گه‌نجان وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی، رۆڵی گرنگ و به‌هێزیان له بونیاتنانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه، زۆرجار چالاكبوونی كۆمه‌ڵگه به‌ند كراوه به زۆری رێژه‌ی گه‌نجان له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌گوێره‌ی دوایین سه‌رژمێری عیراق و دیاریكردنی ناوه‌ندی ته‌مه‌ن، هه‌رێمی كوردستان به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌نج داده‌ندرێت و رێژه‌ی گه‌نجی تێدا به‌رزه، به‌ڵام چه‌ند هۆكارێك هه‌ن وای كردووه نه‌تواندرێت وه‌ك پێویست سوود له وزه و توانای ئه‌و توێژه گرنگه وه‌ربگیرێت.
یه‌كێك له‌و هۆكارانه بێكاریی گه‌نجانه، یان نه‌بوونی پلانێكی ستراتیژییه بۆ سوود وه‌رگرتن له‌تواناكانیان، چونكه له‌ئه‌نجامی دروستكردنی ئه‌و ژماره زۆره له پڕۆژه و كاری وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌رفه‌تی كاری زۆر ره‌خساندووه، كه‌چی به‌هۆی نه‌بوونی مه‌رج و رێنمایی پێویستی لایه‌نی په‌یوه‌ندار، بۆ خاوه‌نكار و پڕۆژه‌كان، نه‌تواندراوه رێژه‌ی هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی ناوخۆ به‌رز بكه‌نه‌وه و سنوورێك بۆ كرێكار و كارمه‌ندی بیانی دابنێن.
نه‌بوونی دامه‌زراندن له كه‌رتی گشتی، هۆكارێكی دیكه‌ی بێكاریی گه‌نجانه، به‌گوێره‌ی داتاكانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ساڵانه نزیكه‌ی بیست هه‌زار خوێندكار زانكۆ و په‌یمانگه ته‌واو ده‌كه‌ن، جگه له رێژه‌یه‌كی زۆر دیاریكراو، ئه‌وانی تر وه‌ك كه‌سێكی بێكار ده‌مێننه‌وه و دانامه‌زرێن، كه ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێم پلانێكی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌ماوه‌ی رابردوو رێژه‌یه‌كی زۆر له فه‌رمانبه‌ران به‌یه‌كه‌وه خانه‌نشین كران، ده‌كرا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنه‌كانیان له‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی راژه، هاوشێوه‌ی به‌غدا پلانی دامه‌زراندنی گه‌نجان و ده‌رچوانی زانكۆ رابگه‌یه‌نن.
هه‌روه‌ها نه‌بوونی یاسایه‌كی سه‌رده‌می و تایبه‌ت به‌كار له‌هه‌رێمی كوردستان، هۆكارێكی دیكه‌یه له‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری به‌رزبێته‌وه، له وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا پلانی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار داده‌نێن، كه‌چی له هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا كار به یاسای ژماره 71ی ساڵی 1987ی عیراقی و یاسای ژماره 39ی ساڵی1971ی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كرێكاران ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه یه‌ك ناگرێته‌وه.
چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و هۆكارانه و مانه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان كه به 16 % ده‌خه‌ملێندرێت، جگه له‌وه‌ی له‌رووی ئابوورییه‌وه زیان به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت و هێز و بازوویان به فیڕۆده‌چێت، له‌هه‌مانكاتیشدا گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زیاد ده‌كات و رێژه‌ی كۆچ بۆ هانده‌ران به‌رز ده‌كاته‌وه.
بۆیه له‌گه‌ڵ گه‌یاندنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان به هاووڵاتیان و چاككردنی گرفتی ئاو و كاره‌با، ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار له‌كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت، هه‌نگاوێك ده‌بێت به ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌ی ئابووری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی كوردستان، به‌پێچه‌وانه‌وه له چه‌ند ساڵی داهاتوو هه‌رێم به‌رگه‌ی ئه‌و رێژه زۆره له‌ده‌رچوانی زانكۆ و گه‌نجانی بێكار ناگرێت و لێكه‌وته‌كانی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت.