلۆژیا و شەپۆلی گۆڕانکارییەکان و ئەپەکانی سۆشیال میدیا هەماهەنگ نین، یاخود ئاشنانین یان کەم تا زۆر هیچ بەشدارییەکیان نییە. لە هەمانکاتدا ژمارەیەکیان بەشێوەیەک چوونەتە نێو سۆشیال میدیا و جیهانی تەکنۆلۆژیاوە، کە زۆر بە قورسی لەوێدا ژیان بەسەر دەبەن، چونکە دەبێ ئەکاونتەکانیان هەڵگری وێنەی کۆتر و گوڵ و ئاگر بێت یان وێنەی ژنێکی بیانی بێت و بە ناوی خوازراوی منداڵی خۆیان و منداڵی کەسە نزیکەکانیانەوە بێت، سەرباری هەموو ئەمانە، هێشتا بۆ ژنانی کورد ژیان لە سۆشیال میدیادا و چوونە نێو جیهانی تەکنۆلۆژیاوە سەختە و رێگاکانیان بێ دڕک و کۆسپ و تەگەرە نییە، دەرفەتەکانیان ئارام و هێمن نییە، دەرئەنجام و لێکەوتەکانیان بێ مەترسی نییە!
ئەگەر بمانەوێت ژنی کورد لەم جیهان و ئاستەنگییانەدا و لەم پەلامار و قوربانیدانەدا، لەم هەموو هەڕەشە و نامۆییانە دەرباز بکەین، دەبێت بە هەموومان فریای بە تەنگەوە هاتنی ژنانی کورد لە سۆشیال میدیا بکەوین، رێگا چارەسەریش بۆ ئەم دیاردە ناشارستانی و چەق بەستووانە بکەین، بە شێوەیەک:
-کۆمپانیاکانی گواستنەوە و گەیاندن و تۆڕەکانی ئینتەرنێت بە وردی چاودێری تۆڕەکانی ئینتەرنێت بکەن، ژنان و مرۆڤایەتی لە هەڕەشەی مافیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن.
-لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسای نوێ بۆ دیاریدەی نوێ بە تایبەتی بۆ پرسی ژنی کورد لە سۆشیال میدیا هەموار بکرێت، چونکە بێگومان پێویستە ژنی کورد لە سۆشیال میدیا دانەبڕێت و وەک سەرچاوەیەکی گەورەی پێگەیاندن و پێڕاگەیاندن و پێشکەوتن و گەیشتن بە مەعریفە بەکاریبهێنێت.
ژنانی دەستڕەنگین و خاوەن بڕوانامە و داهێنەر، رۆشنبیر و نووسەر بێنە نێو گۆڕەپانی سۆشیال میدیاوە، رێگە نەدەن بە ناوی ژنی کوردەوە، ژنی کورد و کۆمەڵگەی کوردی ناشیرین بکەن، کە ئەمە بۆتە یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم بەشداریی ژنان لەنێو سۆشیال میدیادا
-وەزارەتەکانی پەیوەست بە میدیا و سۆشیال میدیا وەک وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی رۆشنبیری، رێنوێنی تازە بۆ ئەم پرسە دەربکەن.
-وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، وەک بابەتێکی پەروەردەیی ئەم پرسە بخەنە نێو ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە و فێرکردنەوە، تا نەوەی نوێ بە دروستی، لە گرنگی و ئامانج و تێگەیشتن لە ستراتیژیەتی سۆشیال میدیا حاڵی بن و لێی تێبگەن .
- هەروەها رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەست بکەن بە کەمپەینی تایبەت بە پارێزگاریکردن و پاراستنی ژنی کورد لە سۆشیال میدیادا و راستەڕێکردنی میدیای ئەلیکترۆنی بە رێگە راستەکەی خۆیدا.
-ژنانی دەستڕەنگین و خاوەن ئەزموون، ژنانی خاوەن بڕوانامە و داهێنەر، رۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب، بێنە نێو گۆڕەپانی سۆشیال میدیاوە، رێگە نەدەن ژمارەیەک بە ناوی ژنی کوردەوە، ژنی کورد و کۆمەڵگەی کوردی ناشیرین بکەن، کە ئەمە بۆتە یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم بەشداریی ژنان بەشێوەیەکی کارا، لەنێو تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا.
-کەناڵەکانی راگەیاندن ئەرکی گەورە و رووبەرێکی زۆر و کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە، تا بتوانن پانتاییەکی گەورە و کاریگەر بۆ چاککردنی ئەم پرسە تەرخان بکەن .
- سایت و پەیجەکان و ئەکاونت و کۆی ئەپەکان رووبەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پرسە تەرخان بکەن و مرۆڤایەتی لە ئاستەنگ و تەنگەژەکانی سۆشیال میدیا دەرباز بکەن، بە تایبەت بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو ئێمە کە هێشتا ژن لە هەموو کایەکاندا قوربانییە، بە دواهەمین کایەی پڕ لە کاریگەریی سۆشیال میدیا و تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە.