ململانێ سیاسییەکان و جێکەوتە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانی لای تاکی کورد

11:08 - 2025-07-14
پ. ی. د. شۆخان مەحمود حسێن
70 خوێندراوەتەوە


جیاوازی چینایەتی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی و ململانێی سیاسیین، کە بەهۆیەوە کۆمەڵگەی کوردی بۆ دوو چینی ناهاوسەنگ دابەشبووە

ململانێی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عیراق لەسەر جیاوگی دارایی و پێداگریی حکومەتی هەرێم لەسەر ئابووری نیمچە سەربەخۆ، دۆخی ئابووری كۆمەڵگەی كوردییان بە ئاڕاستەی داڕمان بردووە و بەو هۆیەشەوە بونیادی کۆمەڵایەتی و سەرجەم سیستەمەکانی کۆمەڵگە تووشی لێکترازان و شکست بوون، کەرتی پەروەردە و پێگەیاندن یەکێکە لەو کەرتانەی لە مەترسیدان، لە دە ساڵی رابردوودا، بەردەوام مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێم رووبەڕووی مووچەبڕین و پاشەکەوت و دواکەوتنی مووچەکانیان بوونەتەوە، ئەمەش وایكردووە ناوەناوە بایكۆتی پرۆسەی خوێندن بكرێت، كە لەچەند روویەكەوە زیانی بە پرۆسەی خوێندن گەیاندووە. لەلایەكەوە خوێندکار ماوەیەكی زۆری كاتی خوێندنیان بەفیرۆ رۆشتووە و قەرەبووش ناكرێنەوە، لەلایەكی دیكەشەوە بەشێك لە مامۆستایان بەناچاریی و بە مەبەستی بەدەستهێنانی بژێوی ژیان، پەنایان بۆ كارێكی دیكە بردووە، كە تەواو لەگەڵ پێگە و پسپۆڕییەكەیان دوور بووە، ئەمەش وایكردووە مامۆستایان لە ژینگەی پەروەردەیی و زانستییەوە دووربكەونەوە و نەتوانن خوێندكار لەسەر بنەمای خۆشەویستی و وەفاداری بۆ خاك و نیشتمان پێبگەیەنن.
 هاوکات ئەم واقعە ئابوورییەی هەرێمی كوردستان، درزێكی گەورەی لە دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكاندا دروستكردووە، بەجۆرێك بەهۆی نەبوونی و دابین نەكردنی بژێوی ژیانیانەوە، رێژەیەكی بەرچاو لە هاوسەرەكان لەیەكتری جیا دەبنەوە و هەندێكی دیكەشیان بەهۆی بێكاری و هەژارییەوە، بە ناچاری نیشتمانی خۆیان بەجێدەهێڵن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەنابردن بۆ تاوانەكانی وەك (كوشتن، دزیكردن، توندوتیژیی ) رۆژ لە دوای رۆژ، زیاتر بووە و مەترسی لەسەر بنەماکانی سەقامگیریی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست کردووە.  
سەرەڕای هەموو ئەمانەش، نامۆبوونی ئابووریی لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا زیادی كردووە، كەم كەس هەیە لە هەرێمی كوردستان كارەكەی خۆی خۆش بووێت و لێی رازی بێت و بەدڵسۆزییەوە، خۆی بۆ تەرخان بكات، بەتایبەتی لە كەرتی گشتییدا، بەجۆرێك بەئاسانی كاریان لەبەر ناڕوات، لەكاتی كاردا خۆیان دەخافڵێنن، یان خۆیان لە كار دەدزنەوە و بەدڵسۆزییەوە كارەكانیان ناكەن و بەڕووی خۆشەوە وەڵامی ئەو هاووڵاتیانە نادەنەوە، كە رێیان دەكەوێتە لایان، جا لە هەر كار و پیشە و پسۆرییەكدا بێت. 
