خەلیل عەبدوڵڵا
لە سایەی عیزەتی نەفسم لە پـاشا مەرحـەبـا نـاکــــەم
لە ئەربابی کەرەم دوورم بـە کـەس خـۆم ئاشنا نـاکـــەم
کراسی چەرمی خۆم ئەدڕم سواڵی سەر کەوا نـاکـــەم
ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم قەهرم بە با ناکـــەم
قانع
قانع شاعیرێكی ناوداری كوردستانە و لەرێی شیعرەكانیەوە خزمەتێكی زۆری بە كاروانی ئەدەبیو رۆشنبیری كوردی كردووە.
شێح محەمەد كوڕی شێخ عەبدولقادر كوڕی شێخ سەعیدی دۆڵاشی، ناوی تەواوی ئەم شاعیرەیە و قانع نازناوی شاعیرێتی بووە.
لە 15ی ئەیلولی 1898 لە گوندی (ریشێن)ی بناری شارەزوور لەدایك بووەو لە نەوەی محەمەد كابولی مەریوانن.
قانع ژیانێكی پڕ لە ناخۆشیو چەرمەسەری كولەمەرگی ژیاوە و بەمەبەستی كارو كاسبو خوێندن زۆربەی شارەكانی باشورو خۆرهەلاتی كوردستان گەڕاوە.
قانع هەر لە سەردەمی ژیانی لاوێتیەوە خولیای شیعر بووەو سەرەتا بەشیعری ئاینی دەستی پێكردووەو دواتر زیاتر بایەخی بەشیعری نیشتمانیو شۆڕشگێڕی داوەو لەسەرەتای چلەكانی سەدەی رابردوەوە كەوتۆتە ژێر كاریگەری فكرو رێبازی سۆسیالیستیو بەروونی خەمە چینایەتیەكان لە شیعرەكانیدا رەنگی داوەتەوەو لایەنگری هەژارانو جوتیارانو رەنجدەران بووەو هەر بۆیەش بەشاعیری چەوساوەكانی كوردستان ناسراوە.
با ههموو جوتیار و پاڵهو ڕەنجبهران
یهکگرن تا دەبنه هێز و پشتیوان
ههڵگرن یهکسهر دروشمی هاوبهشی
بێ جیاوازی لهسهر ڕەمز و نیشان
لە لایەكی ترەوە قانع لە شیعرەكانیدا داكۆكی لە مافەكانی ژنان كردووەو داوای كردووە بەچاوێكی یەكسان سەیریان بكرێت.
مامۆستا قانع بۆ بژێوی ژیانی چەند كارو پیشەیەكی كردووە لەوانە مامۆستاییو كرێكاریو مەلاییو جوتیاریو ئاشەوانیو فەرمانبەرێتی.
قانع شاعیرێكی ئازاو بەهەڵوێست بووەو بەهۆی ئەوەوە چەند جارێك زیندانی كراوەو هەر لە زیندان جوانترین شیعری بەرگری نووسیوەو كونجی زیندانی بەقوتابخانەی تێكۆشان وەسف كردووە.
بووكى ئازادیم ئەوێ خوێنم خهنهس بۆ دهست و پێ
حهلقه حهلقهى پێوهنم بۆ پڵپڵهو لهرزانهیه
گهرچى دوژمن وا ئهزانیت من به دیلى لاڵ ئهبم
باش بزانێ كونجی زیندانم قوتابیخانهیه
خاوەنی چەند بەرهەمو دیوانێكی شیعرییەو لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوو بەهاوكاری عەلادین سەجادیو شوكر مستەفا پێنج دیوانی چاپكراون كە ئەمانەن (گوڵاڵەی مەریوان، باخچەی كوردستان، چوارباخی پێنجوێن، شاخی هەورامان، دەشتی گەرمیان).
لەدوای كۆچی دواییشی كۆی شیعرەكانی لە دووتوێی دیوانێكدا چەند جارێك چاپو بڵاو كراوەتەوە.
ڕۆڵە! من تاوێ مەلاو لەحزەیێ دێوانە بووم،
تاوێ سۆفی خانەقاو گەه لە ناو مەیخانە بووم،
تاوێ هاوڕێی کۆمەڵ و تاوێ تەواو بێگانە بووم،
تاوێ وەک ڕەندی قەلەندەر، جار بەجار شێخانە بوم.
ئەم شاعیرە پایەبەرزەی كورد لەرۆژی 7ی ئایاری 1965 كۆچی دوایی كردو لە گوندی «لەنگە دێی» ناوچەی شلێری پێنجوین بەخاک سپێردراو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی قانعی شاعیری چەوساوەكان.