54
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەمارگرژیی و جنێو بووە بە خەسڵەتی باوی پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ یەکتردا، بە شێوەیەک پەرەی سەندووە خەریکە بە تەواویی لە گرێژەنە دەردەچێت و مرۆڤە هەست ناسک و شەرم بەخۆکان بوون بە کەمینە، هیچیان بۆ نەماوەتەوە لە کەنارگیریی و خۆپارێزی بەولاوە، بەو حاڵەشەوە هەر تووش دەبن.
تۆ لە بازاڕی بێئەندازە قەرەباڵغی شاردایت و بە بێئاگایی شانت بەر شانی کەسێک دەكەوێت لە ئارامترین حاڵەتدا کە پۆزشت بۆ هێنایەوە بە زمانێکی زبر پێت دەڵێت: کابرا بۆ ئاگات لەخۆت نییە؟ یان بە گرژیی مۆڕەیەکی وات لێدەکات لە جنێوەکە خراپتربێت؟ خۆ ئەگەر لە شەقامەکانی شاردا یان لە رێگەوبانەکانی نێوان شار و گوندەکاندا ئۆتۆمبێل لێ بخوڕیت و کەمێک خاوبیت یان با بڵێین هەڵەیەکی بچووک بکەیت، یاخود لای خۆتەوە پابەندبیت بە یاسای هاتوچۆوە و دەرفەتت نەبوو رێگەی ئەوی تیژڕەو بدەیت سەرپێچیی بکات ئەوە بێشەرمانە هەزار جنێوت بە ئاشکرا و بە هۆرن بۆ دەنێرێت، بێ ئەوەی رێز لە خۆی و تەمەنی تۆش بگرێت، ئەمە بووە بە پرەنسیپێکی باو کە زۆرێک لە شۆفێران پیادەی دەکەن بێئەوەی جنێو پێدراو بناسن کێیە و چ کارەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا وەک مشک بەرانبەر بە کەسانی دەسەڵاتدار و پاسەوانەکانیان بە خوایشت رێگە بۆ تیژڕەویی و سەرپێچییەکانیان دەکەنەوە و ناوێرن فززە بکەن، کەچی لە ئاست هاووڵاتییەکی هاوشێوەی خۆیان شێری جنێودانن.
کارەکە هەربەمەوە ناوەستێت یاخوا رێت نەکەوێتە هەندێک فەرمانگە، هەر ئەوەندە بە نەرمییش داوات لە فەرمانبەرێک کرد تۆزێک واز لە تەلەفۆن کردنی دوور و درێژی بهێنێت و کاری ئەم بەڕێ بخات ناوچەوانیت لێ گرژ دەکات و ئەگەر بە زمانێکی زبری جنێو ئاسا پێتدا هەڵنەشاخێت و نەڵێت بڕۆ ئەوە هەر نەمکرد ئەوە تۆ بەختەوریت.
ئەگەر لە ماڵی خۆیشت دانیشی هەر لە جنێو بەدەر نابیت، لەم حاڵەتەدا تاماشای کەناڵە جۆراوجۆرەکانمان دەکەیت، زۆربەیان هەواڵی ناڕاست، چەلەحانێی بێسەمەر و لە یەکتر سووربوونەوە و جنێودانە، گیرفانت بەتاڵە و لە سەد لاوە نەدان و دواکەوتنی مووچە دەدرێت بە گوێ و چاوتدا و هەر کەناڵە لە ئاوازێک دەخوێنێت، کوڕم دەوێت خۆی بگرێت و جنێو نەدات. ئەوان بە درۆ سووکایەتی بە هەستی تۆ دەکەن کە لە جنێو خراپترە، تۆش لە داخی دڵت گڕ دەگریت و لە گەداوە تا پاشا بەر جنێوی دەدەیت و کەسیشتان لەم ژاوەژاوی خۆ شین و مۆرکردنەوەیەدا هیچ سوودێک نابینن، سوودمەندی سەرەکی تۆڕە مافیاکەیە، ئەختەبووت ئاسا هەزار پەلی لێبووەتەوە و دەستیان لە بینی خەڵکدایە و لە قاچ و قووچی خۆیان ناکەون.
نەخێر بە درێژایی چەندین سەعات سەرت بە دیار تۆڕی کۆمەڵایەتیی مۆبایلەکەتەوەیە، لە کۆمێنت و هەواڵی سووک و جنێو بەولاوە شتێکی لێ ناچنیتەوە، ئەمەش هەر دەتخاتە سەر باری جنێودان، رەنگە تۆش خۆت پێنەگیرێت بکەویتە نووسینی کۆمێنتە جنێو. لەم دۆخەدا بە زۆریی جنێودەر و جنێو پێدراو یەکترییش ناناسن، بەڵام مەسەلەکە بووە بە خوو و ئەوەی ئالوودەی بووە پێی تەرک ناکرێت.
نموونە زۆرن و کەمم باسکرد، تەنها پرسیارم ئەوەیە ئاخۆ ئەمە قوڕی رەش نییە تێی کەوتووین و دەروویەک شک دەبەن دەربازمان بکات؟!