سەرەڕای ئەوانەی كەلەسەرەوە باسكران بەهۆی بەردەوامی ململانێكانەوە، سەرجەم پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیانیش لەبەردەم مەترسیدایە، بەوهۆیەوە بەشێک لە تاكی كورد رووبەرووی نائومێدی و بێبەشبوون و شكست(احباط) بۆتەوە و توانای سەلماندن و ئەفراندنی خودیان لەدەستداوە. هەروەك دەروونزانی ئەمریكی (ئەبراهام ماسلۆ) پێداویستییەكانی مرۆڤی لە شێوەی هەرەمێكدا بەپێی گرنگییان بۆ پێنج پێداویستی دابەشكردووە، بەجۆرێك بنكەی هەرەمەكە بۆ  پێداویستییە فسیۆلۆجییەكان ( ئاو، هەوا، خۆراك) تەرخان كردووە، پاشان دابینكردنی ئاسایش و ئارامی، دووەم پێداویستی پێكدەهێنێت و دوای ئەویش پێداویستی خۆشەویستی و رێزگرتن و لە كۆتایشدا لە لووتكەی هەرەمەكەدا، سەلماندن یان بەدیهێنانی خود( تحقیق الذات)ە، كە خۆی لە قۆناغی داهێنان و ئەفراندن و دروستی دەروونی دەبینێتەوە، بەڵام لە كۆمەڵگەی كوردییدا لەژێر كاریگەریی ململانێ‌ و ناسەقامگیریی ئابووریی و سیاسییدا، رێژەیەكی زۆر لە تاكەكان، توانای دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان نییە، جگە لەوەش بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری ناوچەكەشەوە، ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵگە پارێزراو نییە و تاكەكان لە ژیان و ئایندەی خۆیان دڵنیا نین، لە بارودۆخێكی لەوشێوەیەدا، مرۆڤ تەنها لەخەمی پەیداكردنی بژێوی و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان  و ئاسایش و سەقامگیریدا دەبێت و ئیتر مەسەلەی ئاكاری جوان و زانست و داهێنان و رۆشنبیری و رێزگرتن و خۆشەویستی و سەلماندنی خود  لە دەروونی تاكدا، گرنگییەكی نامێنێت و دەكەوێتە بارێكی دەروونی نائاساییەوە.
سەرەڕای ئەوەش تاكی كورد بەهۆی ئەوەی هەر لە رابردووەوە تاکو ئێستا، هەمیشە لە ناسەقامگیری و قەیراندا ژیاوە و رووبەڕووی شکست بۆتەوە، ئەمە وایکردووە تاکێکی ترساو بێت و هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا بژین.
 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا جیاوازی چینایەتی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی و ململانێی سیاسیین، کە بەهۆیەوە کۆمەڵگەی کوردی بۆ دوو چینی ناهاوسەنگ دابەشکردووە، بەجۆرێک کەمینەیەکی دەوڵەمەندی دەسەڵاتداری ئۆلیگارشی چینی یەکەم پێکدەهێنن، لەبەرامبەردا زۆرینەی هاووڵاتیان، کە خۆی لە مووچەخۆران و کاسبکاری ئاساییدا دەبینێتەوە و تاڕادەیەک لە هەژارییەوە نزیکن و قوربانی سەرەکیی ململانێکانن، تاڕادەیەك خۆیان بە كەم و بەشخوراو و بێدەسەڵات دەزانن لەبەرامبەر چینی یەکەمدا، ئەمەش لەکاتێکدایە (چینی ناوەند) کە چینی زیندووی کۆمەڵگەیە، بە ئاڕاستەی پوکانەوە و نەمان هەنگاوی ناوە و سەنگ و قورسایی خۆی لەدەستداوە.
   هەموو ئەمانەش دەمانگەیەننە ئەو بڕوایەی كە ململانێ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق، بە درێژایی نیو سەدەی رابردوو، بەشێوەی بازنەیەكی خولاوە، كاریگەریی نەرێنییان لەسەر تەندروستیی دەروونی تاكەكان درووستكردووە و نەوە لەدوای نەوە، بۆ تاكی كورد گوازراوەتەوە و بەوهۆیەوە چەندین سیمای نەرێنی بۆ كەسێتی كورد دروستكردووە .
*مامۆستای زانکۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر