زیگمۆن باومان ( 1925- 2017)، فەیلەسوف و کۆمەڵناسی بەرەگەز جووی پۆڵەندی، دوای ئەوەی لە ساڵی 1968دا رەگەزنامەی پۆڵەندی لێسەندراوەتەوەو لە زێدی خۆی دوورخراوەتەوە، بە توندی هەستی بە جۆرێک لە نامۆبوون کردووەو گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی، کە کەسانی دوورخراوەو کۆچبەر، دەبنە خاوەن ناسنامەی دووڕەگ(شخصیة الهجین)، ئهمهش هۆكاربووه تا لە دووتوێی شیکارییەکانیدا، بە قوڵی کار لەسەر پرسی ناسنامە بكات و لەو چوارچێوەیەشدا کارتێکەر و ئاڵنگاری و مەترسییەکانی بە وردی شیکردۆتەوە. ئەو پێیوایە لەژێر کاریگەری بەجیهانیبوون و هەژموونی نوێگەریدا، ناسنامەی تاک لەژێر مەترسی و گۆڕانی بەردەوامدایە و سروشتی تۆکمەیی و جێگیریی و پارێزراوی لە دەستداوەو رووبەڕووی پرۆسەی توانەوە بۆتەوەو بارودۆخێك دروستبووە كە باومان ناوی لێناوە (ترسی رۆژانە)، کە بە بڕوای ئەو لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، ئەوپەڕی سەختە رەسەنایەتی تاك بەدیبهێنرێت، چونکە بە دیدی ئەو گۆڕانی ناسنامەی تاک هێندەی لەبەرکردن و داکەندنی کراسێک ئاسان بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا لە رابردوو(زمان، داب و نەریت، پێوەر، بەهاکان، ئایین، نەتەوە، چینە کۆمەڵایەتییەکان ) ناسنامەیەکی پتەو و نەگۆڕیان بۆ تاک بەدیدەهێنا، تەنانەت ئەم بارودۆخە کاریگەری لەسەر شێوە و روخساری كەسەكان و جۆری پیشە و ستایلی ژیانی تاکەکانیش دروستکردووەو تاك زۆر بە سانایی بڕیار لە گۆڕینی شێوەی ئەندامەكانی جەستەی دەدات، هەروەها مۆدێلی پیشەی هەمیشەیی بەسەرچووەو چیدیکە (پیشە)، ناسنامەی تاکەکان دیاری ناکات، لەسەردەمی (مۆدێرنەی شلدا) تاک خاوەنی دڵنیایی و ئاسایشی ئابووری خۆی نییە و دەکرێت لەهەرکاتێکدا بێت، پیشەکەی لەدەست بدات.
باومان پێی وایە له كۆمهڵگهی پۆست مۆدێرنهدا (میتافۆره رهقبووهكان) به تهواوی دهتوێنهوەو ئهركی دهوڵهت و دامەزراوەکان ون دهبێت، بەجۆرێک کە كۆمپانیاكان و بازاڕی ئازاد و نیولیبڕالیزم، شوێنی دەوڵەت دهگرنەوەو شوێن پێی و کاریگەریی دامودهزگا تۆکمەکانی مۆدێرنه وەک پەروەردە کەم دهبێتهوه. باومان، توانیوێتی پێشبینی ستایلێکی نوێی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی ئێستا و ئایندە بكات. بەجۆرێک بەئاشکرا لە کتێبی (مۆدێرنەی شل) دا ئاماژە بەوە دەکات، کە لە سەردەمی پۆست مۆدێرنەدا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تۆکمە و بەهێزەکان، بۆ پەیوەندییەکی سادە و لاواز و لەرزۆک دەگۆڕێن و تاکگەرایی و مادەگەرایی و دیاردەی بەکاربەری، دەبنە سروشت و سیمای زاڵی تاکەکانی کۆمەڵگە و پەیوەندییەکان بەزوویی دروست دەبن و بە ئاسانی هەڵدەوەشێنەوە، تاکەکان پابەندی ئەرک و بەرپرسیارێتی دوورمەودا نابن.
