وەرگرتنی بەڵگەنامەی پێکەوەنانی خێزان

10:39 - 2025-08-11
مەحمود شێرزاد
65 خوێندراوەتەوە

چاکسازیی ریشەیی لە کۆمەڵگەدا سەرەتا لە پەوەردەکردنی دایکەوە دەست پێدەکات و لە باوکدا کۆتایی پێدێت، یانی پرۆسەی پەروەردە نابێ راستەخۆ کار لەسەر منداڵ بکات

 

قسەیەک هەیە نازانم قسەی کێیە، دەڵێت: (مرۆڤەکان بە گەمژەیی لە دایک نابن، بەڵکو بە پەروەردە گەمژە دەکرێن). ئەم قسەیە، زۆر قسەی چاکە، لەبەرئەوەی بە زۆر بەڵگەی زانستی پشتڕاستدەکرێتەوە، بۆ نموونە هەر کەس لە دایکبووە و هاتووەتە سەر زەوی، لەدایکبوونی بەڵگەی ئەوەیە ئەو کەسە، تاکە کەسی بەهێز و تاکە بژاردەی کۆمەڵەیەکی دوو ملیۆن و نیوی سپێرمەکانە، یانی هەر یەکێک لە ئێمە کە هەین، بۆیە هەین، چونکە توانیومانە لە نزیکەی دوو ملیۆن و نیو سپێرمی تر بەرینەوە و خۆمان بە هێلکەدانی دایکمان بگەیەنین، کەواتە ناکرێ تاکە بژاردەی کۆمەڵێکی دوو ملیۆن و  نیوی، گەمژە و لاواز و بێ بەهرە بێت، ئەی بۆچی کۆمەڵگەی مرۆیی لە هەموو سەردەمەکاندا تەژیی لە کەسانی گەمژە و لاواز و توندوتیژ و بێ بەهرە بووە و پێدەچێت ئێستا لە هەموو سەردەمێک زیاتر هەبێت؟ راستییەکەی هۆکارە هەرەسەرەکییەکەی پەروەردەی خێزانییە، پاشان دامەزراوەکانی وەک قوتابخانە و کۆمەڵگە و سەرجەم دامەزراوە جیاجیاکان لەم پرسەدا بەشدارن، بەڵام لە هەموویان کاریگەرتر، دامەزراوەی خێزانە. کەسێک پەروەردەیەکی خێزانیی دروست و تۆکمە و پتەوی هەبێ، ئەستەمە دامەزراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی نەرێنی زەفەری پێبەرن.
دامەزراوەی خێزان لە کێ پێکهاتووە؟ دایک و باوک، دایکایەتی و باوکایەتی و پێکەوەنانی خێزان ئەرک و کارێکی زۆر زۆر لەوە هەستیارترە کە دەتوانین وێنای بکەین. بەندە خاکەڕایانە بیڵێم، بە تاقیکردنەوەی خۆم و بە موتاڵا و ئەو ئەزموونانەی لە نزیکەوە لە کۆمەڵگەدا بەریان کەوتووم، بۆم دەرکەوتووە، بەر لەهەر بوارێکی دیکە، تاکە بوار کە شایانی ئەوەیە کەسەکان لەپێناویدا بخوێنن و پەروەردەیەکی دروست و ورد بکرێن و بەڵگەنامەی خێزان دروستکردن و وەچەخستنەوەیان پێبدرێت، بواری بنەماڵە پێکەوەنان و وەچەخستنەوەیە، نەدەبوو هەموو کەس وا بە ئاسانی رێگەی پێبدرێ خێزان پێکەوە بنێت و نەدەبوو و نابێت هەموو کەسیش منداڵ بخاتەوە، بەڵام هەموو کەس بۆی هەیە وارسکە سێکسییەکەی تێر بکات، ئەمە پێویستی بە رێکخستنێکی یاسایی ورد هەیە.
چاکسازیی ریشەیی لە کۆمەڵگەدا سەرەتا لە پەروەردەکردنی دایکەوە دەستپێدەکات و لە باوکدا کۆتایی پێدێت، یانی پرۆسەی پەروەردە نابێ راستەخۆ  کار لەسەر منداڵ بکات، دەبێ کار لەسەر دایک و باوک بکات، بە بێ پەروەردەکردنی دایک و باوک و سیستمی خێزان، سیستم و دامەزراوەکانی دیکە، ئەگەری زۆرە لە پەروەردەکردنی منداڵدا شکست بخۆن و تا رادەیەکی زۆریش شکستیان خواردووە، چوونکە ئەگەر دایک، دایکایەتی و باوک، باوکایەتی خۆی بە دروستی راپەڕێنێت، منداڵەکان بە دروستی پەروەردە دەبن، یانی وەک زۆرجاری دیکە ئاماژەمان پێداوە، لە سیستمی پەروەردەی یۆگادا دەڵێت: (دایک و باوک پەروەردە بکەن، منداڵ لاسایی ئەوان دەکاتەوە و خۆکار پەروەردەیەکی باش وەردەگرێت).
کەواتە هۆکاری نەزانی و توندوتیژبوون، یان زانایی و ناتوندوتیژبوونی کەسەکان بە پلەی یەکەم خێزانە.   

وتارەکانی نوسەر