رۆژی 8/5/2025 محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیادا كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندییە دوو قۆڵیەكانی هەردوو وڵات و چۆنێتی جێبەجێكرنی رێككەوتنامەكانی نیسانی 2024 كرا.
سودانی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەوەكردەوە كە هەموو بڕیارەكانی چوارچێوەی ستراتیجی هاریكاری هاوبەشی نێوان عیراق و توركیا جێبەجێ بكرێت، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی تواناكانی هەردوو وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەكان .
سودانی هەماهەنگییەكانی هەردوولای بەرزنرخاند بۆ بونیاتنانی كاری هاوبەش و میكانیزمی ئاسایشی ئاست بەرز و دیالۆگی راشكاو و روون، بەتایبەتی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بازرگانی بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەرەوە .
پڕۆژەی رێگای گەشە
لە كۆبوونەوەكەدا سودانی و ئەردۆغان باسی پڕۆژەی رێگای گەشەو كاریگەریی لەسەر تەواوكاریی ئابووری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و بەرزكردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عیراق و توركیا و رەخساندنی هەلی فراوان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و رۆشنبیری كرد، ئەم رێگەیە بە ناو هەرێمی كوردستاندا ناڕوات، من ئەوە بە لایەنی لاوازی و نیاز خراپی هەردوو وڵات بەرامبەر بە كورد دەزانم .
سودانی و ئەردۆغان، زۆر بابەتی تریان باس كردووە، هەر لە شەڕی غەززەو دۆخی سوریا تا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆڕی نەوتی عیراق و توركیا و لە هەمووشی گرنگتر پێشوازی و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و چەك داماڵینی پارتی كرێكارانی كوردستان، بە نیو دێڕیش باسی گرنگترین دۆسیە كراوە كە ئەویش دۆسێیەی ئاوە بۆ عیراق، لیژنەكانی تایبەت بەو دۆسێیە راسپێردراون میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵات .
دۆسییەی ئاو لە نێوان توركیا و عیراق، هەستیارترین و گرنگترین دۆسییەی ئەمساڵە، عیراق لە باكوورەوە تا باشوور بەرەو سەختترین هاوین دەڕوات بە هۆی وشكە ساڵییەوە، كەچی لەم رێككەوتن و یاداشتانەدا بە نیو دێڕ باسی ئەو دۆسێیە كراوە
(10) یاداشتی لێكتێگەیشتن ئیمزاكرا
لەم دیدارەدا 10 یاداشت ئیمزا كرا لە نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی :-
1.هاریكاری لە بواری پیشەسازی بەرگری و ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی.
2.هاریكاری گەڕانەوەی دڵخوازانەی هاووڵاتیانی عیراق لە توركیاوە .
3. بواری دادوەری.
4.بەگژداچوونەوەی باندی ماددە هۆشبەرەكان.
5.پرۆتۆكۆلی كردنەوەی لقی زانكۆكانی توركیا لە بەغداو بەسرا.
6.هاریكاری لــــــــــــــــــە بواری
كارەساتی كتوپڕ.
7. پەیوەندییە گشتی و دیجیتاڵییەكان.
8. هاریكاری و مەشق و راهێنان بۆ كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ .
بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، لایەنی براوە و سوودمەند لەهەموو ئەم یاداشتانە دەوڵەتی توركیایە، هاوسەنگی لەم پەیوەندییانەدا نییە بە جۆرێك دۆسییەی ئاو كە هەستیارترین دۆسییەی ئەمساڵە و عیراق لە باكوورەوە تا باشوور بەرەو سەختترین هاوین دەڕوات بە هۆی وشكە ساڵییەوە، ئاوی بەنداوەكان تا ئاستێكی سامناك دابەزیووە، ئاوی ژێر زەوی لەوان زیاتر، كەچی لەم هەموو رێككەوتن و یاداشتانەدا بە نیو دێڕ باسی ئاو كراوە، دەوڵەتی توركیا بەهۆی بنیاتنانی هەزاران بەنداوەوە، پشكی عیراق لە ئاو بەرناداتاوە بە گوێرەی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، لەلایەكی ترەوە سەرۆكی توركیا كە باسی پێكهاتەی توركمان دەكات، دەڵێت جالیەی توركمانی بێ ئەوەی بەڕێز سودانی هیچ كۆمێنتێكی هەبێت .
ناڕەزایی لەسەر سەردانەكە
سەردانەكەی سودانی و رێككەوتنامەكانی لەگەڵ توركیا، كاردانەوەی توند و ناڕەزایی بە دوای خۆیدا هێناوە و نوری مالیكی سەرۆكی قەوارەی دەوڵەتی یاسا لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، كە سودانی نوێنەری ئەوانە، دەڵێ: ئەم یاداشتانەی سودانی ئیمزای كردووە، دەستی توركیا زیاتر واڵا دەكات لەناو خاكی عیراقدا.