باومان پێیوایە، لەژێر کاریگەری بەجیهانیبوون و هەژموونی نوێگەریدا، ناسنامەى تاک لەژێر مەترسی و گۆڕانی بەردەوامدایە
باومان، بەڕوونی تێبینی ئەوەی كردووە، كە داخورانێكی قوڵ لەننێو سیستەم و دامودەزگاكاندا بوونی هەیە، بەجۆرێک دەزگا و دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک(خێزان، قوتابخانە، زانکۆ)، رۆڵ و کاریگەرییان لە نێو پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییدا لاواز بووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر لە سەردەمی مۆدێرنەی رەقدا، لە رێگەی گرنگیدان بە زمان و کهلتور و بەها و داب و نەریتەکانەوە، ئەو دەزگایانە کاریگەریی هەستپێکراویان لە چەسپاندنی شوناسی چەسپاوی تاکدا هەبووە، بەڵام مۆدێرنەی شل، شوناسی شل و بێفەرهەنگ و ناچەسپاو بەرهەم دێنێت، کە تیایدا تاک پێبەستبوونی بۆ پیرۆزیی و نۆرم و پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و کەلتورییەکان نامێنێت و لە دۆخێکدا خۆی دەبینێتەوە کە باومان بە (قەیرانی هاووڵاتیبوون) ناوی دەبات، ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە سەردەمی پۆست مۆدێرنەدا، تاکەکانی کۆمەڵگە بەپێی حەز و ئارەزووی خۆیان شوناسی خۆیان دیارییدەکەن و ملکەچی ناسنامەیەکی دیارییکراوی چەسپاو نابن.
چوار ستراتیژی
لەسەر بنەمای ئەم دەربڕینە بۆ ژیانی سەردەمی پۆست مۆدێرنە، باومان چوار ستراتیژی دیاری کردووە، کە بریتین لەمانە:
یەکەم: ستراتیژیی گەڕۆک( Stroller)، بریتییە لە تاکێکی بەکاربەر، کە تەنها سەرنجی لەسەر بازاڕکردنە.
دووەم: ستراتیژیی دەربەدەر( Vagabond)، لە سەردەمی پۆست مۆدێرنەدا، تاک هاوشێوەی کەسێکی دەربەدەر و بێماڵ و جێگە، رەفتار دەکات و هەمیشە ناجێگیرە و نامۆیە.
سێیەم: ستراتیژیی گەشتیار، لە کۆمەڵگەی پۆست مۆدێرنەدا، تاک بۆ بونیادنانی شوناسێکی دیاریکراو هەوڵ نادات، بەڵکو هاوشێوەی کەسێکی گەشتیار بەدوای ئەزموون و شارەزاییەکی نوێدا دەگەڕێت.
چوارەم: ستراتیژیی یاریزان، لە کۆمەڵگەی پۆست مۆدێرنەدا، تاک وەک یاری لە ژیان دەڕوانێت و هاوشێوەی یاریزانێک مامەڵە دەکات و هەمیشە لە خەمی بردنەوەدایە، بەڵام مەرج نییە براوەیی یاخود دۆڕاوی، ببێتە تایبەتمەندی کەسەکە. هەربۆیە دەکرێت کەسی یاریزان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەسەر جۆرە یارییەک بەردەوام بێت و دواتر بیگۆرێت.
ناسنامهی کهلتوری و کۆمەڵایەتی کوردی
لەبەر رۆشنایی تیۆرهكهی (باومان) و بەسەرنجدانێکی گشتی بۆ کاریگەری و شوێنەوارەکانی مۆدێرنە و شهپۆلی ئهو گۆڕانكاریانەی کە لە چوارچێوەی بەجیهانیبووندا کۆمەڵگەی کوردی گرتۆتەوە، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ناسنامهی کهلتوری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کورد، رەسەنایەتی خۆی لەدەستداوە، چونکە دامەزراوە رهق و تۆکمەکانی وهك خێزان و خوێندنگە و زانکۆ و سیستەمە كۆمهڵاییهتییەکان، بە ئاڕاستەی توانهوهی سیستەمه رهقبووهكان ههنگاویانناوە و چیدیكه ئهو رۆڵهی جارانیان له پڕۆسهی پێگهیاندنی كۆمهڵایهتییدا نهماوه.
*مامۆستای زانكۆ
زیگمۆن باومان